عێراق

بارزانی و عەللاوی پاڵپشتی خۆیان بۆ حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی راگەیاند

- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق، دكتۆر ئەیاد عەللاوی و كۆبوونەوە.

Sarmand Hameed  | 07.10.2019 - نوێکردنەوە : 08.10.2019
بارزانی و عەللاوی پاڵپشتی خۆیان بۆ حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی راگەیاند

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق، دكتۆر ئەیاد عەللاوی و كۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە کە تیایدا بارزانی و عەللاوی پاڵپشتی خۆیان بۆ حكوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە، هاوکات داوایان کردووە کە هەوڵی تەواو بدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و كۆنتڕۆڵی بارودۆخ و سزادانی گەندەڵكاران و هەروەها ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و ئەیاد عەللاوییە

رۆژی دووشەممە 7ـی 10ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێز دكتۆر ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراق كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بە دوورودرێژی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتە هەنووكەییەكان و رووداو و گرژییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و چەند پارێزگای تری عێراق تاوتوێ كرا و لەسەر ئەم خاڵانە ڕێككەوتن:

یەكەم: جگە لە ڕێگەی دەستووری و بەپێی پڕۆسە و میكانیزمە دیموكراتییەكان نابێ هیچ ڕێگەیەكی تر بۆ گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسی هەبێت و، هەر جۆرە گۆڕانێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوانە قبولكراو نییە.

دووەم: پاڵپشتیی تەواوی حكوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێز دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەكەین و داوایش دەكەین هەوڵی تەواو بدات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و كۆنتڕۆڵی بارودۆخ و سزادانی گەندەڵكاران و هەروەها ئەوانەی بوونەتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵكی بێ تاوان.

سێیەم: داوا دەكەین پارێزگاری لە سەلامەتی و كەرامەتی گەلی عێراق و هاووڵاتییان بكرێت لە هەموو پێكهاتە و چین وتوێژەكان و، لە هەموو بوارە پێویستەكاندا هەماهەنگیی تەواو لەنێوانماندا دەبێت.

چوارەم: سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو رووداوانە و زوڵملێكراوان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین و داوایش لە حكوومەتی عێراقی دەكەین بایەخی تەواو بە قوربانی و برینداران و قەرەبوكردنەوەیان بدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن