سلێمانی
دەمەوبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە ٢ی کانوونی یەکەم سەعات ٧:٣١، لە دوو کۆڵانی جیاواز لە گەڕەکی سەرچنار بەشی رۆژئاوای شاری سلێمانی، دوو بۆمبی لکێنراو بە دوو ئوتۆمبیلەوە تەقینەوەو لە ئاکامدا دوو ئەفسەری پلە باڵای ھێزی پێشمەرگە برینداربوون.
ھەر یەکە لە عەمید کەمال کامیل فەرماندەی کەتیبەی دەبابات لە ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەو عەمید جەلال عادیل نەسرەدین، ئەفسەری پلە باڵا لەو ھێزە، بەر لەوەی بەڕێکەون بۆ سەر کارەکانیان، لەبەردەمی ماڵی خۆیان و لە ناو ئوتۆمبیلەکانیان بۆمبە لکێنراوەکانیان پێدا تەقیوەتەوە.
لەدوای تەقینەوەکان، پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی چوونە شوێنی رووداوەکان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سلێمانی عەمید حەسەن نوری لە شوێنی رووداوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو دوو کەسەی کراونەتە ئامانجی تەقینەوەکان، ئەفسەری پلە باڵان لە وەزارەتی پێشمەرگەو لەکاتێکی زۆر نزیک. بۆیە گومان دەکەین ھەوڵەکان بۆ تیرۆرکردنی ئەو ئەفسەرە بووە نەک تەقینەوەیەکی عەشوایی."
کاربەدەستانی ئاسایشی سلێمانی لە شوێنی رووداوەکە رایانگەیاند: لێکۆڵینەوەی وردو خێرا دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی. بەڵام ھێشتا ھیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار نەکراوە بە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە.