هەولێر
سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە هەڤیەپڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش بە "شەڕێكی نێودەوڵەتی نەك ناوچەیی" ناودەبات و رایدەگەیەنێت کە دەخوازن لە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پەلەبكرێت.
ئاماژهی بهوهش كرد كه پهرلهمانی هەرێمی كوردستان لە دەركردنی یاسا و چاودێریكردندا کارایە، هەماهەنگیی نێوان حكومەت و پەرلەمان بە باش دەزانێت و دەڵێت، پەرلەمان و حكومەت كار بۆ هەڵگرتنی بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ نەوەكانی داهاتوو لە سندوقێكدا دەكەن.
لەمەڕ هەمواركردنەوەی پڕۆژە دەستووری هەرێمش، سهرۆكی پهرلهمان ئاشكرای كرد كه گفتوگۆیەكی جیدی لەئارادایە و لە چەند رۆژی ئایندەدا هەنگاوی كردەیی لەوبارەیەوە دهنرێن.
ههڤپهیڤینی سهرۆكی پهرلهمانی هەرێمی كوردستان لهگهڵ ئاژانسی ئانادۆڵو بهم شێوهیه بوو:-
ئانادۆڵو: چەند مانگێك لەمەوبەر سوێندی یاساییتان خوارد و دەستبەكاربوون، تا ئێستا كارەكانتان چۆن بەڕێوەدەچێت و خۆتان رازین لە ئەدای خۆتان؟
سهرۆكی پهرلهمان: راستییەكەی نزیكەی شەش مانگە لە پەرلەمانی كوردستان دەستبەركاربووین، ئێمە دەستبەركاربووین لە قۆناغێكدا كە قۆناغی تەنگەژە و شەڕە لە هەرێم، بە ڕاستی ئەو قۆناغەش جیاوازە لە قۆناغی ئاسایی، دۆخی ئێستای پەرلەمانی كوردستان دۆخی تێپەڕاندنی سەردەمی شەڕ و تەنگەژەیە، بۆیە لەم دۆخەدا ناچاربووین مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیەدا بكەین كە هاتنی داعش و ئەو شەڕەیە كە بە درێژایی نزیكەی هەزار ٥٠٠ كیلۆمەتر لە جەلەولاوە بۆ كۆبانی هێزی پێشمەرگە تیایدا بەشداری دەكات، لە هەمان كاتدا دۆخی قەیرانی ئابووریی هەرێم كه بەهۆی ئەو ئابڵوقەیەی حكومەتی عێراق لەسەر هەرێمی دایناوە، دروستبووه. بهڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە بە پێچەوانەی خولەكانی دیكە لەو كاتەی دەستمان كردووە بە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ههردوو پڕۆسهی یاسادانان و چاودێریمان بهڕێوه بردووه كە دوو ئەركی گرنگیی پەرلەمانن، لە بواری یاساداناندا لە خولەكانی پێشووی پەرلەماندا نەكراوە لە یەكەم خولی گرێداندا پەرلەمان یەكسەر بپەرژێت و یاسا دەربكات، ئێمە لە خولی یەكەمماندا توانیمان هەندێك یاسا دەربكەین كە لە خولەكانی پێشوو نەتوانراوە دەربكرێت، بە هەمان شێوە لەم خولەی ئێستاشدا چەند یاسا و بڕیارێكی گرنگ دەركراوە كە هەندێكیان مێژوویین و چەند یاسایەكی دیكەشمان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پەسەندی بكەین، وەك یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان و یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و چەند یاسایەكی دیکەش كە پەیوەندیدارن بە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانهوه.
ئانادۆڵو: بەهۆی ئەو قەیرانانەی ئاماژەتان بۆكرد، لە رۆڵی چاودێری كردنی پەرلەمان لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن رازین؟
سهرۆكی پهرلهمان: حكومەت تازە دەستبەكار بووە كە ناگاتە چوار مانگ و قەیران و شەڕیش هەیە، دەبێت ئەوانە لە پڕۆسەی چاودێری كردن رەچاو بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پرسیارانەی كە لەم خولەی ئێستای پەرلەمان لە شەش مانگی رابردوو ئاڕاستەی حكومەت كراون زیاترن لە كۆی ئەو پرسیارانەی لە چوار ساڵی خولی پێشوو ئاڕاستەی حكومەت كراون، كەواتە ئەندامانی پەرلەمان زۆر چالاكن لە پڕۆسەی چاودێری كردن و چەند وەزیرێک هاتوونەتە بەردەم لێژنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ كردوون لەسەر پرس و باسەكانی ئێستای هەرێم و گفتوگۆیان كردووە، چەند وەزیرێک هاتوونەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و لەبەردەم پەرلەمان وتوێژ دروستبووە لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان سەبارەت بە سێكتەرە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان. ئەو پڕۆسەیە ئێستا بهرهو پێشهوه دهچێت. راستە دۆخەكە وایكردووە کەمێک سستتر بێت، بەڵام لەم رووەوە تا ئێستا هەنگاوی باش هاویژراون.
ئانادۆڵو: تا ئێستا پەرلەمان چەند پرسیاری ئاڕاستەی حكوومەت كردووە؟
سهرۆكی پهرلهمان: بەپێی راپۆرتێك كە هاتووەتە بەردەستمان، تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم نزیكەی 300 پرسیار ئاڕاستەی حكوومەت كراون.
ئانادۆڵو: پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم چۆنە؟
سهرۆكی پهرلهمان: پەیوەندی و هەماهەنگییەكی باش لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان هەیە، پڕۆسەی چاودێری كردن وەك خۆی بهرهو پێشهوه دهچێت، لە هەمان كاتدا حكوومەتیش هاوكارە لەگەڵ پەرلەمان بەوەی لەو كاتانەی داوای وەزیر یان سەرۆكوەزیران دەكرێت ئامادە دەبن لە بەردەم پەرلەماندا، تا ئێستا سێجار سەرۆكوەزیران لە پەرلەمان ئامادە بووە، ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گاز دووجار لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبوون و لەسەر باس و خواسەكانی پڕۆسەی نەوت و قەیرانی دارایی باس و وتوێژ ئەنجام دراوە، كەواتە ئەوەی پێویستە لە سیستمی پەرلەمان هاوكاری و هاوسەنگی و چاودێری دوو لایەنە لە نێوان دوو دەسەڵاتەكە بێتە كایەوە و تا ئێستا هەنگاوی گەورە هاویژراوە.
ئانادۆڵو: گرنگترین ئەو پڕۆژە یاسایانەی لەبەردەستاندان چین؟
سهرۆكی پهرلهمان: لە گرنگترین ئەو پڕۆژە یاسایانەی كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، پڕۆژە یاسای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقە كە لێژنەی دارایی ئێمە تەواوی كردووە و ناردوویەتی بۆ حكوومەت و ئێستا حكوومەت لیژنەیەكی دروست كردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن جێبەجێی بكەین یان نا، یەكێكی دیکە لەو پڕۆژە یاسا گرنگانەی لە بەردەستی لیژنەكانی پەرلەمانە و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتییە لە هەرێم كە نزیكەی شەش پڕۆژە یاسا لەخۆ دەگرێت، سەبارەت بە كابانی ماڵ و مووچەی كەمئەندام و بیمەی بێكاری و بیمەی تەندروستی كە لە لایەن لیژنەی كۆمەڵایەتی پەرلەمانەوە یەكبخرێن و لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسایەكدا دەربكرێت، ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت و گاز لە بەردەستی لیژنەكانن بۆ وتوێژ كردن، پڕۆژە بڕیاری ستایشی فەرمانبەران لە بەردەم لیژنەكانی پەرلەمان و حوكمەتدایە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، لەگەڵ چەندین پڕۆژە یاسای دیكەی گرنگ.
ئانادۆڵو: سوورن لەسەر ئەوەی هاوڵاتییان لە داهاتی نەوت لە هەرێم پشكیان هەبێت بەپێی پڕۆژە یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەكان؟
سهرۆكی پهرلهمان: ئەو بڕیاره له لایهن پەرلەمان و ئەندامانییهوه یەكلایی دەكرێتهوه، بەپێی تێڕوانینی ئێمە پەرلەمان و حكوومەتیش كار لەسەر ئەوە دەكەن بەشێك لە داهاتی نەوت بۆ نەوەكانی داهاتوو لە سندوقێكدا هەڵبگیرێت و لە هەمان كاتیشدا دادپهروهری لە دابەشكردنی داهات لە هەرێمی كوردستان ههبێت.
ئانادۆڵو: توانیوتانە گەندەڵی لە كوردستان كەم بكەنەوە، چیتان لەمبارەیەوە لەبەردەستە؟
سهرۆكی پهرلهمان: لەگەڵ دەستبەكاربوون، دیوانی چاودێری داراییمان خستە سەر سكەی خۆی بەوەی سەرۆكەكەی لەبەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد و دیوانەكە دەستی كردووە بە كارەكانی و ئەنجوومەنی خۆی دامهزراند. دوای دوو ساڵ لە وەستانی پڕۆسەی چاودێریی، ئێستا دەستی كردووە بەوەی تیمەكانی خۆی دەنێرێت بۆ دامودەزگاكانی حكوومەت و پڕۆسەی چاودێری دەستی پێكردووەتەوە، ئەندامانی پەرلەمان کاران لە پڕۆسەی چاودێری كردن، بە هەمان شێوە یاسای دەستەی دەستپاكیمان هەموار كردەوە لە حەفتەی رابردوودا كە هیوادارین سەرۆكی هەرێمیش واژووی بكات و ئەوەش دەبێتـە زیاتر كارابوونی دەستەكە لە پڕۆسەی چاودێری كردن، ئێستا پڕۆژە یاسایەكمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی داواكاری گشتیش لە هەرێمی كوردستان زیاتر کارا بكرێت و بەشێك بێت لە چاودێری كردن و دژ وەستانەوەی گەندەڵی، واتە هەم كاری پەرلەمانی لە چاودێری كردن و بەدواداچوونی گەندەڵی بە شێوەیەكی رێكوپێك دەڕواتە پێشەوە لە پرسی بە قاچاخ بردنی نەوت و بازرگانی كردنی نەوت لەگەڵ داعش و پرسەکانی دیكەی وەك بوونی "بن دیوار" و چەندین پرسی دیکە، هەم دامودەزگاكانی دیكهی نزیك یان سەر بە پەرلەمان و پەیوەندیدار بە پڕۆسەی چاودێری کارا كراون.
ئانادۆڵو: یەكێك لەو پرسە گەرمانەی زۆر باسی لێوەدەكرێت، كڕینی ئۆتۆمبێلە بۆ پەرلەمانتاران، ئێوە ئەو كارە دەكەن؟
سهرۆكی پهرلهمان: ئەو پرسە لە رابردوودا بەو شێوەیە ئەنجامدراوە، بۆ ماوەیەكی زۆرە ئەوەمان دواخستووە و ئۆتۆمبێل بۆ ئەندامانی پەرلەمان ناكڕین، تەنانەت خۆمان لە دەستەی سەرۆكایەتی هیچ ئۆتۆمبێلێكمان بۆ خۆمان و دەستەی سەرۆكایەتی نەكڕیوە، بەڵكو ئۆتۆمبێلەكانی خولەكانی پێشوو بەكاردێنین، ئەگەر ئۆتۆمبێلیش بكڕدرێت بۆ پەرلەمان دەكڕدرێت وەك چۆن راوێژكارانی پەرلەمان و وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانی حكومەت ئۆتۆمبێلیان لە لایە و بەكاریدێنن، ئەو پرسەمان بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواخستووە هەرچەندە زۆر دەمێكە بودجەی بۆ تەرخان كراوە، ئەندامانی پەرلەمانیش لە ماوەی رابردوودا بەرەكانی جەنگیان بهسهركردووەتهوه و رۆڵی كارا دەبینن لە چاودێریكردنی حكوومەت و لە شارەكانی خۆیان و پەرلەمان كاریان هەیە، لە شار و شارۆچكەكان كاریان ههیه و بەدواداچوون دهكهن، بۆیە ئەوانیش پێویستیان بەوەیە پێداویستییەكانی كاروبارەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت، ئێمە پڕۆسەكەمان دواخستووە، ئێمه ئهو بڕیارهمان ههڵوهشاندووەتهوه كه پێشتر ئۆتۆمبێل بە پەرلەمانتار یان دەستەی