سياسەت

"کێشەی کورد لە سووریا بە سیاسیی چارەسەر دەبێت نەک بەشەڕ"

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەندامی دەستەی گشتی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، شەلال گەدۆ: - "دۆزی کورد بابەتێکی سیاسییە و بە چەکداری چارەسەر نابێت".

Heman Hussein Yaseen  | 07.11.2019 - نوێکردنەوە : 10.11.2019
"کێشەی کورد لە سووریا بە سیاسیی چارەسەر دەبێت نەک بەشەڕ"

Arbil

هەولێر - AA

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایدەگەیەنێت کە کێشەکانی سووریا دەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە چەند جارێک لەگەڵ پەیەدە پەیمانییان واژوو کردووە بەڵام ئەوان پابەند نەبوونە و رایانکردووە لە بەڵێنەکەیان.

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و ئەندامی دەستەی گشتی هاوپەیمانی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، شەلال گەدۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان کێشەی ئێمە لە سووریا دەتواندرێت بە گفتوگۆی سیاسیی چارەسەر بکرێت، باوەڕی ئێمە وەکو ئەنەکەسە، دۆزی کورد بابەتێکی سیاسییە و بە چەکداری چارەسەر نابێت و لە کۆنەوەش هەر داوای بابەتی سیاسیمان کردووە دژی شەڕی چەکدارین".

شەلال گەدۆ گوتیشی: "بەرپرسانی تورکیا زیاتر لە جارێک گوتوویانە کێشەمان لەگەڵ کوردەکان نیە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ پەیەدەیە، پێویستی ئێمە ئەوەیە کە وەکو دراوسێ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باش بێت و پەیوەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەروایە، کوردی سووریاش بە بۆچوونی من دەبێت وەکو دراوسێیەکی گەورە پەیوەندییەکەمان لەگەڵ تورکیا بازرگانی و مرۆڤایەتی بێت".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی ئەنەکەسە گوتیشی: "لە کاتی دەستپێکی شۆڕشی سووریا تا ئێستا سێ پەیمانمان لەگەڵ پەیەدە واژوو کردووە کە بریتیی بووە لە پەیمانی هەولێری یەک، پەیمانی هەولێری دوو، پەیمانی دهۆک کە هەمووی لە ژێر چاودێری جەنابی بارزانی بووە، بەڵام پەیەدە هیچ پابەند نەبوو، رایکرد لە پەیمانەکان، ئێمە ناترسین لە پەیمانی کوردی لەگەڵ کوردی و هیچ جارێک ترس و نیگەرانیمان نەبووە".

سەبارەت بە دەستپێشخەریی و نزیکبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ پەیەدە، شەلال گەدۆ گوتی: "هیچ متمانەیەک لەنێوان پەیەدە و هەسەدە و ئەنەکەسە نەماوە، پێویستە ئەوان مومارەساتی خۆیان راگرن و متمانەیەک دروست بێت و دواتر هەوڵی گفتوگۆ بدرێت چونکە پێش شەش مانگ دەستپێشخەرییەکی فەڕەنسا هەبوو بۆ گفتوگۆ تا ئێستاش بەردەوامە بەڵام پەیەدە ئامادەنییە بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جگە لەوە تا ئێستاش سەرکردایەتی ئەنەکەسە لە زیندانەکانن و بارەگانییان قەدەغەیە، پێویستە ئەوانە هەموو ئاسایی بکرێنەوە".

ناوبراو داواشی کرد کە خەڵکی سڤیل لە ململانییەکاندا پارێزراو بن و گوتی: "پێویستە هەموو پێکهاتەکان ببن بە یەک و پەیامێک بنێرن بۆ وڵاتان بەتایبەت تورکیا بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل پارێزراوبێت، چونکە لە ئەنجامی بارودۆخی ئەم دواییە بە هەزاران کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بوونەتە پەنابەر کە تەنیا کوردیش نیە بەڵکو کورد و عەرەب و مەسیحییشی تێدایە".

شەلال گەدۆ راشیگەیاند کە پەیامیان ئەوەیە کێشەکان بە سیاسیی چارەسەر بکەن و جەختیشی لەوە کردەوە کە شەڕی چەکداری هیچ شتێک چارەسەر ناکات جگە لە گفتوگۆی سیاسییانە کە دەتوانرێت ئاشتی دەستەبەر بکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın