ھەولێر - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال ئاماژە بەوە دەکات چەکدارانی پەکەکە ستەم لە منداڵ و گەنجەکانی ئەو دەڤەرە دەکەن و ئاشکرایشی دەکات بەھۆی بوونی ئەو چەکدارانەوە خەڵکی شنگال نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و داوایش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات چارەسەری ئەم بابەتە بکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیسی نایف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەر لە چەند رۆژێک خەڵکی شنگال لەسەر چیای شنگال گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە و تیایدا داوایان کرد کە حکوومەتی عێراق لە چیای شنگال پەکەکە دەرکاتە دەرەوە و سەبارەت بەوەی کە ستەم لە منداڵان دەکەن و داخوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق دەکەین بەزووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچەیە چۆڵ بکەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال ئاشکرایشی کرد کە چەکدارانی پەکەکە دەستیان بەسەر زەوی ھاووڵاتییانی دەڤەرەکەدا گرتووە و گوتی: "چەکدارانی پەکەکە لە سنووری قەزای شنگال دەستیان بەسەر زەوی ھاووڵاتییاندا گرتووە و رێگا نادرێت خەڵک کشتوکاڵی خۆی بکات و چەندین گەنجمان بێ سەروشوێنکراون لەلایەن پەکەکەوە، بۆیەش ئێمە داواکارین بە کەشێکی مەدەنیی وەکو چۆن پێشمەرگە چووە کۆبانێ و دواتر بەڕێزەوە گەڕایەوە، چەکدارانی پەکەکەش بە ھەمان شێوە ناوچەکەمان چۆڵ بکەن بە شێوەیەکی مەدەنییانە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی قەزای شنگال، وەیسی نایف گوتیشی: "پەکەکە رێگرە لە گەڕانەوەی خەڵکی شنگال بۆسەر زێدی خۆیان، ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەوا سەدا ٨٠ی خەڵکی شنگال گەڕابووەوە سەر زێدی خۆیان و دەستیان بە ژیان دەکردەوە، بۆیەش داواکاری سەرەکی خەڵک ئەوەیە کە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی بگەڕێنەوە ئەم شوێنە و پەکەکەش لەم شوێنە نەمینێت".
- رفاندنی منداڵان لەلایەن چەکدارانی سەربە پەکەکە لە شنگال
دوو رۆژ لەمەوبەر ھاووڵاتییانی ئێزدی لە چیای شنگال گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیاییدا داوای دەرکردنی چەکدارانی پەکەکەیان کرد، بەھۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا، ئەم گرووپە چەندین ھەرزەکاری رفاندووە و ستەمی لە منداڵەکانی ئەو دەڤەرە کردووە.
حەیدەر رەشۆ کە لە گردبوونەوەکەدا، وێنەی سەلام-ی کوڕی بەدەستەوە گرتبوو، گوتی: "داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین ئەو کەسانەمان بۆ بگەرێنێتەوە کە لەلایەن پەکەکە و چەکدارە نایاساییەکانەوە رفێندراون".
باوکی سەلام دەشڵێت "ئەگەر حکوومەتی عێراق داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکات، ئەوا ئێمە دەست لە مافی خۆمان بەر نادەین خۆپیشاندان دەکەین و داوای مافی خۆمان دەکەین، ھەر کاتێک پێویستی کرد خۆپیشاندان دەکەین لە ھەرکوێ بێت، لە شنگال یاخود لە پارێزگا بێت، بێگومان ئێمە سەردانی پارێزگاری نەینەوامان کرد و سەبارەت بە داواکارییەکانمان گوتی 'نە من، نە سەرۆکوەزیران، ناتوانین ئەو کەسانە بگەرێنینەوە کە رفێندراون'، بەڵام ئێمە دەستبەرداری ئەو گەنجانە نابین کە رفێندراون".
ھەر لە گردبوونەوەکەدا، دایکی سەلام گوتی: "ماوەی سێ ساڵە کوڕەکەی من رفێندراوە، نازانم چی لێھاتووە و چارەنووسی نادیارە، ھیوادارین حکوومەتی عێراق منداڵەکەم لە دەست پەکەکە دەربھێنێت".
کەسێکی دیکەی نێو گردبوونەوەکە، بەناوی باوکی حازم قسە دەکات و دەڵێت "لە مانگی نیسانی ٢٠١٨دا، چەکدارانی سەربە پەکەکە کوڕەکەی منیان رفاند، ھەر دەیانگوت، ئەم مانگە نا ئەم مانگە بۆت دەگەڕێنینەوە، بەڵام ئەوە سێ ساڵ و سێ مانگە ھێشتا کوڕەکەی من نەگەڕاوەتەوە، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین کوڕەکەمان بۆ بگەڕێننەوە".
