Hemin Hüseyin
14 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2018
هەولێر - AA
جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی لە عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا کرا و نوێنەراییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئامادەکاری نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی لە عێراق، ئەلیس ولبوول ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ تیمەکانی کۆمیسیۆن کۆبوونەتەوە و تەواوی ئامادەکارییەکانیان بینیووە و کۆمیسیۆن ژمارەیەک داواکاریی خستووەتە بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەوانیش بەپێی توانا داواکارییەکان جێبەجێ دەکەن.
لە کۆنگرەکە رۆژنامەوانییەکەدا ئەلیس ولبوول گوتی: "ئێمە ناتوانین راستەوخۆ چاودێری ھەڵبژاردنەکان بکەین بەڵام ھاوکاری کۆمیسیۆن دەکەین و، بە شێوەی ناڕاستەوخۆش چاودێری ھەڵبژاردنەکان دەکەین، داواکارین رێکخراوەکان و دەزگا میدیاییەکان چاودێری کارەکانی کۆمیسیۆن و پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، هەندرێن محەمەد گوتی: "ئامادەکارییەکان بەردەوامن، تۆماری دەنگدەران لە کاتی نوێبوونەوەدایە و، ئێستاش فەرمانبەرانی سەر سندوقەکان دادەمەزرێن و ئامادەکاری لۆجستی بەردەوامە و لە قۆناغای کۆتاییدایە".
ھەندرێن محەمەد گوتیشی: "ئێستا لە قۆناغی وردبینی دۆسیەی کاندیدەکانین کە سەدا ٩٠ی تەواو بووە، بەڵام پێویستە ھیچ کاندیدێک بانگەشە نەکات تا کاتی دیاریکراوی خۆی".
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، کە بڕیارە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، تیاییدا ٢٩ ھاوپەیمانییەتی و قەوارە خۆیان تۆمارکردووە و کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ١١١ کورسی پەرلەمانی دەکەن و لە ھەرێمی کوردستانیش ٣ ملیۆن و ٨٨ ھەزار و ٦٤٢ کەس مافی بەشداریکردنییان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.