شیکردنەوە, عێراق

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.. ئاستەنگ و بەربەستەکان

- دوای ئەو کۆدەنگییە سەرەتاییەی هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق لەسەر راسپاردنی مستەفا کازمی نیشان درا، ناوبراو هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەکەی دەست پێکرد و دوای زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ کارنامەی حکوومەتەکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

Sarmand Hameed  | 06.05.2020 - نوێکردنەوە : 06.05.2020
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.. ئاستەنگ و بەربەستەکان

Arbil

هەولێر - AA

رۆژی نۆی نیسانی رابردوو سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.

راسپاردنی مستەفا کازمی دوای ئەوە هات کە هەمان رۆژ پارێزگای پێشووی نەجەف و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەدنان زورفی کە رۆژی ١٧ ئاداری رابردوو، لەلایەن سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپێردرابوو، وازهێنانی خۆی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ راگەیاند.

ئەگەر چی عەدنان زورفی هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی دەست پێ کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆدەنگی لایەنی شیعەی بەدەست نەهێنابوو بۆ راسپاردنی و لەلایەن گەورەترین فراکسیۆنەوە کاندید نەکرابوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوە دەکرا کە سەرکەوتوو نابێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێ، چونکە هاوپەیمانی بینا کە ژمارەیەک لایەنی لەخۆدەگرێت لەسەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیكی كە گەورەترین فراكسیۆنە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و خاوەن ١٥٠ كورسییە، رایانگەیاند، راسپاردنی عەدنان زورفی پێشێلکردنی دەستوورە چونکە ئەوان ناوبراویان بۆ ئەو پۆستە کاندید نەکردووە.

بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق، گەورەترین فراکسیۆن ئەو لیستەیە کە زۆرترین ژمارەی کورسیی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەیە، یان لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەماندا فراکسیۆنێک دروست دەکرێت کە زۆرترین پەرلەمانتاری هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە سەرکۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.

راسپاردنی عەدنان زورفی دوای ئەوە هات کە محەمەد تۆفیق عەللاوی-یش شکستی هێنا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.

رۆژی یەکی شوبات سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ راسپاردبوو.

محەمەد تۆفیق عەللاوی هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ کرد و تەنانەت کارنامە و ناوی وەزیرەکانی حکوومەتەکەیشی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستنیشانکردنی کاندیدی وەزیرەکانی پشکی کورد و سوننە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو دوو پێکهاتەیەی عێراقەوە دەستنیشان نەکرابوون، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد و سوننە ئامادەی دوو دانیشتنی پەرلەمان نەبوون کە بە مەبەستی پێدانی متمانە بە کابینەکەی محەمەد تۆفیق عەللاوی ئەنجامدرا و ئەمەش محەمەد تۆفیق عەللاوی ناچار بە کشانەوە کرد و رۆژی دووی ئاداری رابردوو نامەی کشانەوەی ئاراستەی سەرکۆمار بەرهەم ساڵح کرد.

هەموو ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە هات کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی رۆژی ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستی لەکارکێشایەوە و رۆژی یەکی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئەنجوومەنی نوێنەران دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد.


- کاندیدکردنی کازمی و متمانەپێدانی

رۆژی نۆی نیسان، بەئامادەبوونی نوێنەری زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بۆ پێکێهنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.

رۆژێک بەر لە راسپاردنی مستەفا کازمی، لە کاتێکدا میدیاکان باسیان لە ئەگەر راسپاردنی کازمی دەکرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیران لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە راگەیاند.

وەک دواتر راگەیەنرا کە ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی هەرێم دوای گفتوگۆ بووە لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

دواتریش سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکانی سوننەش دەکات لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ کازمی دەربڕی.

هاوکات بەشێک لە لایەنە شیعەکانیش نەیانشاردەوە کە کێشەیان لەگەڵ راسپاردنی کازمی نییە و ئامادەن پشتیوان لێبکەن. بەو شێوەیە چاوەڕوانیەکان لەو ئاراستەیەدا بوو کازمی زۆر بە ئاسانتر بتوانێ دەنگی متمانەی لایەنە سیاسیەکان و نوێنەرانیان لە پەرلەمان وەربگرێ.


- هەنگاوەکانی کازمی و ئاستەنگەکانی بەردەم پێدانی متمانە

دوای ئەو کۆدەنگییە سەرەتاییەی هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق (شیعە، سوننە و کورد) لەسەر راسپاردنی مستەفا کازمی نیشان درا، ناوبراو هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەکەی دەست پێکرد و دوای زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکانی عێراق کارنامەی حکوومەتەکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.

دواتر لیستی ناوی کاندیدی وەزارەتەکانیش بڵاوکرایەوە، ئەمەش مشتومڕی لەنێوماڵی شیعە، هێزە سوننەکان و خۆپیشاندەران بەدوای خۆیدا هێنا.

هێزە سیاسییە شیعەکان بە ماڵی شیعە ناسراون، دوای تێبینیان لەسەر ناوی ژمارەیەک لە کاندیدی وەزارەتەکان، گۆڕانکاری لەناوی بەشێک لە وەزیرەکان کرا.


- هەڵوێستی شیعە لەسەر دەنگدان بە مستەفا کازمی

مستەفا کازمی بەپێی ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق لە رۆژی راسپاردنییەوە ماوەی ٣٠ رۆژی لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی حکوومەتەکەی و بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەئێستادا کە تەنها چەند رۆژێکی کەم لەبەردەم ناوبراودا ماوە بۆ تەواوبوونی ئەو وادە دەستوورییە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان رایانگەیاند کە ئەوان دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی نادەن.

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالکی (خاوەنی ٢٦ کورسییە لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران) رایگەیاند ئەوان دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی نادەن و لەمبارەیەوە نوری مالیکی رایگەیاند کە لە کاتێکدا بڕیاریانداوە، دەنگ بە کابینەی حکوومەتی نوێ نەدەن، مانای ئەوە نییە دەوڵەتی یاسا هاوڕا نییە لەگەڵ هەڵوێست و بڕیاری باش.

هەروەها هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی کە خاوەنی ٢١ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەهۆی تێبینییان لەسەر میکانیزمی کاندیدکردنی وەزیرەکان رایگەیاند، ئەوان دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی نادەن.

هاوپەیمانی وەتەنییە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ئێمە متمانە بە حكوومەتی کازمی نابەخشین و بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان دەكەین كە بڕیارە ئەنجامبدرێت، ئەگەریش حکوومەت متمانەی پێدرا لەگەڵ هەموو هاووڵاتییانی عێراقی، ئۆپۆزسیۆنی ئاشتیخواز دەبین".


- سووننەکانیش بەهەمان شێوە لەنێو خۆیاندا ناکۆکیی لەنێویاندا دروستبووە

هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکانی عێراق کە لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکرێت و خاوەنی ٥٤ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایانگەیاند کە پاڵپشتیی لە کازمی و حکوومەتەکەی دەکەن، بەڵام ناکۆکی هەیە لەنێوان حەلبوسی و خەمیس خینجەر لەسەر دیارییکردنی کاندیدی وەزیرەکان.

هەفتەی رابردوو، كەسایەتی دیاری سیاسیی سوننە، خەمیس خینجەر هاوپەیمانییەکی دروست کرد بەناوی هاوپەیمانی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش و وەک باس دەکرێت نزیکەی ٢١ پەرلەمانتاری سوننە پاڵپشتیی دەکەن.

سوننەکان کە شەش وەزارەتیان پێدراوە لە کابینەکەی مستەفا کازمی، خەمیس خینجەر داوا دەکات کە کاندیدی سێ لە وەزیرەکان لەلایەن ئەوانەوە دیاری بکرێت و سێ کاندیدەکەی دیکە لەلایەن هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکان دیاری بکرێت.

ئەگەر لەسەر ئەم پرسە ئەم دوو بەرەیەی سوننە بۆچوونەکانیان یەک نەخەن، پێدەچێت هاوپەیمانییەکەی خینجەریش بەهەمان شێوەیەی هاوپەیمانییەکەی مالیکی و عەللاوی دەنگ بە کابینەکەی کازمی نەدەن.


- هەڵوێستی کورد لەبارەی کابینەکەی کازمی

ئەگەر چی پێشتر هەرێمی کوردستان لە زاری سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی-یەوە پشتیوانی خۆی بۆ مستەفا کازمی و حکوومەتەکەی راگەیاند، بەڵام ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی رۆژی ١٦ی نیسانی رابردوو بەبڕیاری ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق بڕدرا، ئەمەش لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران رایانگەیاند، ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق نایاسایی و نادەستوورییە و هەنگاوێکی سیاسییە.

رۆژی ١٩ی هەمان مانگ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی چوونە بەغدا و دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆ گەڕانەوە هەولێر، هاوکات سێشەممەی هەفتەی رابردوو شاندێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمی بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی لەسەر هەمان پرس سەردانی بەغدای کرد و زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی حکوومەتی و هێزە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا و رۆژی هەینی رابردوو بێ هێچ ئەنجامێک شاندەکە گەڕایەوە هەولێر و دوێنێ جارێکی دیکە شاندەکە گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی لەسەر پرسی بوودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق ئەنجام بدات.

ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە پێدانی متمانە بە مستەفا کازمی، بۆیە بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەگەر شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدرال نەگەن بە رێککەوتن پێدەچێت کاریگەری بکاتە سەر هەڵوێستی پەرلەمانتارانی کورد لەسەر پێدانی متمانە بە حکوومەتەکەی مستەفا کازمی.

لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران گەڕاونەتەوە بۆ بەغدا بەمەبەستی بەشدارییکردن لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام ئەوان رایانگەیاندووە کە نابنە بەشێک لە ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی دیکە و لە ئەگەری رێکنەکەوتن و دروستنەبوونی کۆدەنگی بەتایبەت لایەنەکانی شیعە لەسەر پێدانی متمانە بە کازمی، ئەوان نابن بە لایەن بۆ تەواوکردنی متمانە بە تەنها بەو پێیەی سەرۆکوەزیران دەبێت کۆدەنگی ماڵی شیعەی لەسەر بێت، هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە هەڵوێستی پەرلەمانتارانی کورد پەیوەست بکرێت بە ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی هەرێم لە بەغدا و سەرکردایەتی سیاسیی هەرێم بڕیار لەسەر بەشدارییکردن یان نەکردن لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بدەن وەک ئەوەی لە کاتی پێدانی متمانە بە کابینەکەی حەیدەر عەبادی کرا کە کورد بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد و بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە پێیوایە باشترە کە کورد هەرچۆنێک بێت دەنگ بە کازمی و کابینەکەی بدات چونکە ئەگەر بەبێ کورد کازمی توانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بهێنێت ئەوکات مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کابینەیەدا ئەستەم دەبێت و دواتر کورد ناتوانێت داوای مافەکانی لە حکوومەتێکدا بکات کە دەنگی پێ نەدابێت.



- هەڵوێستی تورکمانەکانی عێراق لەبارەی کابینەکەی مستەفا کازمی

لە کابیەنەکەی مستەفا کازمی-دا وەزیرێک بۆ پێکهاتەی تورکمان دیاریکراوە کە وەزیری دەوڵەتە بۆ کاروباری ئافرەتان، کاندیدی ئەم وەزارەتەش مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا دوای غادە محەمەد حەمید لەلایەن سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە کاندیدکرا.

ئەم هەنگاوە کاردانەوەی تورکمانەکانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەرەی تورکمانی عێراق ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکردنی مافی پێکهاتەی تورکمان لە قەڵەم دا و رۆژی ٢٠٢٠/٤/٢٦ سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی و شاندێکی یاوەری سەردانی سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح-ی کرد.

هاوکات تورکمانەکانی نێو کوتلە سیاسییەکانی دیکەش کاردانەوەیان نیشان دا لەوەی پێویستە کاندیدی وەزیرەکەی پشکی تورکمان کەسێک بێت کە نوێنەرایەتی تورکمان بکات و لەلایەن تورکمانەکانەوە کاندید بکرێت، بەڵام ئەم هەڵویستە دەکرێت وەک هەڵوێستی تاکە کەسی سەیر بکرێت، چونکە دواجار دەبێت ئەم پەرلەمانتارانە پابەندی هەڵویستی فراکسیۆنەکەیان بن، چونکە تاکە حزب کە وەک پێکهاتەی تورک بە سەربەخۆیی لە پەرلەمانی عێراقدا بێت بەرەی تورکمانی-یە.



