Muhammed Karim Saedgul
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2020
بەغدا - AA
گوتەبێژى حكوومەتى عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال، رايگەياند هێزە ئەمنييەكانیان ئامادەن ئاسايشى شنگال بپارێزن.
گوتەبێژى حكوومەتى عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال، لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامیدا، وڵامى پرسیاری رۆژنامەنووسانى دايەوە.
ئەحمەد موللا تەڵال، لە وەڵامى پرسيارى ئەوەى لە چوارچێوەى رێككەوتنى نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر شنگال، چۆن رێكخراوى تيرۆريستى پەكەكە لە ناوچەكە دەردەكەن گوتى: "بە وردى و تايبەتى دەمانەوێت هێزە ئەمنييەكانمان لە شنگال نەكەونە هيچ پێكدادانێكى سەربازیى. چەند لايەنێك پەكەكە بە رێكخراوێكى تيرۆريستى دادەنێت. وەكو حكوومەت، دەمانەوێت ياسا و بوونى دەوڵەت لە ناوچەكە لە رێگەى بەكارهێنانى سياسەتى هێزى نەرم جێبەجێبكەين. هێزە ئەمنييەكانى عێراق، ئامادەيە دۆسيەى ئەمنى و ئاسايشى شنگال وەربگرێت".
ئەحمەد موللا تەڵال، ئاماژەى بەوەش كرد كە سەرجەم ماددەكانى رێككەوتنى شنگال جێبەجێ دەكەن و راشيگەياند فەڕەنسا و ئەڵمانيا و چەندين وڵاتى ئەورووپى دیکە ئامادەيى خۆيان نيشانداوەتەوە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەكە.
گوتەبێژى حكوومەتى عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانى ئەمريكا گوتى، "ئەو رێككەوتننامانەى كە لەگەڵ ئەمريكا ئەنجاممانداوە، لەگەڵ حكوومەتەكان نييە بەڵكو لەگەڵ دامەزراوەكانى دەوڵەت كردوومانە. ئێمە وەكو دەوڵەت سەيری ئەمريكا دەكەين".