Yusuf Hatip,Muhammet Ali Kemal
03 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2018
بڕۆکسل - AA
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی رایگەیاند "هێرشێکی گریمانەکراو بۆ سەر ئیدلب، رەنگە دەرەنجامی رووخێنەری لەسەر ئەو خەڵکە هەبێت کە تا ئێستا لە رادەبەدەر ئازاریان بینیوە".
فێدێریکا مۆگێرینی لە میانی گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسی باڵیۆزانی یەکێتیی ئەورووپادا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هێشتا جەنگی سووریا کۆتایی نەهاتووە گوتی: "هێرشێکی گریمانەکراو بۆ سەر ئیدلب، رەنگە دەرەنجامی رووخێنەری لەسەر ئەو خەڵکە هەبێت کە تا ئێستا لە رادەبەدەر ئازاریان بینیوە. پێویستە لەماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا ئەوەی لەدەستمان دێت لەوبارەیەوە ئەنجامی بدەین".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، فێدێریکا مۆگێرینی تیشکی خستەسەر کێشەیەکی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بریتییە لە هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و ئەوەی کە تا دێت چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت قورس دەبێت و گوتی: "هەموو جیهان بەرەو ساتی پشێویی هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەو پرسیارەی کە پێویستە لێرەدا بکرێت ئەوەیە کە ئایا ئەمە تەنها کاتییە و بۆ ساتێکە، یان ئاراستەیەکە تا ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت؟".
لە سووریا دوایین قەڵای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئیدلب-ە، چوار ملیۆن هاووڵاتیی مەدەنی تیادا دەژیت و نیگەرانی هێرشی رژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانانین بۆ سەر شارەکەیان. هەر پێکدادانێک لە ئیدلب کە خاوەنی پێگەیەکی ستراتیجییە، رەنگە ببێتە هۆی دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچ بەرەو تورکیا و ئەورووپا.