رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كاترین ئاشتۆن ئاشكرایكرد كە ناوەرۆكی رێككەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ٢٠ ئەم مانگە جێبەجێ دەكرێ.
ئاشتۆن لە لێدوانێكی نووسراویدا دەربارەی رێككەوتنی ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی و ئەڵمانیا كە بە گرووپی وڵاتانی ١+٥ ناسراوە لەگەڵ ئێران ئاشكرایكرد كە گفتوگۆی نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عراقچی لەگەڵ ھیڵگا شمید كە رۆژانی ٩ و ١٠ی ئەو مانگە لە جنێڤ ئەنجامدرا و هەروەها جێبەجێكردنی رێككەوتنی پرۆگرامی ئەتۆمی كە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو واژو كرا، توانی ھەموو كێشەكانی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە چارەسەر بكا و لەمبارەیەشەوە هەموو وڵاتانی جیهانمان ئاگاداركردۆتەوە.
ئاشتون لەو لێدوانەیدا لەربارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ٢٤ تشرینی دووەمی رابردوو ئاشكرایكرد كە رێككەوتنەكە لە ٢٠ ئەم مانگە جێبەجێ دەكرێ و بەمەش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چاودێری پێویستی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەكا.
گرووپی ١+٥ لەگەڵ ئێران لە ٢٤ تشرینی دووەمی رابردوو لە جنێڤ، رێككەوتنیان لە بارەی راگرتنی ھەندێك لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بەرامبەر سووككردنی سزا نێودەوڵەتیەكان لەسەر ئێران، رێككەوتنێكیان واژوو كرد.