Recep Şakar,Ramal Abdullah Mahmood
13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
مانیلا – AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فلپین، رۆدریگۆ دۆتیرتی رایگەیاند: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. کۆبوونەوەکە زۆر سەرکەوتوو بوو".
لە میانی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەکانی ١١هەمین لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی نەتەوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە مانیلا، ترەمپ و دۆتیرتی لە ناوەندی کۆڕ و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە کە دوور لە چاوی کامێراکان ئەنجام درا، هەردوو سەرۆک بە میدیاکانیان راگەیاند کە کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچوو.
ترەمپ خۆی بە خۆشحاڵ زانی بەوەی سەردانی فلپینی کردووە و گوتی: "پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە. کۆبوونەوەکە زۆر سەرکەوتوو بوو. کۆبوونەوەکانی ١١هەمین لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی نەتەوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لە لایەن فلپین و وڵاتانی دیکەوە زۆر باش رێکخراوە. خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لێرەم، کەشوهەوا زۆر خۆشە".
ئەوەی بووە جێی سەرنج وەڵامنەداوەی ئەو پرسیارانە بوو کە لە بارەی بڕیاری لەسێدارەدان بێدادگاییکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ماددەی هۆشبەر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوو لە لایەن فلپین، ئاراستەی ترەمپ کران.