Muhammet Ali Kemal
10 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2017
ئیستانبوڵ- AA
یاریزانی هەڵبژاردەی پورتوگال و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ تۆپی پێ، کریستیانۆ رۆناڵدۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی بەدەست هێنا
لە رێورەسمێکدا فیفادا کە لە شاری زیوریخی سویسرا سازکرا، باشترین یاریزانەکانی تۆپی پێ بۆ ساڵی 2016 دیاریکران. دوای ئەوەی هاوبەشیی نێوان فیفا و فڕانس فوتبۆڵ کە لەساڵی 2010ەوە بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی جیهان، ساڵی رابردوو کۆتایی هات، بۆ یەکەمجار فیفا بەتەنها دەستی بەدابەشکردنی ''خەڵاتی باشترینەکانی ساڵ'' کرد. هەریەک لە ژنە ئەکتەری ئەمریکی، ئێڤا لۆنگۆریا و پێشکەشکاری ئەڵمانی، مارکۆ شرەیل رێورەسمەکەیان پێشکەش کرد.
لەئەنجامی ئەو دەنگدانەی کە لەنێوان راهێنەری هەڵبژاردەکان و کاپتنەکانیان، میدیاکاران و ژمارەیەک لە خەڵکدا ئەنجامدرابوو، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ لەنێو یاریزانە پیاوەکاندا و بەوشێوەیەش پێش هەریەک لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بەرشەلۆنە، لیۆنێل مێسی و یاریزانی فەڕەنسی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئەنتۆنی گریزمان کەوت.
خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ لەنێو ژناندا درایە کارلی لۆیدی ئەمریکی لەیانەی هۆوستن داش.
- باشترین 11 یاریزانەکەی ئەمساڵ.
باشترین 11 یاریزانی ساڵ کە لەلایەن هەریەک لە فیفا و فیفپرۆوە دەستنیشانکراوە، بەم شێوەیەیە:
گۆڵچی: مانوێل نۆیەر (بایەرن میونخ)
بەرگریی: جێرارد پیکێ (بەرشەلۆنە)، دانی ئەلڤێس (یوڤێنتوس)، سێرجیۆ رامۆس، مارسێلۆ دا سیلڤا (ریال مەدرید)
ناوەند: ئەندرێس ئینێستا (بەرشەلۆنە)، لۆکا مۆدریج، تۆنی کروس (ریال مەدرید)
هێرشبەر: لیۆنێل مێسی، لویس سوارێز (بەرشەلۆنە)، کریستیانۆ رۆناڵدۆ (ریال مەدرید)
باشترین راهێنەری ساڵ، کلاودیۆ رانێری راهێنەری یانەی لێستەر سیتی
دوای ئەوەی وەرزی رابردوو راهێنەری ئیتاڵی کلاودیۆ رانێری توانی یانەی لێستەر سیتی لە خولی نایابی ئینگلیزیدا بکاتە پاڵەوان، وەک باشترین راهێنەری ساڵ هەڵبژێردرا و بەوشێوەیەش پێش هەریەک لە زەینەددین زیدانی فەڕەنسی و راهێنەری یانەی ریال مەدرید و فێرناندۆ سانتۆسی پورتوگالی و راهێنەری هەمان هەڵبژاردە، کەوت.
خەڵاتی باشترین راهێنەری ژن درایە راهێنەری پێشووتری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، سیلڤیا ناید.
خەڵاتی یاریکردنی خاوێن بەخشرایە یانەی ئەتلەتیکۆ ناشناڵ کە جامی سودئامێریکانای پێشکەشی یاریزانان و راهێنەری یانەی چاپێکۆیەنز کردبوو بەهۆی رووداوی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان و گیان لەدەستدانیان.
خەڵاتی هاندەری ساڵ درایە هاندەرانی لیڤەرپوڵ و بوروسیا دۆرتمۆند کە پێکەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکدا کردبوو.