Dilşad Seyfeddin Ahmed
10 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2015
سلێمانی
خۆپێشاندانەكە لە سەعات نۆی سەر لە بەیانییەوە لە نزیك بارەگەی ناوچەی سەیدسادقی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی پێ كرد و خۆپێشاندەران دەستیان بە بەردبارانكردنی بارەگاكە كرد.
خۆپیشاندەران سەدان كەس دەبن، بەشی زۆری ئەو كەسانە گەنجانن لە تەمەن 13 بۆ 25 ساڵان و بە سووتاندنی تایە و كردنەوەی ئاگر لەسەر شەقامی سەرەكی شارەكە و نزیك بارەگاكەی پارتی بەردبارانی ئەو بارەگایەی پارتی دەكەن كە دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكی شارەكە لە رۆژهەڵاتەوە.
لەسەر هەمان شەقام بارەگای سەرەكی هەردوو لایەنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان هەیە و ئەو بارەگایانەش بەهۆی نزیكییانەوە بەر بەرد كەوتوون و جامەكانیان شكێندراون.
قائیمقام و بەڕێوەبەری پۆلیس و ئاسایشی شارەكە لە ناوەندی خۆپێشاندانەكە ئامادەییان هەیە و سەرقاڵی هێوركردنەوەی دۆخەكەن بەڵام خۆپێشاندەران كۆنترۆڵ ناكرێن و دەیانەوێت زیاتر لە بارەگاكەی پارتی نزیك ببنەوە كە تەنها 200 مەتر لێیەوە دوورن.
ئەو خۆپێشاندان و پێكدادانانە دۆخی نێوخۆی شارەكەیان تێك داوە و زۆربەی دووكان و بازاڕی شارەكە داخراون.
قائیمقامی سەیدسادق دیاری رەفیق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی كەمی ژمارەی هێزەکانی ئەمنی نێو شارەكەوە نەتوانراوە خۆپیشاندانەكە كۆنترۆڵ بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هێنانی هێزی زیاترمان لە دەرەوە كردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی ئەو هێزەین".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی تا ئێستا نزیكەی 10 كەس بەهۆی بەردەوە بریندار بوون، لە نێویاندا بەڕێوەبەری ئاسایش و هێزەکانی ئەمنی هەیە.
پێكدادانەكە لە نێوان خۆپێشاندەران و پاسەوان و ئەندام و لایەنگرانی بارەگاكەی پارتییە كە ژمارەیان نزیكەی 100 كەس دەبێت و بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكەیان لە بەردەم بارەگاكە كۆبوونەتەوە و بەبەرد وەڵامی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
خۆپێشاندانی ئەمڕۆی سەیدسادق، دوای خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەكانی شەوی رابردووی قەڵادزێ دێت كە بەو هۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە و بارەگای پارتیش لە شارەكە سووتێندرا.