Azad Mohammed Abdullah
11 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2018
دهۆک - AA
دەنگى تەقینەوەى بۆمبە چێندراوەکانى داعش لە ناحیەى باشیک بۆ هاووڵاتییە گەڕاوەکانى شارەدێکە نامۆ نییە و لە مانگێکدا چەندین جار دەنگى تەقینەوەى بۆمبەکان رایاندەچڵەکێنێت و ئارامییان لێ دەبڕێت.
بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک، زەنون یونس لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادڵو گوتى: "هەرچەند ماوەیەکى زۆرە باشیک و دەورووبەرى لە تیرۆریستانى داعش پاککراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ خانوو و چەندین کوچە و کۆڵانى نزیک لە چیای باشیک پڕن لە بۆمبى چێندراوى داعش، بە هۆى پاشماوەکانى داعش چەندین کەسى سنوورەکە گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکیان کەمئەندام و پەککەوتە بوون".
زەنون یونس گوتیشى: "لەوەتەى میلشیاکانى حەشدى شەعبى لە سنوورى ناحیەى باشیک جێگیرکراون، تا ئێستا هیچ تیمێکى پووچەڵکردنەوەى بۆمبە چێندراوەکانى داعش لە ناحیەکەمان کاریان نەکردووە بۆ لەناوبردنى پاشماوەکانى ئەو رێکخراوە، بەرلە چەند رۆژێک مۆڵەتى کارکردنمان بۆ کۆمپانیایەکى پووچەڵکردنەوەى بۆمب لە حەشدى شەعبى وەرگرت و بڕیاروایە لە هەفتەى داهاتوو هەڵمەتى پاککردنەوەى شار لە پاشماوەکانى داعش دەستپێبکرێتەوە، ئەگەر هیچ کێشەیەکى ئەمنییان بۆ دروست نەکرێت".
بەڕێوەبەرى ناحیەى باشیک ئاشکراى دەکات کە لە ئێستادا زیاتر لەسەدا ٨٥ى هاووڵاتییانى باشیک گەڕاونەتەوە سەر زێدى خۆیان و لە ژیانێکى کەم خزمەتگوزارى دەگوزەرێنن.
دانیشتوویەکى ناحیەى باشیک بەناوى عەلى حوسێن بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "وێڕاى نەبوونى خزمەتگوزارى و کەمى ئاو و کارەبا، بوونى بۆمبە چێندراوەکانى داعش لە خانوو و کوچە و کۆڵانەکانى سنوورى ناحیەى باشیک نیگەرانى کردووین، هەمیشە ترسى ئەوەمان لە دڵدایە بۆمبە چێندراوەکانى داعش بە منداڵان یان هاووڵاتییانى ناحیەکەمان بتەقنەوە".