Hemn Baban
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
فرانك شتاینمایەر دەڵێت لە ماوەی ساڵێك داعش یەك لەسەر چواری ئەو خاكەی بەدەستییەوە بووە، لەدەستی داوە.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە تەلاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر و شاندێكی هاوڕێی كرد كە دوێنێ شەو بەسەردانێكی فەرمی لە بەغداوە گەیشتبوونە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پاش كۆبوونەوەیەكی پتر لە یەك سەعاتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هەردووكیان بەسترا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پاش بەخێرهێنانی میوانان لە گوتەیەكی كورتدا كە یەك خولەكی خایاند گوتی: "ئەوە سێهەمین جارە بەڕێزیان سەردانی كوردستان دەكات، مانگی هەشتی ساڵی پار لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆش و لە شەڕێكی زۆر سەختدا بووین لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لەو كاتەدا سەردانی هەولێری كرد كە ئەوەش نیشانەی دۆستایەتیمان و گرنگیی ئەڵمانیایە بە هەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "ئێستاش هەلێکی زۆر زۆر باش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێزیان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكەین لەسەر رووداوەكانی ناوچەكە و خۆشبەختانە زۆر لەیەكتر نزیك بووین، هەردوولاشمان پێمان وایە هەموو گرفتەكانە دەبێت بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، هەورەها دووپاتیشی كردەوە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە دژی تیرۆریستانی داعش، ئومێدەوارم سەردانەكەی بەدڵ بووبێت و سەركەوتوو بێت".
دواتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە گوتەیەكدا بۆ ژمارەیەكی زۆر لە نوێنەرانی دەزگەكانی راگەیاندنی نێوخۆی و بیانی لە هەرێمی كوردستان پاش سوپاسكردنی بایەخدانی سەرۆكی هەرێم بۆ سەردانەكە و پێشوازی لێكردنی گوتی: "بیرمە ساڵی پار كە هاتمە ئێرە ئەو بیرەوەرییانە نەك لە بیرمادا ماون، بەڵكو لە تەواوی ژیانم لەبیریان ناكەم، ئەو كاتی كە من هاتم داعش تازە شەنگالی داگیركردبوو و خێزانگەلێكی زۆر باسی شێوازە دڕندەییەكانی داعشییان دەكرد لە كوشتن و شتی تر".
ئەو گوتیشی: "خۆشحاڵم كە ئەڵمانیا بڕیارێكی لەو جۆرەی داوە كە لەگەڵ پێشمەرگە هەماهەنگی بكات و یارمەتی بدات و چەك بدات و مەشق بە پێشمەرگە بکات".
فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: "ئەمڕۆ ساڵێك دوای ئەو سەردانەم داعش لە نێو نەچووە ئەوە راستە بەڵام هەواڵی خۆشیش دەگەن لەوانە ئازادكردنی تكریت و بێجی و شنگال و لە رومادیش لەژێر فشاردایە. بە بەروارد لەگەڵ ساڵی رابردوو ئێستا داعش یەك لەسەر چواری ئەو زەوییەی هەیبوو، لەدەستی داوە".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی ئەو ناوچانەشی كرد كە لە دەستی داعش دەرهێنراون بەمدواییانە و رایگەیاند كە لەماەی ساڵێكدا داعش یەك لەسەر چواری ئەو خاكەی لە دەستی بوو، لەدەستی داوە. لەم رووەوە گوتی: "ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش ئازاد دەكرێن هەوڵ بدرێت خەڵك بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە و ئەوەش پێویستی بە پێشمەرجی ئاسایش هەیە. ئێمە یارمەتی بۆ پووچەڵكردنەوەی مینەكان و خزمەتگوزاریی دەدەین. ئێمە پێنج نەخۆشخانە لەو ناوچانەی تازە ئازادكراوەدا، دروست دەكەین. لەسەر ئاستی دووریشدا ئەگەر هەوڵەکانی سەربازیی سەربكەون. پێویستی بە ستراتیژی سیاسیش هەیە لە عێراق و سووریاش. بۆیە ئەڵمانیا هەموو هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی شەڕی براكوژی لە سووریا كۆتایی پێ بێت و چارەسەری سیاسی وەگەڕ بخرێت".
ئەوەشی روونكردەوە کە "هەتا ئێستا دوو دیداری هیوابەخش لە ڤیەنا بوون، هەموو هێزەكان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەخوازن كە دوای پێنج ساڵ لە كوشتن لە سووریا سیاسەت و ستراتیژییەتێكی سەربازیی وا بگیرێتەبەر گرفتی داعش كۆتایی پێ بێت و ئەو كۆتاییەش ببێتە هۆی چارەسەریی سیاسیانەی كێشەی سووریا".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لە وەڵامی رۆژنامەنووسێكی ئەڵمانی هاوسەفەری وەزیری دەرەوە لەبارەی مووشەكەكانی رووسیا كە لە دەریای خەزەرەوە بۆ داعش هەڵدەدرێن و هەتا ئێستا دوو جار بۆ ماوەی 96 سەعات گەشتەكانی هەر دوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی راگرتووە لە كەمتر لە 15 رۆژدا گوتی: "هەر چالاكییەكی دژ بە داعش پێمان باشە بەڵام دەكرێت بەشێوەیەك بێت زیان بەهەرێم نەگەیەنێت. تێپەڕبوونی رۆكێتی رووسی بەسەر هەولێر و ببێتە هۆی ئەوەی فڕۆكە نەتوانن بێن و گەشتەكان رابگیرێن ئەوە زیان بە هەرێم و خەڵكی هەرێمیش دەگەیەنێت. بۆیە لە پەیوەندیداین لەگەڵ رووسیا و لەگەڵ بەغداش بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە چارەسەر ببێت و نەبێتە گرفت بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی".
