عێراق

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: "لە رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٢/٢٦ەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان (حکوومی و تایبەت) پشووی فەرمی دەست پێ دەکات".

Heman Hussein Yaseen  | 25.02.2020 - نوێکردنەوە : 26.02.2020
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێویست بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و پارێزگارەکانی ھەرێم و سەرپەرشتیاری ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، کۆبوونەوەی ئاسایی ھەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پلان و ھەنگاو و رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە.

وەزیری تەندروستی، سامان بەرزنجی راپۆرتێکی دەربارەی دوایین زانیاریی و پێشھاتەکانی ڤایرۆسەکە و کێشە و پێشنیازەکانی چارەسەریی پێشکەشکردووە و تیایدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەداوە کە سەلامەتی و پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووە "لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٦ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانە و باخچە و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکانی ھەرێمی کوردستان تا رۆژی ٢٠٢٠/٣/١٠ بکرێتە پشوو".

سەبارەت بە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتەکانیش هاتووە "لە رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/٢٩ تا ٢٠٢٠/٣/١٠ پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە ١١ تا ٢٣ /٣/ ٢٠٢٠ پشووی ساڵانەی بەھار دەبێت و لە رۆژی ٢٠٢٠/٣/٢٤ پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەکاتەوە".

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها هاتووە "بڕیاردرا گەشتی ناپێویست لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، یان ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی دیکەی عێراق دێنە ھەرێم بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سنووردار بکرێت و، پشکنینی پێویستیش بۆ ھەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە دێنە ناو سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان".

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش دووپاتکراوەتەوە کە بە ھیچ شێوەیەک رێگا بە قۆرخکردن و گرانکردنی شتومەک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان نادرێت و رێوشوێنی یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر. چاوپۆشیش لە پشکنینی پزیشکی ئەوانەش ناکرێت کە دێنە ناو ھەرێمی کوردستانەوە، حکوومەتی ھەرێم دڵنیایی دەدات کە گشت پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان دابیندەکات و جموجۆڵی بازرگانی بەردەوام دەبێت بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیش دووپاتکراوەتەوە کە ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە ھاووڵاتییان دەکات کە ھاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێنماییەکانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بن و رێنماییەکانی خۆپارێزییش لەبەرچاوبگرن و جێبەجێی بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن