Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر ـ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکوومەت نایەوێت باج لەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت قورس بکات، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی درووست سیستمی باجی کۆمپانیا گەورەکان رێک بخرێتەوە".
مەسرور بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە دیبەیتێکی تایبەتی دیداری مێری ٢٠١٩ لە شاری ھەولێر، باسی لە پرسە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
مەسرور بارزانی سەرەتا و لە بارەی کابینەی حکوومەتەکەی قسەی کرد و گوتی:" وەک ئەرک و ئەمانەتێک پۆستی سەرۆکوەزیرانم وەرگرتووە نەک بۆ ئیمتیاز، ھاتووم بۆئەوەی ھەرچی لەتوانامدا بێت پێشکەشی خەڵکی بکەین، راستە دروستکردنی حکوومەت ماوەیەکی خایاند بەڵام ئەوەی لەم ماوەیەدا ھەیە ئەوەیە کە ھەماھەنگییەکی باش و لێکتێگەیشتنێکی زۆر ھەیە لەنێوان من و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکان، رۆژی یەکەم بە ھەموو وەزیرەکانم گوتووە کە ئێمە ھاتووین خزمەتی خەڵک بکەین و ئەجێندایەکی ھاوبەشمان ھەیە و پێویستە لەئاست جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایە بین ، پێشم گوتوون کە دەتوانین لێک نزیک بین کاتێک ھەموومان خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک بزانین ، ئێمە ھاتووین لە خزمەتی خەڵک بین نەوەک خۆمان بسەپێنین بەسەر خەڵکدا ".
بارزانی لەبەشێکی تری دیبەیتەکە و لە بارەی چوارساڵی ئاییندە و کارنامەی حکوومەتەکەی دواو گوتی:" یەکێک لەو کارنامانەی بۆ قۆناغی داھاتوو پێویستە وەک حکوومەت کاری لەسەر بکەین پرسی گەندەڵی و نەھێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازییە بۆ ئەوەی تا پێمان بکرێت ئەو دیاردەیە نەمێنێت، ھەروەھا ھەوڵمانداوە کە ئەم حکوومەتە حکوومەتی خزمەتگوزار بێت تاوەکو زیاتر خەڵک ببێت بەسەنتەر و ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوە بێت چۆن خزمەتی خەڵکەکە بکەین. بەرنامەمان ھەبووە و کاریشمان لەسەر کردووە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا باش بکەین و ھەوڵێکی جددی ھەیە کە پەیوەندییەکانمان ئاسایی بکەینەوە لەسەر بنەما دەستوورییەکان کە ھەیە.پاشان کرانەوە بەرووی دنیادا لە رووی ھێنانی وەبەرھێنانی بیانی و پەرەپێدانی وەبەرھێنانی ناوخۆ. لەگەڵ فراوانکردنی سەرچاوەی داھات کە تەنیا پشت بە ھەناردەکردنی نەوت و غاز نەبەستین و ھەوڵی پەرەپێدانی ھەموو کەرتەکانی تری ئابووری وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بدەین.ھەروەھا گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و تەندرووستی بدەین ".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت:" پرسی ئەمنی و پاراستنی ئەزموون و دۆخی ئێستای ھەرێم بەلامانەوە گرنگە. ھەروەھا کاردەکەین بەرەو بەئەلیکترۆنی کردنی خزمەتەکان و نەھێشتنی رۆتینات. لە کەرتی پەروەردە پێویستمان بە ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە ھەیە کە نییە و پێویستمان بە نزیکەی ٣٥ ھەزار پۆلی نوێ ھەیە تاوەکو بتوانین بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و رێژەی پێویستی مامۆستا دابین بکەین.زۆربەی قوتابخانەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە ھەیە بۆ ئەو مەبەستەش بوودجەیەکی تایبەتمان دابینکردووە".
لەبارەی کەرتی تەندروستیش ، مەسرور بارزانی گوتی:" لەگەڵ وەزیری تەندروستی گفتوگۆمان کردووە کە چۆن پەرە بە سیستمی تەندرووستی بدەین و بتوانین لە داھاتوودا خەڵک لە دەرەوە بێتە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن، دەمانەوێت بەو بڕە پارەیەی کە بۆ ناردنە دەرەوەی نەخۆش تەرخان دەکرێت، تەکنەلۆجیای پێویست بھێنرێتە ھەرێم کە خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبن و سوودی لێ وەردەگرن،ئەوکات ئاستی چارەسەری تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بەرز دەبێتەوە".
بارزانی لە بارەی کەرتی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی:" ھەر وڵات و کۆمەڵگەیەک بیەوێت پێش بکەوێت، دەبێت ژێرخانی ئابووری باشی ھەبێت، بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان بە پێی پێویست نەتوانراوە بکرێت، لە زۆرێک لە کەرتەکان کەموکوڕی ھەیە و دەبێت تەواو بکرێن.
زۆربەی سیاسەتی ئابووری ھەرێمی کوردستان تا ئیستا لەسەر ھاوردەکردنی کەلوپەل بووە لە دەرەوە، ئێمە زیاتر وڵاتێکین کەلوپەل ھاوردە دەکەین و خۆمان نەمانتوانیوە بەرھەمێکی ئەوتۆمان ھەبێت کەبینێرینە دەرەوە، جگە لە نەوت تەنھا ھەندێک بەرھەمی کەم بەرەو دەرەوەی ھەرێم ھەناردە کراوە.
ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ راکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ ھەرێمی کوردستان و دەبێت ئاسانکارییان بۆ بکرێت. لە ھەمان کاتدا دەبێت وەبەرھێنەری ناوخۆش ھان بدرێت داھات نەباتە دەرەوە ".
مەسرور بارزانی ئەوەشی گوت:" لەسەرتاوە گوتوومانە دژی گەندەڵین، ھەموو ھەوڵێکیشم داوە لەم کابینەیەدا ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکەین. ھەوڵمانداوە ریفۆرمی دارایی و ئیداری بکەین، ئەوەش رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی، بۆ ئەو مەبەستەش پسپۆڕی بیانی ھێنراوەتە ھەرێمی کوردستان".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە بارەی سیستمی باج گوتی:" دەمانەوێت تەنھا پشت بە یەک سەرچاوەی داھات نەبەستین و گرنگی بە تەواوی کەرتەکانی تریش بدەین، بەتایبەت باج. حکوومەت نایەوێت باج لەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت قورس بکات، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی درووست سیستمی باجی کۆمپانیا گەورەکان رێک بخرێتەوە".
مەسرور بارزانی لەبەشی کۆتایی دیبەیتەکەی مێری و لە بارەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا قسەی کرد و ئاماژەی کرد بەوەی لەدوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەم، لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و چەند وەزیرێکی حکوومەت سەردانی بەغدایان کردووە بۆ پیشاندانی نیازپاکی و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان.
بارزانی لەو بارەیەوە گوتی:" دوو شت بوونەتە گرفت، یەکیان ناوچە کوردستانییەکان و ئاسایشی ناوچەکە، لەگەڵ پرسی نەوت و گاز و بوودجە، لە رابردوودا کاریان لەسەر کراوە و دەستکەوتی باش ھەبووە، پێشنیارمان کردووە بگەڕێینەوە سەر ئەو پێشنیازەی پێشووتر کە لە ساڵی ٢٠١٤ کراوە بۆ درووستکردنی سەنتەرێکی ھاوبەش بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی ھاوبەش. دەتوانرێت بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ چارەسەری پێویست بۆ ناوچەکە دابنرێت، بەداخەوە ھەندێک پرس ھاتوونەتە پێش کە ئاستەنگی درووست کردووە، ئەوەش وا دەکات کاتێکی زیاتری بۆ دابنرێت".
مەسرور بارزانی باسی لە ھۆکارەکانی بڕیاری ھەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی:" ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەبوو، تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بە شێوەیەکی سیستماتیک کار بۆ ئەوە کرا ھەرێم لە ناوەندی بڕیار دوور بخرێتەوە، لەکاتی سەرھەڵدانی داعش و ناچاربووین سەنگەرمان بە درێژایی ١١٠٠ کیلۆمەتر ھەبێت، ھاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە، دابەزینی نرخی نەوت، ئەوانە ھەموو ھۆکار بوون بۆ دەستکردن بە ھەناردەکردنی نەوت و پەیداکردنی سەرچاوەی داھات".
بارزانی ئەوەشی گوت:" ئێستا رووبەڕووی واقیعێکی نوێ بووینەتەوە، عێراق رۆژانە ٤.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنێت، ٣ ملیۆن دەفرۆشێت، یەک ملیۆن و نیو نەوتی خستووەتە لاوە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، کە دەکاتە لەسەدا ٢٢ ، بەشێکی زۆری بوودجەی عێراق بۆ نەفەقاتی سیادی تەرخان کراوە، بەڵام لەو بوودجەیە ھیچ بەشێک بۆ ھەرێمی کوردستان نایەت ، بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە عێراق لەسەدا ١٢,٦ ە، بەڵام لە کۆتاییدا پشکی ھەرێم دەکاتە لەسەدا ٥ی کۆی بوودجەی عێراق".
سەبارەت بە داھاتی نەوتی ھەرێم ، بارزانی رایگەیاند کە ئەو بڕە نەوتەی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردەی دەکرێت، نیوەی دەبێتەوە کرێی کۆمپانیا نەوتیەکان، ئەگەر بوودجەی ھەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە ئەوکات ھیچ کێشەیەکیان نابێت لەوەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بدرێتەوە عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ھەرێمی کوردستان بزانێت کە بەغدا چۆن ئەو نەوتە دەفرۆشێت و لە چ رێگەیەکەوە دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و داواکاری لەکارخستنی حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی رایگەیاند کە نیگەرانن لەو رەوشەی ئێستا و کاریگەریی لەسەر ناوچەکەش دەبێت، لەلایەکەوە لەگەڵ داوای رەوای خۆپیشاندەرانن کە داوای مافی خۆیان دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت کە ئەو کێشانەی لە عێراق ھەن، بەھۆی عادل عەبدولمەھدی نییە و کارێکی باش نییە ھەموو بخرێتە ئەستۆی عەبدولمەھدی، بەڵکو بەھۆی حکوومەتەکانی پێشووەوەیە.