ھەولێر - AA
ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٤ کانونی یەکەم، لە شاری ھەولێر ھەریەکە لە عەبدولسەلام ئەحمەد لەئەنجومەنی گەلی رۆژئاوا و تاھیر سفوک لە ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی ھەشت رۆژ کۆبوونەوەی نێوان خۆیان راگەیاند.
- کوردانی سوریا لەسەر سێ تەوەرە وتووێژیان کرد:
- کارا کردنەوەی رێککەوتنی ھەولێر لە نێوان کوردانی رۆژئاوا.
- بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢.
- پێکھێنانی حکومەتی کاتی رۆژئاوا.
ھەروەھا پرسی دەروازەی سێ ماڵکان تاوتوێکرا.
عەبدولسەلام ئەحمەد، نوینەری ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوا رایگەیاند: ئەو کۆبوونەوانە بە پشتگیریی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەمیل بایک سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە، لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر، بۆ نزیککردنەوە و یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا پێکھاتووە.
ئەحمەد گوتی: "ئێستا ئێمە لە قوناغێکی مێژوویی داین و ھاتنی ئێمە بۆ ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی گەلی کورددایە. ھەرچەندە رەخنە لە ئەنجومەنی گەل دەگیرێ، بەڵام ئێمە سورین لە سەر ئەوەی ئەنجومەنی نشتیمانی لە روژئاوای کوردستان بمێنێ و خەبات بکا. ھەردوو ئەنجومەنی گەل و نیشتمانی بە یەک دەنگ بەشداریی لە کۆنگرەی جنێڤ٢ دەکەن. هەروەها بۆ یارمەتی مرۆیی و پێداویستیەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوا دەروازەی سێ ماڵکان ھەمیشە کراوە دەبێ و لە ژێر فشاری سیاسی دانەبێ."
عەبدوسەلام ئەحمەد ئاشکرایکرد: لەیەنەکان لەسەر ھەردوو تەوەری پێکھێنانی حکومەتی کاتی لە رۆژئاوای کوردستان و کارکردنەوەی رێککەوتنی ھەولێر تا ئێستا رێک نەکەوتوون، بەڵام لە رۆژانی داھاتوو وتووێژەکانیان بەردەوام دەبێ.
لە بارەی بەندکراوانی سیاسی لە لەیەن پەیەدە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان گوتی:" ئێمە کەس لە سەر بیرو رای سیاسی بەند ناکەین. ھەر کەسێک بەندکرا بێ ئازاد دەکرێ، بە دڵنیاییەوە دەیڵێم ئەگەر سەرێ کانی لەبەر مەترسیدا بێ، ئەوا ھەولێر و ئامەدیش لە مەترسیدا دەبن. ئێمە ئەم سەردەمە بە بەھاری کوردی دەزانین بۆیە دەمانەوێ بیپارێزین."
تاھیر ئەحمەد، نوینەری ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژئاوا لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە ئەو سەردەمە بە سەردەمی پێشکەوتن دەزانین و مافی خۆمانە و هیچ منەتی تیا نییە. ئێمە دەڵێین با پێکەوە لە سوریا خەباتمان ھەبێ، با خوێنی شەھیدان لە قامیشلۆ، ئامەد، مەھاباد وھەولێر بەفیڕۆ نەچێ. ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان پێیەتی یەکڕیزیی و یەکێتیی گەلی کوردە، با رێنەدەین بە کەس ئەو یەکڕیزییە تێک بدا."
نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە یەک شاند بەشداری لە جنێڤ٢ دا بکەن، ئەوا ھەردوو ئەنجومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستان و ئەنجومەنی نیشتمانی رۆژئاوابە یەک دەنگ لە گەڵیان بەشدار دەبن.
راگەیەنرا کۆمیتەیەکی سەربەخۆ لە١١ کەس بۆ کارکردن لە بواری مافی مروڤ، کۆمەڵایەتی و چارەسەری کێشە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کودستان پێک ھاتووە.