Hemn Baban
07 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
بهڕێوهبهری پهیمانگهی عێراقی بۆ پاراستنی شوێنهوار و كهلهپوور، عهبدوڵڵا خورشید لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدهگهیهنێت "ئهگهر رووپێو بۆ ناوچه شوێنهوارییهكانی عێراق بكرێت ئهوا ژمارهی شوێنهوارهكانی عێراق زۆر زیاترن لهو ژمارهیهی تۆماركراون، ئاشکراشی دەکات "شهڕهكانی عێراق زیانی زۆریان بهكهرتی شوێنهوار گهیاندووە".
ئاژانسی ئانادۆڵو: زیانەکانی کەرتی شوێنەوار لە عێراق لە رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ٢٠٠٣ چەند دەبن؟ چەند پارچە شوێنەواری بەتاڵان بران؟
عەبدوڵڵا خورشید: لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ و پێشتریش کە عێراق بەچەند شەڕێکدا تێپەڕیوە ھەمیشە مۆزەخانە و شوێنەوار و ناوچە شوێنەوارییەکانی عێراق بەر تاڵانی و دزین بووەتەوە، گەورەترین دزین و تاڵانکردنی مۆزەخانە لە جیھان لە ساڵی ٢٠٠٣ لە مۆزەخانەی عێراق بوو کە ئەو کات ٣٣ پارچەی زۆر گرنگی مۆزەخانەکە دزران و یەکێک لەوانە گەڕایەوە کە پێیدەگوترێت ڕنا ْ الندری، ئەوە سەرباری ئەوەی کە ھەزاران پارچەی دیکە دزران، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ھەزاران شوێنی شوێنەواریی دیکە خەڵک دەستی بە ھەڵکۆڵین و لێدەرکردن لەو شوێنانە، ھەروەھا لە چەندین شوێنی شوێنەواری تانک و زریپۆشیش ھەبوون و کران بە ناوچەی سەربازیی و ئەمەش بووە ھۆی لەناوبردنی چەندین شوێنی شوێنەواری.
ئاژانسی ئانادۆڵو: لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا، عێراق چەند پارچە شوێنەواریی لەدەست داوە؟
عەبدوڵڵا خورشید: چەندین ھەزار پارچە شوێنەوار دزراون، چەندین پارچە شوێنەواریی دیکەش شکاون و لەناوبراون لە شوێنی خۆیان، لەدوای ٢٠٠٣ ھەوڵێکی زۆر درا لە وڵاتانی دراوسێ تا یارمەتی عێراق بدەن بۆ گێڕانەوەی پارچە شوێنەوارییە دزراوەکان، ئەوەبوو سووریا لە ساڵی ٢٠٠٨، نزیکەی ٧٠١ پارچە شوێنەواریی گەڕاندەوە بۆ عێراق، دوای ئەویش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە لە ساڵی ٢٠١٠، نزیکەی هەزارو ١٣٣ پارچە شوێنەواریی گەڕاندەوە بۆ عێراق، دەستەی گشتیی شوێنەواریش ئۆفیسێکیان دروستکرد بۆ گێڕانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی بردرانە دەرەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە عێراق چەندین تۆماری ھەبوو کە پارچە شوێنەوارییەکانی تێدا تۆمارکرابوو و ئەو تۆمارانەش نەماون و ئیدی ژمارەی پارچە شوێنەوارییە دزراوەکان و بردراوەکان تەواو دیار نیین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: داعش چی گورزێکی لە کەرتی شوێنەواری عێراق وەشاند لە ٢٠١٤ەوە تا دواتر؟
عەبدوڵڵا خورشید: بەحوکمی ئەوەی عێراق ھەر لەشەڕدا بووە، شەڕی عێراق و ئێران، شەڕەکانی کەنداو، شەڕی ٢٠٠٣ و شەڕی داعش و ئەوانەش، ھەمیشە مۆزەخانەکانی عێراق خۆیان ئامادەدەکرد بۆ ئەوەی پارچە شوێنەوارییەکان لە شوێنی پارێزراو بپارێزن، پێشتر چەندین پارچە شوێنەواریی بردران بۆ بەغدا، بەڵام کاتێک داعش لە ناکاو لە ٢٠١٤ ھات ئیدی دەستی بەسەر ناوچەیەکی زۆری عێراقدا گرت کە زۆر دەوڵەمەندن بە ناوچەی شوێنەواری، داعش فەرمانی دەرکرد کە ناوچە شوێنەوارییەکانی حەلاڵ کرد تێکبدرێت و تاڵان بکرێت، ئەوە بوو شوێنەواری نەمرود کە گرنگترین شوێنەوارە لە مووسڵ تەقاندیانەوە و پارچەکانییان برد، لە حەزەریش بەھەمان شێوە، مۆزەخانەی مووسڵ کە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی عێراقە چەندین پارچەی شوێنەواریی کە پێنجییان رەسەن بوون بردران و شتی دیکەش ھەبوون شکێنران، مۆزەخانەی مووسڵ بەسەدان سندوقیان ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی بیبەن بۆ بەغدا و لەو کاتەی داعش لەناکاو ھات دەستی بەسەردا گرت و بە ئاسانی لە وڵاتانی دیکە فرۆشتی و سەرچاوەیەکی دارایی بوو بۆ خۆیان، ئیدی ھەمووی ئامادە کرابوو و بە ئاسانی لە شوێنانی دیکە فرۆشتییان، چونکە توێژینەوەی زۆری لەسەر ئەو پارچە شوێنەوارییانە نەکرابوو، ھەروەھا گۆڕی پێغەمبەر یونس چەندین پارچە شوێنەواریی تێدابوو و ئەوانیش بردران.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەو شەڕانەی بەسەر عێراقدا ھاتوون چەند ئەم وڵاتەی لە رووی شوێنەوارییەوە تێکشکاندووە؟
عەبدوڵڵا خورشید: عێراق دەوڵەمەندترین ناوچەی زەوییە بۆ شوێنەوار و ناوچەی شوێنەواریی، عێراق بەحوکمی ئەوەی ساڵانێکی زۆر لەشەڕدابوو بایەخێکی زۆری بەو کەرتە نەدابوو، ھەروەھا لە تەکنەلۆجیای دونیای پەیوەست بە شوێنەواریی بێ بەش بوو، سەرباری ئەوەی ھاتنی داعش و وێرانکردنی شوێنەوارەکانی عێراقی گەڕاندەوە بۆ ساڵانێکی پێشتر، ئەو شوێنەوارانەی لەنێو سندوقەکان بوون ئەوە مێژووەکەی دیار نەبوون و بردیان، ئەمەش زیانێکی زۆر زۆر گەورەی لە مێژووی عێراق دا.
ئاژانسی ئانادۆڵو: شوێنەوارەکانی بۆچی نەبوونەتە سەرچاوەیەک بۆ داھات؟
عەبدوڵڵا خورشید: عێراق دەوڵەمەندترین وڵاتە بۆ ناوچەی شوێنەواریی، لەساڵانی شەستەکاندا رووپێوێکی شوێنەواریی کرا بۆ شوێنەوارەکانی عێراق حەوت ھەزار و ٨٠٠ ناوچەی شوێنەواری لە عێراق ھەبوون، ئێستا زیاتر لە ١٢ ھەزار ناوچەی شوێنەواری تۆمارکراون. لە ھەرێمی کوردستانیش ساڵی ١٩٧٠، سێ ھەزار و ١٢٥ شوێنی شوێنەوارییە، ئێستا کە رووپێو دەکرێت لە ھەرێم ھەر مەترێکی ناوچەیەکی شوێنەواریی تێدایە.
بەداخەوە ئەوانەی کە کەرتی شوێنەوار لە عێراق بەڕێوەدەبن ئەھلی ئیشەکە نیین و وەکو پێویست کادیری وا نیین بتوانن گەشە بەم بوارە بدەن، ئەمە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستانیش گونجاوە، کەرتەکە بەگشتی لە عێراق پەراوێزخراوە، لەھەرێمی کوردستان شوێنەوار پێشتر سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری بووە، دواتر چووە سەر وەزارەتی گەشتوگوزار، دواتر لەسەر وەزارەتی شارەوانییە لەژێر چەتری گەشتوگوزار، ئیدی ھەتا گەشتوگوزار و مۆتێل و ھۆتێل ھەبێت گرنگیی ئەوتۆ بە شوێنەوار نادرێت و فەرامۆش دەکرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەگەر رووپێوی بۆ شوێنە شوێنەوارییەکان بکرێت، ئەو ئامارانەی ئێستا ھەیە زیاتر نابێت؟
عەبدوڵڵا خورشید: بەڵێ بەدڵنییایەوە، لەو چەند ساڵی رابردوو زیاتر لە ٥٠ تیمی شوێنەواریی روویان لە کوردستان کردووە و تیمی زانکۆی ھارڤارد بۆ نموونە لە چەندین شوێنی ھەولێر رووپێوی دەکەن و ئەوانە پێنج ساڵە سەرقاڵن و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو شوێنە شوێنەوارییانەی ھەمانبووە پێشتر ئێستا دەتوانیین سێ ھێندەی دیکە بێت، واتە زۆر زیاترە، چونکە ئێستا رووپێو پێشکەوتووە و لە رێگەی ئامێری نوێ و پێشکەوتووەوە ھەیە، ئەمە بۆ عێراقیش وایە و ئەگەر رووپێوی باش بکرێت ئەوا ژمارەی شوێنە شوێنەوارییەکانی عێراق زۆر زیاتر دەبن لەوەی ئێستا تۆمارکراون.