Hemn Baban
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و لایەنەكان بۆ باسكردنی سێ تەوەری سەرەكی دەبێت.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم لە هاوینەهەواری پیرمام كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و ژمارەیەك لە سەركردە و بەرپرسانی حزبەكان دەستی پێ كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە بڕیارە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، قەیرانەكانی هەرێم بەتایبەت قەیرانی دارایی تاوتوێ بكرێن.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرباری ئامادەبوونی هەریەك لە جێگری سەرۆکی هەرێم کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكوەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەشی قوباد تاڵەبانی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم د.فوئاد حوسێن، كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مەلا بەختیار سەرۆكایەتی شاندەكەی یەكێتی دەكات لەگەڵ هەریەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە قادر حەمەجان و عومەر فەتاح، هاوكات سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە مەحموود محەمەد لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشدارن، هەروەها ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو محەمەد فەرەج سەرۆكایەتی شاندی یەكگرتووی ئیسلامی و محەمەدی حاجی مەحموود سەرۆكایەتی شاندی بزووتنەوەی سویسالیستی كردووە.
لە حزبی شیوعی كوردستانیش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كاوە مەحموود بەشداریی كردووە، لە حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڵێن عەبدوڵڵا سكرتێری حزب بەشدارە.
هەروەها لە بزووتنەوەی ئیسلامیش كامیل حاجی عەلی و عەبدوڵڵا وەرتی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە بەشدارن لەگەڵ ژمارەیەك لە حزب و لایەنەكانی دیكە، هەروەها نوێنەرانی حزب و لایەنەكانی توركمانی و مەسیحیش ئامادە ببوون.
جێی ئاماژەیە چەند رۆژێكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی داوای كۆبوونەوەی بەرفراوانی حزب و لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردبوو، بەڵام هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی ئایندە سێ لایەن بوون كە بە ئاشكرا بایكۆتیان بۆ كۆبوونەوەكە راگەیاندبوو.