Hemn Baban
13 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
ئهندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، هێمن شێخانی رایگەیاند کە پۆستی جێگری سهرۆكی حكوومهت مافی گۆڕان دهبێت ئهگهر بڕیاری بهشداریكردن بدەن لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هێمن شێخانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت لە کابینەی داھاتوو ئیستیحقاقی خۆمانە، ئەگەر بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەت بدەین".
ئهندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، هێمن شێخانی گوتیشی: "ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن لە حکوومەت بدات ئەوا ئەو کات سێ پۆستی سەرەکی ھەیە کە سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ پۆستی سێیەم کە جێگری سەرۆکی حکوومەتە ئەوا مافی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت، ئێمە ھێشتا بڕیاری ئەوەمان نەداوە دەچینە حکوومەتەوە یان نا، ئەگەر ئیستیحقاقی خۆمان وەرنەگرین نە دەبینە دیلی دەستی کەس و نە بەشداریی حکوومەت دەکەین".
هەر سەبارەت بە پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئهندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، هێمن شێخانی روونیکردەوە "تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە بەشداریی کابینەی نۆیەم دەکات یان نا، ئەم بڕیارە چارەنووسسازە جڤاتی نیشتمانی دەیدات، جڤاتیش ھێشتا کۆبوونەوەی نەکردووە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام راپرسییەکی گەورەمان لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەدەستەوەیە کە دەبێتە بەشێک لە بڕیاری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و ئەو کات ھەردووکی پێکەوە دەبنە بڕیاری گۆڕان و یەکلایی دەکەینەوە".
ئەو ھەروەھا گوتیشی: "بەشێک لەگەڵ ئەوەن کە گۆڕان بەشداریی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم بکات، بەشێکی دیکەش لەگەڵ ئەمەدا نیین و پێیان باشە گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی پێیان باش نییە بەشداریی بکەین ھەڵوێستەکانی پێشووی یەکێتی و پارتی بە نموونە دەھێننەوە کە بەلای ئەوانەوە جێی متمانەی گۆڕان و قاعیدەکەی نیین، ئەوانەشی پێیان باشە بچینە حکوومەتەوە دەڵێن لەوێ پڕۆژەکانی گۆڕان جێبەجێ بکەن کە نوێنەرەکانی گۆڕان لە کابینەی پێشوو ئەوەی دەرخست کە کارەکانی ئەوان جیاواز بوو لە وەزیرەکانی دیکە و ئەوەی دەرکەوتووە لە بەشێک لە راپرسییەکەی ناوخۆیی گۆڕان رێژەی ئەوانەی پێیان باشە گۆڕان بەشداریی حکوومەت بکات زیاترە لەو رێژەیەی پێیان باشە ببینە ئۆپۆزسیۆن لەم خولەدا".
سەبارەت بە مەرجەکانی گۆڕانیش بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت ھێمن شێخانی گوتی: "گۆڕان خاوەنی پڕۆژەیەکی بەھێزە و ئەمجارە جیاواز لە نۆ ساڵی رابردوو شتێکمان بەدەستەوەیە و لە حکوومەت بین یان لە شەقام دەگەینە ئامانج".
سەبارەت بە خۆ ئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی گۆڕان ھێمن شێخانی گوتی: "جڤاتی نیشتمانی بڕیاری داوە کە کۆنفڕانسی نیشتمانی لە ماوەی سێ مانگدا ئەنجامبدرێت، لەئێستادا چەند لێژنەیەک دروستکراوە بۆ ئەو مەبەستە و سێ لێژنەیان بریتیین لە لێژنەکانی نووسینەوەی دەستوور، لێژنەی نووسینەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، لێژنەی ئامادەکاری کە ئەمان سەرقاڵی کارەکانی کۆنفڕانسی نیشتمانی دەبن لەگەڵ لێژنەکانی دیکەش".
ھەروەھا سەبارەت بە کەمکردنەوەی رێژەی دەنگەکانی گۆڕانیش ئهندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، هێمن شێخانی گوتی: "ئێمە پێمان وایە بزووتنەوەی گۆڕان لە غیابی کاک نەوشیروان نەیتوانیوە پەیامی خۆی لەو کەناڵانەی کە ھەیەتی بیگەیەنێت".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.