سەرۆكایەتی دهدرا و بە رێككەوتن لەگەڵ فڕاكسیۆنەكان پێش قەیرانی داراییش بڕیارمان دابوو كە ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمان بكڕین نەك بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامی پەرلەمان سوودی لێوەربگرێت و دواییش بمێنێتەوە بۆ پەرلەمان، وەك چۆن ئێستا ئێمە ئۆتۆمبێلی خولی پێشتر بەكاردێنین و خولی داهاتووش ئەو ئۆتۆمبێلانە بەكاربێنێت، ئەو پڕۆسەیەمان بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواخستووە و هیوادارین قەیرانەكە كۆتایی پێبێت و پەرلەمانتاران بتوانن بە باشترین شێوە ئەرك و كاروبارەكان جێبەجێ بكەن.
ئانادۆڵو: پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2015ی هەرێم گەیشتووەتە پەرلەمان؟
سهرۆكی پهرلهمان: هێشتا نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەو پرسیارە دەبێت لە حكوومەت و وەزارەتی دارایی بكرێت كە چی كراوە بۆ بودجەی ساڵی 2015ی هەرێم، بەڵام داواكارییەك لە لایەن لێژنەی داراییەوە هەبوو بۆ وەزارەتی دارایی كە پەلە بكەن لە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2015.
ئانادۆڵو: هەشت فڕاكسیۆنی مەسیحی و توركمان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند، بەهۆی نەبوونی نوێنەریان لە ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كە نزیكە لە دروستكردن، ئێوه لهوبارهیەوه چی دهڵێن؟
سهرۆكی پهرلهمان: ئەوە پەیوەندیدارە بە رێككەوتنی نێوان فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام ئێمە بە وردی چاودێری ئەوە دەكەین یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت كە لە پڕۆژەكەدا هاتووە پێویست دەكات گەرەنتی بوونی پێكهاتەكان و بوونی یاسایی و ئافرەتانیش لە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بكرێت، ئەو ناوانەشی هاتوونەتە بەردەستمان ئەو گەرەنتییانەی تیادایە، هەم نوێنەرایەتی پێكهاتەكان و هەم نوێنەرایەتی ئافرەت و یاساناسان كراوە،بەڵام من تێدەگەم لە نیگەرانییەكانی ئەو بەڕێزانە، تێدەگەم لەوەی رەنگە هەر لایەنێك حەز بكات لەو ئەنجوومەنە نوێنەری هەبێت، هیوادارین بە رێگەی دیالۆگ ئەو نیگەرانییانە چارەسەربن.
ئانادۆڵو: دواین هەوڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی پڕۆژهی دەستوور بە كوێ گەیشتوون؟
سهرۆكی پهرلهمان: لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی جیدی لە نێوان فڕاكسیۆنەكان هاتووەتە كایەوە و لە یەك دوو حەفتەی داهاتوودا هەنگاوی كردەیی لهبارهی پڕۆژە یاساكە دهنرێن. رێككەوتنێكی باش لەوبارەیەوە لە نێوان فڕاكسیۆنەكان هەیە، بەڵام بڕیارمان داوە تا نەچینە هەنگاوە كردەییەكانەوە هیچ شتێك باس نەكەین، چونكە دەمانەوێت پڕۆسەكە بە شێوەیەكی هێمن بە دروستبوونی متمانە لە نێوان فڕاكسیۆنەكان و لەپشت ئەمانەوە دروستبوونی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پڕۆژەی دەستووری هەرێم سازانی لەسەر بكرێت، بۆیە لەگەڵ فڕاكسیۆنەكان رێككەوتووین ئەو شتانەی لە كۆبوونەوەكان پێیدەگەین بڵاونەكرێنەوە تا هەنگاوە كردەییەكان دەست پێدەكەن، بەڵام دەمەوێت دڵنیایی بدەم كە لەوبارەیەوە هەنگاوی زۆر باش نراون و لە یەك دوو حەفتەی داهاتوودا هەنگاوی كردەیی دەبینرێت.
ئانادۆڵو: بڕیارە تا 19ی ئابی ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، ئایە تا ئەو كاتە ئەوە روو دەدات؟
سهرۆكی پهرلهمان: بەو رۆحەی ئێستای كاركردنی نێوان فڕاكسیۆنەكان دهبینرێت، هیوادارین زۆر پێش ئەو وادهیەش پڕۆژەی دەستوور تەواو بكەین و بیخەینە بەردەستی هاوڵاتییانی كوردستان بۆ ئەوەی راپرسی لەسەر بكرێت، ئێمە كار بۆ ئهوه دهكهین كە ئەو پڕۆسەیە به شێوهیهكی باش بهڕێوهبچێت.
ئانادۆڵو: چەند مانگێك لەمەوبەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پەرلەمانی راسپارد بۆ ئەوەی پەلە بكەن لە گرتنەبەری رێوشوێنی ریفراندۆم، ئەو پرسە چی بەسەرهات؟
سهرۆكی پهرلهمان: بژاردەی ستراتیژی هەرێمی كوردستان تا ئێستاش مانەوەیە لە چوارچێوەی عێراق ئەگەر دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و ئەگەر حكومەتی عێراق پابەندبوونەكانی بەرامبەر بە ماف و داخوازییەكانی كورد كە لە دەستووری عێراق چەسپێنراون جێبەجێ بكات، بەڵام لە حاڵەتی بە بە بنبەست گەیشتنی ئەو پڕۆسەیە بە دڵنییایەوە كورد بیر لە بژاردەكانی دیكەی بەردەمی دەكاتەوە كە یەكێك لەو بژاردانە بیركردنەوەیە لە ئەنجامدانی راپرسی لهبارهی جیابوونهوهی ههرێمی كوردستان.
ئانادۆڵو: ماوەیەك لەمەوبەر جۆڵەیەكی پەرلەمانیتان دەستپێكرد بۆ لێكنزیكبوونەوەی ههردوو پەرلەمانی هەرێم و بەغدا، كەی سەردانی پەرلەمانی عێراق دەكەن؟
سهرۆكی پهرلهمان: گفتوگۆكردن و كردنەوەی پردی پەیوەندییەكان زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێمە تا ئێستاش بەشێكین لە عێراق و پێویست دەكات تا ئەو كاتەی بەشێكین لە عێراق پردی پەیوەندییەكانمان بەردەوام بێت، بە تایبەت لەگەڵ ئەو لایەن و دامەزراواه میانڕەوانەی هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدەن، دەرفەتێكی وامان بۆ نەڕەخساوە سەردانی بەغدا بكەین، چونكە شێوازی ئیشكردنمان وایە هەموو حەفتەیەك لیژنەكان و پەرلەمان كۆبوونەمان هەیە و چەندین پڕۆژەیاسای گرنگمان لەبەردەستە كە پێویستە كاریان لەسەر بكەین، لە نزیكترین دەرفەتی گونجاودا سەردانی بەغدا دەكەین و هەوڵی ئەوە دەدەین ئەو پەیوەندییانە گەشە پێبدەین، هەم لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەم لە نێوان فڕاكسیۆنەكانی هەردوولا.
ئانادۆڵو: پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی هەرێم و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاساییە؟
سهرۆكی پهرلهمان: بەڵێ پەیوەندییەكی زۆر دۆستانە لە نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، ئێستا خەریكی ئامادەكردنی پڕۆتۆكۆڵێكین بۆ شێوازی پەیوەندی نێوان فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا و فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان.
ئانادۆڵو: تێڕوانینتان لەسەر رێككەوتنەكەی ئەم دواییەی هەرێم و بەغدا چییه كە لەگەڵ گەیشتنی وەزیری نەوت عادل عەبدولمەهدی بۆ هەولێر لێكتێگهیشتن دروست بوو؟
سهرۆكی پهرلهمان: هەنگاوی سەرەتایی باشن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هیوادارین ئەو هەنگاوانە ببنە هۆی دروستبوونەوەی متمانە لە نێوان هەردوولا و لەبەر رۆشنایی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن، رێككەوتنەكە سەرەتایی بوو و هیوادارین بینای لەسەر بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دیكەی نێوان بەغدا و هەرێم، وەك كێشەی خاك و پێشمەرگە و نەوت و كێشەكانی دیکەش كە بەبێ چارەسەری ماونەتەوە.
ئانادۆڵو: بۆچی نوێنەرتان لە دانووستانهكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا نەبوو؟
سهرۆكی پهرلهمان: ئێمە پێویست ناكات نوێنەرمان هەبێت، چونكە دانووستان لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردندا ئەنجام دەدرێت، ئێمە چاودێرین بەسەر ئەو پرۆسەیەوە، نەك خۆمان ئەندام بین تیایدا. پێش سەردانەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێم هاتنە پەرلەمانی كوردستان و لە پەرلەمان راپۆرتی دوو لیژنە خوێندرایەوە سەبارەت بەو پڕۆسەیە و راسپاردە پێشكەش بە حكوومەت كراوە و دواجار هەر رێككەوتنێكیش بێتە كایەوە و حكوومەت دەرئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا وەك خۆی بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكات.
ئانادۆڵو: بۆچوونتان لەسەر لێكنزیكبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان عێراق و توركیا چییە؟
سهرۆكی پهرلهمان: پێمان باشە پەیوەندی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەكی ئاسایی و دۆستانە بێت، پەیوەندییەك بێت لەسەر بنەمای دەست وەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر بونیات نرابێت، پێمان وایە هەر پەیوەندییەكی باش لە نێوان عێراق و توركیا كاریگەری باشی لەسەر پەیوەندی هەرێمی كوردستانو توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراقیش دەبێت، بۆیە بە هەنگاوی باشی دەزانین.
ئانادۆڵو: پەیوەندی هەرێمی كوردستان و توركیا كە بەم دواییانە هەندێك ساردبوونەوەی بەخۆیهوە بینی، پێتان باشە پتەوتر بكرێت؟
سهرۆكی پهرلهمان: ئەو پەیوەندییانە پێویست دەكات زیاتر لەسەر ئاستی دەزگایی گەشەی پێبدرێت، توركیا وڵاتێكی دراوسێی ئێمەیە و هیوادارین پەیوەندییەكی تەندروست و دوو لایەنە و هاوسەنگ لە نێوان هەردوولا بێتە كایەوە و پێمان وایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بە گشتیی ماوەی ساردی و گەرمیش هەیە، بەڵام لە دوور مەودادا كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوولا دروست ناكات.
ئانادۆڵو: هەوڵتان داوە پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمانی توركیا دروست بكەن؟
سهرۆكی پهرلهمان: هێشتا لەو ئاستە گەورەیەدا نییە، بەڵام سەردان و یەكتربینینی سەرەتایی لەمبارەیەوە هەیە.
ئانادۆڵو: تێڕوانینتان بۆ قۆناغی چارەسەریی لە توركیا چییە، پێتان وایە ئەو میكانیزمە بتوانێت كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات؟
سهرۆكی پهرلهمان: بەدڵنیاییەوە، هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا زیاتر بڕواتە پێشەوە، چونكە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا زیاتر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەباتە پێشەوە، بوونی كێشە لە توركیا لە نێوان كورد و حكوومەتی توركیا بە دڵنیاییەوە كێشە بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دروست دەكات، پێچەوانەكەشی راستە، بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە دەبێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندی هەرێم و توركیا، هیواخوازین ئەو پڕۆسەیە هەرچی زووترە بگاتە دوا ئامانجەكانی خۆی.
ئانادۆڵو: لە شەڕی دژ بە داعش وڵاتانی هاوپەیمان وەک پێویست یارمەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیان داوە؟
سهرۆكی پهرلهمان: هێزی پێشمەرگە بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردوو لە چەك و مەشقكردن بێبهش كراوه، چەكێكی زۆر دواكەوتووی بەدەستەوەیە كە لە رژێمی پێشووی عێراقەوە بۆی ماوەتەوە، ئەو هاوكارییانە تا ئێستا وەك پێویست نەبووە، بەڵام ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانە هاوكێشەكەی گۆڕیوە لە بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاسمانەوە و گەیاندنی هەندێك چەك و تەقەمەنی وای كردووە هێزی پێشمەرگە بەو چەك و تەقەمەنییە تازەیەی پێیگەیشتووە هاوكێشەكە بگۆڕێت، هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكات لەم ئاستەدا، چونكە ئەو شەڕەی هێزی پێشمەرگە دەیكات شەڕێكی ناوچەیی نییە، بەڵكو شەڕێكی نێودەوڵەتییە و هەروەك سەرۆك و سەركردەكانی دەوڵەته زلهێزەكانی جیهان ئەوەیان بە ئاشكرا گوتووە كە هێزی پێشمەرگە لە بری مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەڕی تیرۆر دەكات، بۆیە پێویست دەكات پابەندبوون بەرامبەر بەو خۆڕاگری و ئازایەتی و قارەمانێتییەی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێت و ئەو هێزە پڕچەك بكرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەرنگاری ئەو گرووپە تیرۆریستییانە ببێتەوە.
ئانادۆڵو: پەرلەمانی هەرێمی كوردستان مۆڵەتی شەش مانگی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە دیاری كرد، ئایە ئەوە لەو ماوەیەدا دەكرێت؟، ئەگەر نەكرا چی؟
سهرۆكی پهرلهمان: لیژنەی پێشمەرگە و لێژنەی ناوخۆی پەرلەمان لە نزیكەوە و بە وردی چاودێری ئەو پڕۆسەیە دەكەن و بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەكەن بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیە و هەندێک هەنگاوی ئیجابی لەو رووەوە هاویژراون، بۆ نموونە سەرجەم ئەو چەكانەی لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە و تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە ئەو چەكانە وەردەگرێت و دابەشیان دەكات بەسەر بەرەكانی جەنگدا و دهكرێته موڵكی وەزارەتی پێشمەرگە، هەنگاوی دیكهش نراون و هیوادارین لە داهاتوودا پەلە بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە لە كاتی خۆیدا تەواوبێت.
ئانادۆڵو: دۆسییەی بازرگانی پێکردنی ژمارەیەك بازرگانی كورد لەگەڵ داعش بەكوێ گەیشت؟
سهرۆكی پهرلهمان: پەیوەندییەكی حەفتانە و بەردەوام لە نێوان هەردوو لیژنەی دارایی و دەستپاكی پەرلەمان لەگەڵ ئەو لێژنە وەزارییەی كە حكومەت دروستی كردووە هەیە بۆ بەدواداچوونی ئەو كەیسە و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا و زانیاری دەكەن، پێم وابێت هەموو بەرەوپێشچوونەكان هەردوولا ئاگاداری یەكترن، راپۆرتەكەی حكومەت هێشتا تەواو نەبووە، چونكە پڕۆسەكە بەردەوامە و دهستگیركردنی ئەوانەی بەشدارن لەو پڕۆسەیە بەردەوامە و لیژنەكانی ئێمەش بە بەردەوامی لەسەر خەتن بۆ بەدواداچوونی ئەو زانیارییانەی كە هەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

