Rewa Mahmood Hasan
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
ترخێنە یەکێکە لە خواردنەکانی کۆمەڵگەکانی ئاسیای ناوەڕاست، بەلقان و ئانادۆڵو و بایەخێکی گرنگی هەیە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا و بە یەکێک لەو خواردنانە هەژماردەکرێت کە بەرگریی مرۆڤ بۆ سەرما زیاد دەکات.
ترخێنە پێش ئەوەی وشک بکرێتەوە پێی دەگوترێت تەرەساز، هەر لە کۆنەوە لە زۆر ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست دروستکراوە، بەڵام بە بەکارهێنانی ماددەی خۆراکی جیاواز، بۆنمونە لە تورکیا کە پێی دەگوترێت تەرخەنە، بەدوو جۆر دروست دەکرێت یەکێکیان لە جۆری دۆینە، ئەوەی تر ترخێنەی ئاسایی کە هەریەک لە نەعناعی وشککراو، گەنمی هاڕاو، بیبەری تون بە هاڕاوی لەگەڵ ماست بەکاردەهێنرێت تیایدا، ئەم دوو خواردنە بێجگە لەوەی کە بۆ وەرزی سەرما زۆر باشن و مرۆڤ بە خواردنیان گەرم دەبێتەوە، وەک دەرمانی هەڵامەت و پەتا بەکاردەهێنرێن.
- ترخێنە یەکێکە لە خواردنەکانی کۆمەڵگەکانی ئاسیای ناوەڕاست، بەلقان و ئانادۆڵو و بایەخێکی گرنگی هەیە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا و بە یەکێک لەو خواردنانە هەژماردەکرێت کە بەرگریی مرۆڤ بۆ سەرما زیاد دەکات. ( Fariq Faraj Mahmood - ئاژانسی ئانادۆڵو )
لەنێو کوردەواریدا دروستکردنی ئەم خۆراکە تەواو جیاوازە، بەکۆمەڵێک خۆراکی تر دروست دەکرێت کە بە ئاسانی لە گوندەکاندا بەردەست دەکەوێت، ئەوانیش نۆک، بروێش و چەند گیایەک.
مینا مەحمود ٥٥ ساڵ کە هەر لە کۆنەوە هەموو ساڵێک خۆی بەشی زستانێکی سەخت، تەرەساز دروست دەکات، بەدەم دروستکردنیەوە باسی لە چۆنیەتی ئامادەکردنەکەی دەکرد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو.
ئەو کە لە حەوت ساڵییەوە دەستی راهاتووە بە دروستکردنی ترخێنە، باس لەوە دەکات کە دروستکردنی پشتاوپشت بۆی ماوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە خێزانەکانی سلێمانی هەر لە کۆنەوە سەرقاڵی دروستکردنی ئەم خواردنە کوردەواریەبوون و لە زستاندا سوودیان لێبینیوە.
مینا مەحمود گوتی: ''سەرەتا گەڵای شێلم دەهێنیت دوای بژاردن، ئەیکەیتە سەرچەفێکەوە و جوان دایدەپۆشیت کە پێی دەڵێن تەرە، دوای ئەوە ئەیجنیت و ئەیشۆیتەوە، بروێشێک ئەکوڵێنیت وەک دروستکردنی ساوەر، تەنیا بۆ ئەوەی نەرم بێت، دواتر بەگەرمی تێکی وەرئەدەی، دواتر دەیکەیتە مەرکانەوە، لەگەڵ گەڵاهاڕاوەکاندا تێکەڵی دەکەم، دواتر بە گەڵای هەنجیر یان تور دایدەپۆشیت بۆ ئەوەی هیچ مێروویەک نەچێت بەلایدا، تا یەک هەفتە سەری ئەنێمەوە و دەستکاری ناکەم، دواتر کە سەرم هەڵدایەوە لە پاش هەفتەیەک، دەچم جوان تێکی وەردەدەم بۆ ماوەی چوار رۆژ و بەوە دەڵێن تەرەساز، بەڵام ئەگەر بمەوێت بیکەمە ترخێنە، ئەو تەرەسازە لەگەڵ چەند خۆراکێکی تردا تێکەڵ دەکەم و دەیکەمە سەلک و لەسەربان هەڵیدەخەم، پاشان ئەگەر کەشوهەوا وشک بێت ئەوە زووتر دەبێتە سەلکی ترخێنە".
ئەو باس لەوە دەکات کە پێشتر لە کۆندا لە بری مەرکانە خراوەتە نێو چاڵێکەوە کە چوواردەوری بەگەڵا داپۆشراوە و دواتر سەری چاڵەکەش بە گەڵای هەنجیر داپۆشراوە بۆ ئەوەی مێروو نەچێت بەلایدا.
مینا مەحمود دەڵێت ئەو لە رێی دایکیەوە فێری دروستکردنی ترخێنە بووە، هەر لە کۆندا هەموو ماڵێک کوپەیەک بۆ دوو کوپە ترخێنەی دەکرد و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا هەموو هەفتەی سێ بۆ چوار ژەم ترخێنە لێدەنرا و گوتی: ''ئەو سەردەمە هەموو خێزانەکان چوار بۆ شەش کەس کۆدەبوونەوە لە ژنان، چونکە پێویستی بە یارمەتی هەیە، بۆیە پێکەوە بەشی چەند ماڵێک ترخێنەکەیان دروست دەکرد. من ٥٥ ساڵم هەر لە حەوت ساڵییەوە بیرمە کە ترخێنەمان دروست دەکرد".
ئەو باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی تەرەسازەکە دروست دەکەن خەیار، توێکڵی کاڵەک، هەڵوژە، بەهێ، کولەکە و نۆکی بۆ زەرد دەکەیت تێکەڵی دەکەیت پاشان دەیکەنە سەلک و لەسەربان هەڵیدەخەن و لەکاتی لێنانیدا وەک شلە لەگەڵ نیسک بەتایبەت نیسکی رەش تێکەڵی دەکەن و لێی دەنێن.