Heman Hussein Yaseen Yaseen
07 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2019
هەولێر - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە تورکمانەکان داوا دەکەن کە رەچاوی پێکهاتەکان لە پۆستەکانی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێکهاتەی تورکمان رۆڵێکی باڵایان هەبووە بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسیی لە کوردستاندا هەبێت و لە هەمانکاتدا داواکارین کە بەشداربیبن لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
لەبارەی پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە لە لایەن تورکمانەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت، ئایدن مەعروف گوتی: "راستە ئەم پۆستە بە تورکمان دراوە، بەڵام دەبێت لە دەرەوەی ئەم پۆستە و لەناو حکوومەتیش پۆست بە تورکمانەکان بدرێت و ئەگەر هاتوو ئەمە نەکرا ئەوا کەموکوڕی دەبێت و رەنگە تورکمانەکان بۆچوونی جیاوازیان هەبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا هیچ گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان ئەوان و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن نەکراوە، بەڵام پێیان گوتراوە کە لەگەڵ دەستپێکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو سەردانی پێکهاتەکان دەکات و ئەوکاتیش داواکارییەکەیان دەخەنە بەر باس و گفتوگۆ.
لەبارەی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێتەوە، ئایدن مەعروف گوتی: "وەکو فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەگەڵ ئەوەداین سەقامگیری لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت بە تایبەت دوای رێککەوتنەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەکە وەزیفەی پەرلەمانتارییە و بەشداری پڕۆسەکە دەکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە بەشداریپێکردنی تورکمانەکانە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە هەبوونی وشەی جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی و بەبێ ئاماژە پێکردن بە ژمارەی جێگرەکان کە تیاییدا جیاوازی بۆچوونی خستووەتە نێوان پارتی و یەکێتی، ئایدن مەعروف گوتی: "دەزانین کە سەرۆکایەتیی هەرێم دامەزراوەیەکی زۆر گرنگە و پێویست دەکات دەسەڵاتەکانی فراوان بن و پێشووتر لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەک جێگر دیاریکرابوو، دواتر دەستکاری کراوە و پێشنیازکراوە کە سەرۆکی هەرێم جێگری هەبێت و ژمارە دەستنیشان نەکرێت و ئەم پێشنیازەش بەیانی دەخرێتە دەنگدانەوە".
ناوبراو گوتیشی: "هەرکەس ئازادە لە بۆچوون، بەڵام ئەم پێشنیازە لە بەرژەوەندی هەموواندایە".
بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەموارکردنەوە و ئامادەکاریەکان کۆبێتەوە بۆ ئەوەی بەیانی بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە بابەتی جێگری سەرۆکی هەرێم، ژمارەی جێگرەکان دیارینەکراو و ئەمەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی خسستووەتە دوودڵییەوە و کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر سێ دواخرا.