لەبارەی یارمەتییەكانی رووسیاش بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش گوتی: "رووسیا هێشتا مەشقی بە پێشمەرگە نەكردووە، ئەگەر بیكات پێشوازی لێ دەكەین، هەندێك چەك و تەقەمەنی ناردووە، بەڵام كەمە".
فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر دواتر باسی لە گرنگی بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد كە هەینی رابردوو بڕیاری دا رۆڵی وڵاتەكەیان لە شەڕی داعش بەرفراوانتر بكەن، بەڵام بۆ ناردنی هێزی زەمینیش بۆ عێراق گوتی: "نە ئەڵمانیا و نە هیچ وڵاتێكی ئەورووپی بڕیاری ناردنی هێزی سەربازیی زەمینییان بۆ عێراق نەداوە".
مەسعود بارزانی لەبارەی سەردانەكەی بۆ توركیا كە بڕیاری سبەینێ چوارشەممە ئەنجامی بدات گوتی: "سەردانەكەی من بۆ توركیا پێشتر دیاری كرابوو نەك ئێستا. هەشتی مانگی رابردوو بەڕێز سەركۆماری توركیا داوەتی كردم و گوتی پاش كۆنفرانسی G20 پێم باشە سەردانی توركیا بكەیت، منیش پێمگوت زۆر باشە بەڵام كردەی رزگاركردنی شەنگالمان بەدەستە و ئێستا ناتوانم. بۆیە دواتر ئەم كاتە دیاری كرا، ئیدی ئەو سەردانە هەموو بابەتەكان باس دەكرێن، بەتایبەت رۆڵی توركیا لە شەڕی داعش چی دەبێت، پاش ئەوەی هێزەكانیان هاتوون بۆ یارمەتیدانی حەشدی نیشتمانی، دواتر لەگەڵ عێراقیش قسە دەكەین كە ئەگەر بۆ شەڕی داعش هاتوون ئەوە هەماهەنگی هەبێت و نەبێتە كێشە".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتیشەوە بارزانی پەیامی ئەرێنی نارد و گوتی: "ئامانجێكی زۆر زۆر گرنگە، ئەگەر بزانین دەرفەت هەیە و دەتوانیین رۆڵێك ببینین، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو رۆڵە دەگێڕین و پێشمان خۆشە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت و نەوەستێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئێمە هەتا ئێستا بۆ هەر شوێنێك كە چووین تا ئەو سنوورە چووین كە سنووری كوردستانە، تەنانەت ئەو ناوچانەشی كە ناكۆكی لەسەرە، هیچ كاتێك ئێمە ئەو ناوچانەمان دانەناوە كە ناوچەی كوردستانی نین لێگەڕاین بۆ ئەوەی مادەی 140 جێبەجێ بكرێت بەڵام كە نەكرا و داعش داگیری كرد، ئیدی پێشمەرگە سوپاس بۆ خوا رزگاری كرد. لەگەڵ ئەوەش ئەو ناوچانەی لە هەر شوێنێك كێشە ببێت دەگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵك و ئەوان هەر بڕیارێک بدەن، ئێمە ئەوە دەكەین".
دەربارەی بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی داعش لە دەرەوەی ناوچەكانی كوردستان بارزانی گوتی: "ئێمە ناچین بۆ ناوچەكانی تر، مەگەر كردەیەك هەبێت و پلانی بۆ دابنرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی و سوپای عێراق. ئێمە لە هەر كوێ بتوانین شەڕی داعش بكەین، درێغی ناكەین".
لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانیشەوە بارزانی گوتی: "ئێمە كەی وتوومانە سەربەخۆییمان ناوێ؟ قەد شتی وامان نەگوتووە بۆ ئەوەی رۆژئاوا باوەڕ بە ئێمە بكات یان نا، ئێمە هەمیشە گوتوومانە دەمانەوێت بەڵام بە دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی و لە كاتی خۆی".
لەبارەی كێشەی ئەمدواییەی توركیا و عێراق پاش هاتنی هێزێكی توركی و جێگیربوونی لە نزیك مووسڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئەوەی زانیاریی ئێمەیە، ئەوەیە توركەكان پێشتر لەگەڵ عێراق و حكوومەتی پێشتری مووسڵ رێككەوتوون بۆ ئەوەی هێزێك بێن بۆ هێزە خۆبەخشەكان و هێزەكانی عەرەبی مووسڵ بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن بۆ مەشقكردن بۆ كاتی رزگاركردنی مووسڵ. من لەگەڵ توركیا و لەگەڵ بەغداش باسی ئەوە دەكەم لە سەردانەكەم بۆ توركیا، هەوڵ دەدەین نێوان بەغدا و ئەنقەرە چارەسەر بكەین. كێشەكە بەو شێوەیە نەبووە و گەورە كراوە و هەرێم رۆڵی خێر دەبینێت، نابێت ئەوە ببێتە هۆی كێشە لە نێوان توركیا و عێراقدا".
لە كۆتایی قسەكانیدا لەبارەی یارمەتیدانی پێشمەرگە و ناردنی چەكی زیاتر بۆیان كە ئێستا ئەڵمانیا بڕیاری داوە، شتاینمایەر گوتی: "رۆڵی ئەڵمانیا لە پشتیوانی پێشمەرگە یارمەتیدەر بووە، ناردنی كەلوپەلەکان پێویست بوو. ئەوەی كە زیاتر داواكراوە دەیبەمەوە بۆ ئەوەی زیاتر لێی بكۆڵینەوە و بڕیاری لەسەر بدەین".