Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
دەزگای شەھیدان سەربە حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوایکردووە لەوەی پەلە بکرێت لە قەرەبووکردنەوەی حەوت هەزار کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی قوربانیانی تیرۆر لە دەزگای شەھیدان، تارق مەندەلاوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە شاندێکی دەزگاکەیان سەردانی پارێزگای نەینەوای کردووە و نووسینگەی دەزگای شەھیدان-یان لە قەزای شێخان کردووەتەوە و گوتی:
"شاندی دەزگای شەھیدان لە سەردانەکەیدا، کەمپی شێخانی بەسەرکردووەتەوە کە لە میانیدا بەدواداچوونیان بۆ مامەڵەکانی کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی کردووە".
تارق مەندەلاوی ئاماژەی بەوەیشدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوایکردووە لەوەی پەلە بکرێت لە قەرەبووکردنەوەی حەوت ھەزار کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی و گوتی:
"لە ئامارەکاندا ئەوە خراونەتەڕوو کە حەوت ھەزار کوردی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، کوژراون، برینداربوون و بێ سەروشوێنکراون".
تیرۆریستانی داعش لە سێی ئابی ٢٠١٤دا ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و بەھۆیەوە ژمارەیەک زۆری ھاووڵاتیی ئێزدی کوژران و ژمارەیەکی دیکەیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندران لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ ھەبوو.