گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی دەڵێ شاندەکە کۆشش دەکەن تا کۆتایی بە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بێنن لەبارەی پرسی هەناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دزەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ چارەسەری کێشەکانی هەناردنی نەوتی هەرێم، لە ھەولێرەوە شاندێک دەچێتە بەغدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دستووری عێراقە لەو بارەیەوە و خوزیارە بە زووترین کات کێشەکان کۆتاییان پێ بهێنرێ."
رۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، شاندێکی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا، لەو کاتەدا لە نێوان کاربەدەستانی هەولێر و بەغدا بڕیاردرا، شاندێک سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ تاوتوێکردنی زیاتری ئەو پرسانەی هێشتا بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "سامانە سروشتییەکانی عێراق، ھی ھەموو گەلانی عێراقە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی دەستووری عێراق و رێکەوتنامەی رۆژی ٢٥ کانوونی یەکەمی ساڵی پارە. بۆیە دەمانەوێ لە کاتێکی زوودا کێشەکان چارەسەر بکرێن و بودجەی عێراق زووتر بچێتە پەرلەمان."