hemn husain
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
مەسەلەی کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان لە ھەرێمی کوردستاندا لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە پەیدا بوو، بەڵام لە پاش پرۆسەی رزگارکردنی عێراق، ئەم دیاردەیە کۆتایی پێھات، بگرە زۆرێک لەو کۆچبەرانەی کە کوردستانیان بەجێ ھێشتبوو، جارێکی تر گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
بۆ ماوەی دووساڵ دەچێت، دیسانەوە ئەم دیاردەیە سەری ھەڵداوەتەوە و رۆژانەش گوێبیستی هەواڵی دڵتەزێن دەبین.
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی دروستبوونی ئەم دیاردەیە داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کە کۆبوونەوەیەک بۆ ئەم مەسەلەیە بکرێت بەڵام گرنگی پێ نەدراوە.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان حەیات مەجید پەرخی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی ئەو کۆچە بە لێشاوەی خەڵک دەستی پێ کرد و ئێمەش وەکو ئەندامانی پەرلەمان واژۆی یاساییمان کۆکردەوە و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بکرێت بۆ ئەم دۆخە، بەڵام بەداخەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوکات نەیخستە بەرنامەی کار".
سەبارەت بەوەی کە بۆچی داواکارییەکەی ئەندامانی پەرلەمان نەخرایە بەرنامەی کار و ئەو ئەندام پەرلەمانە پێی وایە ئەم مەسەلەیە گرنگ نەبووە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "من پێم وایە ئەو مەسەلەیە گرنگی نەبوو بۆ ئەوان، بەڵکو بە هەندێک مەسەلەی دیکەوە سەرقاڵ بوون لە کاتێکدا رۆژانە هەواڵی جەرگبڕ دەبیستین کە چەندین کەس لە دەریاکاندا خنکاون".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ئەم دۆخەی ئێستای پەرلەمان کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دەرکردنی هەندێک بڕیار و لە پێش هەمووشیانەوە دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ رێگەگرتن لەم دیاردەیە و لەم بارەیەوە حەیات مەجید پەرخی گوتی: "هەر کاتێک پەرلەمان کەوتەوە باری ئاسایی خۆی ئەوە بەدڵنیاییەوە یەکەم کارمان ئەوە دەبێت کە چۆن رێگری لەم کۆچە بەلێشاوەی خەڵک بکەین چونکە کۆچی گەنجان دەرهاوێشتەی کۆمەڵێک کێشەیە لەم وڵاتە وەکو دۆخی سیاسیی و قەیرانی دارایی و هەندێک کێشەی دیکە کە دەبێت بەجدی کاری لەسەر بکرێت".
جێی ئاماژەیە ماوەی دوو ساڵ دەبێت کۆچکردنی گەنجان بووەتە دیاردە و لەم نێوەندەشدا بە سەدان گەنج لە دەریای ئیجە و کەناراوە جیاجاکانی ئەورووپادا خنکاون و لەدوا کارەساتیشدا نزیکەی 70 کەس لە پیاو و ژن و منداڵ لە دەریای ئیجەدا خنکان کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و هێشتا تەرمەکانیش نەگەیشتوونەتەوە هەرێمی کوردستان.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمیسیونی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە ژمارەی پەنابەران بۆ ساڵی 2015 لە جیھاندا رێژەی پێوانەیی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە ٦٠ ملیون کەس، ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیە دەگەڕێتەوە بۆکۆچپێکردنی بەزۆری پەنابەران و ناچارکردنیان، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆی وڵاتان داناوە.