- رۆڵی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و راسپاردنی هەریەک لە محەمەد تۆفیق عەللاوی و عەدنان زورفی و دواتر راسپاردنی مستەفا کازمی، هەریەک لە ئەمریکا و ئێران هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەم پرسە نەبووە، وەک چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئەمریکا و ئێران عێراقیان کردووە بە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان، ئەمەش لەدوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی، لەلایەن ئەمریکاوە لەناو خاکی عێراق و دواتر کردنەئامانجی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە لەناو خاکی عێراق زیاتر رەنگی دایەوە و ئەمەش کاردانەوەی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی عێراقی داوایان کرد کە عێراق نەکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوە ململانێکان و دووربخرێتەوە لە دەستووەردانی دەرەکی، رووداوەکان بەخێرایی تێپەڕین و چەند رۆژێک دوای کوژانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە خاکی عێراق دا و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی لە بنکە سەربازییەکانی ناو عێراق کشاندەوە، لە پرسی راسپاردن و متمانەدان بە مستەفا کازمی تا ئێستا وڵاتانی جیهان و ناوچەکە بە تایبەت ئەمریکا و ئێران بە ئاشکرا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و هیچ لێدوان و هەڵوێستێکیان لەمبارەیەوە نیشان نەداوە.



- پەرلەمانتارانی عێراق گەڕانەوە بەغدا و ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی ئایار، پەرلەمان کۆدەبێتەوە

وەک هەنگاوێک بۆ ئامادەکاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بە کابینەکەی کازمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا بە ناردنی سێ فڕۆکە بۆ هەریەک لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و بەسڕە بە مەبەستی گەڕانەوەی پەرلەمانتاران لەو سێ پارێزگایەوە بۆ بەغدا و رۆژی دووشەممە پەرلەمانتاران گەڕانەوە بەغدا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد کە رۆژی چوارشەممە ئامادەبن لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە کارنامەی وەزاری و کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.


- بۆشایی دەستووریی و دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی

بەشێوەیەکی گشتیی دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدایە تاوەکو وڵات لەو بۆشاییە دەستوورییە رزگار بکەن کە لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ماددەی ٧٦ لە دەستووری عێراق پێویست بوو سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح لە ماوەی ١٥ رۆژ لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە ٣٠ تشرینی دووەمی ٢٠١٩ کەسێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتیش لە میانی ٣٠ رۆژدا کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.

بۆیە دەتوانین بڵێین لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ەوە عێراق لە بۆشایی دەستوورییدایە، بۆیە گرنگە پەرلەمان متمانە بە حکوومەت بدات.


- ئەگەر مستەفا کازمی متمانەی بەدەست نەهێنا چی روودەدات؟

ئەگەر چی چاودێرانی سیاسیی و یاسایی پێیانوایە کاندیدیکردنی مستەفا کازمی دەبێت کۆتایی بە بۆشایی دەستووری بهێنێت و جگە لە متمانەدان هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم کوتلە سیاسییەکانی عێراقدا نەماوە، بەڵام ئەگەر متمانەی بەدەست نەهێنا ئەوا بۆشایی دەستووری بەردەوام دەبێت؛ پێشتر سەرچاوەیەک لەدوای کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران محەممەد حەلبووسی رایگەیاندبوو، ئەگەر هێزە سیاسییەکان شکست بە لە دایکبوونی حکوومەتی نوێی عێراق بەتەواوی دەسەڵاتەکانی بهێنن لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت، سەرۆک کۆماری عێراق "دەسەڵاتە دەستورییەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر بەکاردەهێنێت".

بۆ به‌خشینی متمانە پێویستە حکوومەتی نوێ دەنگی زۆرینەی رەها (٥٠+١)ی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەست بهێنێت (نەوەک ژمارەی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران).


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın