سلێمانی
لە هۆڵی هۆتێل پەرێژ لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان و نووسەران و نوێنەری رێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر بەڕێوە چوو. تیایدا فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیان و كارەكانی كاوە گەرمیانی پێشكەش كرا.
دواتر رۆژنامەنووس ئاسۆس هەردی پەیامی رۆژنامەی ئاوێنە و میدیای ئەهلی پێشكەش كرد و گوتی: "باشترین رێگە بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوی شەهیدانی قەڵەم زیندوو راگرتنی پەیامەكانیان و درێژەپێدانی كارەكانیانە، بۆیە ئەم رێوڕەسمی خەڵات كردنەمان بۆ ژمارەیەك لە گەنجانی هاوپیشەی كاوە گەرمیانی رێكخست، تا ئەوانیش لەسەر هەمان رێچكە بەردەوام بن و درێژە پێدەری كاری كاوە گەرمیانی بن".
دواتر برایەكی كاوە گەرمیانی بە ناوی كاروان داوای ئەوەی کرد بکوژی براكەی بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت و بدرێتە دەست یاسا.
لای خۆیەوە رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی کردن لە رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب، گوتاری سەنتەرەكەی پێشكەش كرد كە تیایدا گوتی: "ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆ تەنیا بۆ یادكردنەوەی رۆژنامەنووسی بوێر كاوە گەرمیانی نییە، بەڵكو بۆ یادكردنەوەی هەموو قەڵەمە تیرۆركراوەكانی وەك سەردەشت عوسمان و عەبدولستار مەجید و سۆرانی مامە حەمە و هەموو قەڵەمە بوێرە تیرۆر كراوەكانە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "مافیاكانی تاوان ویستیان لە رێی تیرۆركردن و ئازاردانی ئەو رۆژنامەنووسانە و ئەوانی دیکەشەوە ئێمەی رۆژنامەنووس بێدەنگ بكەن، بەڵام شكستیان هێنا و ئێمە هەموومان پێكەوە گوتمان ئێمە كاوە گەرمیانین".
راشیگەیاند کە پێشوازییان لە بڕیارەكەی دادگای كەلار كردووە بۆ بەسزا گەیاندنی بکوژی كاوە گەرمیانی، گوتیشی: "بەڵام داواكاریشین وەڵامی پرسیارە سادەكەی خەڵك بدەنەوە، كە بۆ بەرژەوەندی كێ و لەسەر فەرمانی كێ ئەو كەسە كاوەی تیرۆر كردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی هەروا تاوانێكی راگوزەر نییە، بەڵكو هەموو بنەماكانی تاوانێكی مافیایی تیادایە" وەک رەحمان غەریب گوتی.
رێوڕەسمەکە بە هاوكاری هەرسێ رێكخراوی نێودەوڵەتیی (Free Press Unlimited) و (IMS) و (MICT) بەڕێوە چوو.
ستیڤن ئەسیست بەناوی ئەو سێ رێكخراوەوە گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "ئێمە لێرەین بۆ یادكردنەوەی كاوە گەرمیانی، كاوە رۆژنامەنووسێك بوو كاری لەسەر ئاشكرا كردنی گەندەڵی دەكرد. رۆژنامەنووس نابێت بكوژرێت بەڵام بەپێی راپۆرتەكان لەساڵی 1992ەوە هەتا ئێستا لە عێراق سەدان رۆژنامەنووس تیرۆر كراون".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "درووشمی رێكخراوەكەی ئێمە ئەوەیە هاووڵاتییان مافی زانینیان هەیە، بۆیە رۆژنامەنووسانیش ئەو مافەیان هەیە شتەكان بزانن و ئاشكرای بكەن و بیشیگەیەنن بە خەڵك، ئازادی كاتێك بەدەست دێت، هاووڵاتی بە شتە شاراوەكان بزانێت و پێی بگات".
ئەوەشی خستەڕوو کە رۆژنامەوانی بەدواداچوون بنەمایەكە بۆ گەشەسەندنی دیموكراسی و رای گشتیی دروست دەكات بەرامبەر ئەو شتە شاراوانەی رۆژنامەنووس ئاشكرای دەكات و "دەسەڵات دەیەوێت بەشاراوەیی یمێنێتەوە، ئەم جۆرە رۆژنامەوانییە مەترسی تیادایە، بە تایبەت كاتێك گەندەڵییەك ئاشكرا دەكەیت بۆ خەڵك" وەک ناوبراو باسی کرد.
دواتر كۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر لەتیشیا ڤان ئاش گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "بەزاندنی ئازادی رۆژنامەوانی لەوانەیە ببێتە گوللەیەك كە دواتر خۆت بپێكێت. لە ساڵی 2013دا لە عێراق 13 رۆژنامەنووس كوژراون، ئەوان زۆرینەیان لەو شوێنە كوژراون كە لێی لەدایكبوون، پەیامنێر و رۆژنامەنووسە بیانییەكانیش لەژێر هەمان مەترسیدان بەڵام وەك رۆژنامەنووسانی ناوخۆ نین، ئەوان كە كارەكەیان تەواو بوو سواری فڕۆكە دەبن و شوێنەكە جێ دەهێڵن. فیدراسیۆنی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی لەسەر تیرۆری كاوە گەرمیانی نووسیویەتی، سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ و پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە بە بەرچاوی دایكییەوە لەبەر دەرگای ماڵەکەی بە گوللە كوژرا. ئێمە لە هۆڵەندا پێمان وایە ئازادی میدیا پایەکە لە پایەکانی دیموكراسییەت".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "ئەم رێوڕەسمەی ئەمڕۆ ئەوە دەردەخات كە ژیان و كارەكانی كاوە گەرمیانی لەیاد نەكراون و لەیاد ماون".
لە كۆتایی رێوڕەسمەکەدا خەڵاتی "كاوە گەرمیانی بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی" بەخشرایە هەرسێ رۆژنامەنووس شاڵاو ئەحمەد و هێمن حەسەن و كاوە شێخ عەبدولڵا.
كاوە گەرمیانی یەكێك بوو لە رۆژنامەنووسە دیار و چالاكەكانی قەزای كەلار و ناوچەی گەرمیان، پەیامنێری ماڵپەر و رۆژنامەی ئاوێنە و سەرنووسەری گۆڤاری رایەڵ بوو كە لە كەلار دەردەچوو. بەر لە ساڵێك و لە 5ی کانوونی دووەمی 2013دا لە بەردەرگای ماڵەكەیدا لە لایەن كەسێكی نەناسراوەوە تەقەی لێكرا و کوژرا.