Heman Hussein Yaseen
07 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی ئەو پیاوەی راگەیاند کە دوێنێ هەینی لە شاری هەولێر کچەکەی خۆی کۆشت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆگر عەزیز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "دوای ئەوەی دوێنێ هەینی شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئاگادار کراینەوە بە تاوانێکی کوشتن لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەستکرا بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی تاوەکو بە زووترین کات ئەنجامدەری تاوانە دەستگیربکرێت".
هۆگر عەزیز گوتیشی: "لە لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوت کەسێک بەناوی ب.ف.ع تەمەن ٣٥ ساڵ هەڵساوە بە کوشتنی کچەکەی بەناوی رەها تەمەن ١٤ ساڵ بەشێوەیەکی دڕنداوە و پێش کوشتنی ئەشکەنجەی داوە و پاشان کوشتوویەتی".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، هێزەکانیان لەناو شاری هەولێر و دەوروبەری بڵاوەپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی بکوژەکە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حەوتی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تۆمەتباری بکوژ کە باوکی کوژراوەکەیە خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە.
هۆگر عەزیز گوتیشی: "پەراوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە کراوە بۆ گرتنەبەری رێککاری یاسایی لەبارەیەوە".
دوێنێ هەینی، باوکێک بەشێوەیەکی دڕندانە کچە ١٤ ساڵییەکەی خۆی کوشت و بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکە خاوەنی سێ کچە و پێش ئەنجامدانی تاوانەکە، دوو کچەکەی بردووەتە ماڵێکی دیکە و ئینجا گەڕاوەتەوە ماڵەوە تاوانەکەی ئەنجامداوە، هاوکات برای بکوژەکەش بۆ بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان رایگەیاند کەوا بکوژ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە و لە رابردووشدا چەند تاوانێکی ئەنجامداوە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.