سلێمانی
توێژەر لە توێژینەوەکەیدا کە لەمیانی کتێبێکدا بەچاپی گەیاندووە و ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، شیکاری بۆ سەرجەم ھەڵبژاردنەکان لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠١٠ کردووە، لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و خستنەڕووی دیاردەی ساختەکاری، ھاوکات بەراورد لەنێوان دەنگی ھێزەکان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا کراوە.
محەمەد ڕەئوف لەبارەی ئامانجی توێژینەوەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو AA دوا و وتی"خستنەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەیە ھەڵبژاردن لە کوردستان دروستی کردووە، ئەویش لەڕێگەی ئەو ئامار و داتایانەی لە کەناڵە فەڕمیەکان بەتایبەتی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان خراونەتە ڕوو، بۆئەوەی لەڕێگەی داتاو ئامارەکانەوە گۆڕانکاری ھێزەکان لەڕێگەی ھەڵبژاردنەکانەوە بخاتەڕوو".
توێژینەوەکە لە دوو بەشی سەرەکی و ھەشت دەروازە پێکھاتووە، لەبەشی یەکەمدا باس لە زەمینەسازی کراوە بۆ یەکەمین ھەڵبژاردن لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ ، لەبەشی دووەمیشدا باس لە ھەڵبژاردنی ناھاوسەنگ دەکات.
توێژەر دەڵێ"بەبەراوردکردنی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لەنێوان ھەڵبژاردنی (١٩٩٢یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ٢٠١٠ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق) دەردەکەوێت گۆڕانی گەورە لە نەخشەی سیاسی ھێزەکاندا رووی داوە.
بەنمونە پارتی دیموراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا (٤٣٧٨٧٩) دەنگی بەدەستھێناوە کە دەکاتە (٤٥,٠٥ %) بەڵام لەھەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا لەسەر ئاستی ھەرێم (٦٧٠٩٦٥) دەنگی ھێناوە کە دەکاتە(٣٤,٦ %) بەو پێیەش لەو ماوەیەدا ڕێژەی (١٠,١ %) دەنگەکانی لەدەستداوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢ (٤٢٣٨٣٣) بەڕێژەی (٤٣,٦ %)دەنگی بەدەستھێناوە، لەھەڵبژاردنی ٢٠١٠ (٣٩٧٩٢٩) بەڕێژەی (٢٠.٥٢ %) دەنگی بەدەستھێناوە، بەو پێیەش لەو ماوەیەدا ڕێژەی (٢٣,٨ %) دەنگەکانی لەدەستداوە.
لایەنە ئیسلامییەکان کە لەساڵی ١٩٩٢ بەلیستی ئیسلامی بەشدارییان کرد (٤٩١٠٨) دەنگ بەڕێژەی (٥,٠٤ %)دەنگەکانی بەدەستھێنا، بەڵام لەھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ دا ئیسلامییەکان بە ٣ لیستی جیا(یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی) بەشدارییان کردو کۆی ڕێژەی دەنگەکانیان گەیشتە لە(١٩,٣٥ %)، واتە دەنگەکانییان لەو ماوەیەدا بەڕێژەی (١٤,٣ %)زیادی کردووە.
لەئێستادا ھەرێمی کوردستان لەنێوان دووبەرەی ڕکابەردایە، بەرەیەکیان دەسەڵاتە و لە (ینک و پدک و چەند حزبی تری بچوکی ھاوپەیمان) پێکھاتووە، بەرەکەی تریشیان ئۆپۆزسیۆنە کە لە (گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵی ئیسلامی و ئایندە) پێک ھاتووە، دەنگی ینک و پدک لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا (٥٥,١٢ %)یە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە(٤٠,٩٧ %)ی دەنگەکانە و دەنگەکانی تریش ھی لایەنەکانی ترە.
ئەنجامی شیکارییەکەی ئەو توێژەرە دەریدەخات ھەڵبژاردن نەخشەی سیاسی ھێزەکانی گۆڕیوە، بەو پێیەی لە ھەڵبژاردنی ١٩٩٢دا (ینک و پدک)وەک دوو ھێزی باڵادەستی کوردستان ڕێژەی (٨٩ %)ی دەنگەکانییان ھەبووەو لایەنەکانی تر(١١ %)، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٠ دا دەنگی (ینک و پدک) بۆ (٥٥ %)دابەزیوەو دەنگی لایەنەکانی تر بۆ (٤٥ %)بەرز بۆتەوە، واتە دەنگی ئەو دوو لایەنە (٣٤%)کەمی کردووە و دەنگی لایەنەکانی تریش(٣٤%) بەرز بۆتەوە.
لەکۆتایی شیکارییەکەشدا ئەنجامی پێشبینکراو بۆ ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان خراوەتە ڕوو کەبەم شێوەیەیە:
"پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٢ بۆ ٣٦ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١٨ بۆ ٢٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ٢٢ بۆ ٢٧ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ٩ بۆ ١٢ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٥ بۆ ٧ کورسی، لایەنەکانی تر ٤ بۆ ٦ کورسی".