لە لێدوانێكی نووسراودا سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما هاتووە كە دوای ١٠ ساڵ بۆ یەكەم جار گەیشتینە رێككەوتنێك دەربارەی راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و قەبوڵكرا بەشە سەرەكیەكانی ئەو بەرنامەیە لەكاركردن سستبكرێتەوە.
ئۆباما لەوبارەیەوە گوتی: "ئێران لە ٢٠ كانوونی دووەمی ئەم مانگە بۆ یەكەم جار، یۆرانیۆمی پیتێنراو خاو دەكاتەوە و كاری پیتاندن رادەگرێ. ئێران قەبوڵیكرد ئامێری ساردكەرەوە لە وێستگە ناوەكیەكانی دانەمەزرێنێ. لەمەودوا ئێران دەرگای وێستگەكانی بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی دەكاتەوە. ھەموو ئەمانە ئامانجی ئێمەن بۆ رێگرتن لە ئێران تاوەكو چەكی ئەتۆمی بەدەست نەھێنێ."
لە لێدوانەكەی ئۆبامادا ھاتووە: "لەبەرامبەر ئەمانەدا لە ماوەی شەش مانگی داھاتوو ئەمریكا لەگەڵ ھاوپەیمانانی لە گرووپی ١+٥ لەو كاتەی ئێران ئەركەكانی بەجێدەگەینێ، ئێمەش ھەوڵی چارەسەریەكی بەفراوانی پرۆگرامەكە ئەتۆمیەكەی دەخەینەگەڕ، ھەوڵ دەدەین دەربارەی سزاكان بە نەرمی ھەنگاو بنێین. ئەگەر ئێران لەوبارەیەوە ئەركەكانی جێبەجێ نەكا، سزاكان توندتر دەكەین."
ئۆباما دەڵێ گەماڕۆدانی ئێران و ھەوڵی دیپلۆماسیانەی چڕوپڕ ھاوكاربوو لەوەی ئێران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ھەروەھا دەڵێ لەو ساتەوەختە سەپاندنی گەماڕۆ زیاتر بەسەر ئێران ھەوڵەكانی چارەسەركردنی ئەو مەسەلەیە بە ئاشتیانە پەك دەخا و هەموو یاسایەكیش لەوبارەیەوە ڤیتۆ دەكا. لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ لەو رێككەوتنە بە كردەوە بەرەو پێشەوە دەچین. بەو ھەنگاوە گرنگە زۆر خۆشحاڵم، ئێستا دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران خۆمان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی بەرفراوان خەریك دەكەین. دەزانم پێكانی ئەو ئامانجە چەند زەحمەتە، بەڵام بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان و هەروەها بۆ ئاشتی و ئارامی، دەرفەت بە سەركەوتنیھەوڵی دیپلۆماسی دەدەین."