Moskova
مۆسکۆ- AA
گوتەبێژی کۆشکی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە بارەی پێشنیازە ئەمنییەکانەوە چاوەڕێی وەڵامی ناتۆ و ئەمریکا دەکەن.
پێسکۆڤ لە شاری مۆسکۆ لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ئەوەی خستەڕوو کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا رەشنووسی دوو رێککەوتننامەی تایبەت بە بواری ئەمنییان خستووەتە بەردەست ئەمریکا و ناتۆ.
ناوبراو، کۆبوونەوەکەی شاری جنێڤی نێوان وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و هاوتا ئەمریکییەکەی، ئانتۆنی بلینکەنی هەڵسەنگاند و باسی لەوە کرد کە بلینکەن بەشێوەی نوسراو وەڵامی پێشنیازەکانی رووسیای نەداوەتەوە، گوتیشی: "پێشتریش دەمانزانی کە بلینکەن وەڵام ناداتەوە. ئەم کۆبوونەوەیە ئامانجی دیکەی هەیە. ئەو ئامانجانەش بریتین لە ئاڵوگۆڕی بیروڕای نێوان هەردوو وەزیر و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی سێ خولی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە ئاسایش".
- "بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەر کردنی رەوشی ئۆکراینا دەکرێن"
دمیتری پێسکۆڤ، ئاماژەشی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ چارەسەری پرسی ئۆکراینا، کرد و رایگەیاند: "ئاگاداری راگەیەنداراوەکانی ئەنقەرەین. جارێکی دیکەش ئەوە دووپات دەکەمەوە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەر کردنی رەوشی ئۆکراینا دەکرێن".
پێسکۆڤ، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا لە بارەی کۆبوونەوەکانی رووسیا-ئۆکراینا هیچ پەیوەندییەکیان بە تورکیاوە نەکردووە و گوتیشی: "لە ئێستادا پلان نییە بۆ کۆبوونەوەی نێوان پۆتین و ئەردۆغان. لە پلانی ئێستای پۆتیندا پەیوەندی تەلەفۆنی نییە بەڵام ئەگەر پیویست بکات ئەوا پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدەدرێت".