Hemin Hüseyin
13 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون، مەحمود حاجی ساڵح رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی بڕی ١٦ ملیار و ٨٥٨ ملیۆن دینار بۆ قوتابییانی کوڕ و کچی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی.
مەحمود حاجی ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەی سەردانەکانیان بۆ بەغدا گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا تاوتوێی گواستنەوەی ئەو ٤٤ ملیار دینارەی کەسوکاری شەھیدان کراوە کە مانگانە حکوومەتی ھەرێم دابەشی دەکات، بەڵام ئەو کاتەی ئەو بووجەیە دەگوازرێتەوە سەر بەغدا، بڕی پارەکە زیاد دەبێت بۆ ١٠٨ ملیار دینار بەم پێیەش مینحەی کەسوکاری شەھیدان ھاوتای مینحەی کەسوکاری شەھیدان دەکرێت لە عێراق".
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیانەی کرد کە رێگایان نەدا بە هۆی دواکەوتنی کرێی خوێندنەوە پڕۆسەی خوێندنیان پەکی بکەوێت و راشیگەیاند کە قەرزی ساڵی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ رەزامەندی خەرجکردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە.
وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: "لە ھەوڵی بەردەوامداین لەو گفتوگۆیانەی لەسەر بووجەی ٢٠١٩ی عێراقی ھەیە ئەمڕۆ نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەغدا دەکەین بەو ئومێدەی ئەنجامێکی باشی ھەبێت".
لەبارەی ھەڵوێستی بەرپرسانی حکوومەتی عێراقیش سەبارەت بە یەک خستنی مینحەی کەسو کاری شەھیدان، مەحمود حاجی ساڵح رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق پاڵپشتی لەو بابەتە کردووە، چونکە پرسێکی دەستوورییە.