دایکی حازم کە لە تەنیشت باوکی حازم وەستابوو و وێنەی کوڕەکەی ھەڵگرتبوو، دەڵێت "ئەوە سێ ساڵ و سێ مانگە کوڕەکەی من دیار نییە، ئێمە ھیچ شتێک لەسەری نازانین کە ماوە یان مردووە و نازانین بۆ کوێیان رفاندووە".
ژنێکی دیکە لەنێو خۆپێشاندانەکەدا بە چاوی گریانەوە گوتی: "ماوەی ساڵێک و حەفت مانگە کوڕەکەی من لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە رفێندراوە، شایەدیش دەدەم کە ئەوان رفاندوویانە، بۆیەش ئێمە داوا لە حکوومەت و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە مافی ئێمەش پارێزراوبێت، پەکەکە دێت منداڵەکانمان دەڕفێنێت، دەمانکوژن، ئێمەیش ھاووڵاتی عێراقین و ئەوان وەک داعش ھەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکەن".
- بەیاننامەی ھاووڵاتییانی ئێزدی لە چیای شنگال
لە گردبوونەوەکەدا، بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی خوێندرایەوە و تیایدا ئاماژە بە رۆڵی نەرێنی گرووپە چەکدارەکان لەم دەڤەرە کرا و داواکرا کە بەزووترین کات چەکدارانی نایاسایی شوێنەکە چۆڵ بکەن.
لە گردبوونەوەکەدا، بەناوی کەمپینی ھۆشیارکردنەوەی رۆشنبیری لە پێناو یەکخستنی ریزی ئیزدییەکان بەیاننامەیەک خوێندرایەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەخرابووەڕوو کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی مرۆییدا، کەمپنێک بە ئامانجی ھۆشیارکردنەوەی رۆشنبیری لە پێناو یەکخستنی ریزەکانی ئێزدییەکان کە بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی دیکتاتۆریەتەوە پارچە پارچەبوون ئەنجامدراوە.
ماڵی ئێزدی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو کەمپینەی بۆ دوو مەبەست ئەنجامداوە یەکەمیان بۆ خزمەتکردنی عێراق و ئێزدییەکان و دووەمیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئێزدییەکان لە شنگال رووبەڕووی بوونەتەوە بە تایبەتیش دوای کۆتایی ھێرشی تیرۆریستانی داعش لە سێ ئابی ٢٠١٤دا.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە ئیزدییەکان بەھەموو ھەوڵ و توانای خۆیانەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی رەوشێکی باشتر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن کە خاڵیی بێت لە کۆیلایەتی، تایفەگەریی و دیکتاتۆریی، ھەروەھا کۆتایی بھێندرێت بە ھەژموونی دەسەڵاتداریەتیی میلیشیا و چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بە تایبەتیش "پەکەکە".
باس لەوەیش کراوە کە کار دەکەن بۆ دامەزراندنی بەھا و کولتووری خۆشەویستی و برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان ھەموو پێکھاتەکان و کۆمەڵگاکانی دیکەی عێراقدا و لەگەڵ چالاککردنی رۆڵی یاسا لە سزادانی ئەو کەسانەی کە تاوانیان بەرامبەر خەڵکی عێراق ئەنجامداوە یان بەشداربوون لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و رفاندنی کچان و ژنانی ئێزدی بە تایبەتیش تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە ھەموو کەس دەزانێت کە خەڵکی ئێزدی لەسەر ئاستی خۆجێیی و ھەرێمیی رووبەڕووی پلانێکی دوژمناکارانە، داگیرکاری، نەگیرس بووەتەوە بۆ ئەوەی لە نەخشەی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی کۆتایی پێ بھێندرێت بە تایبەتیش لەلایەن چەکدارانی نایاسایی "پەکەکە" ئەویش لەڕێگای دەستکاریکردن بە جوگرافیای چیای شنگال.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "تاقیکردنەوەی مێژووییمان چەندین وانەی فێرکردین بۆ لەناوبردنی فێلەکانی سیاسەتی دوژمن و داوا لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکەین ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان بخانەگەڕ و پێویستە پەکەکە چیای شنگال چۆڵ بکات لەبەر ئەوەی دەیان تیرۆریستی داعش لەناو ریزبەندیەکانیاندان ئەوانەن کە تاوانێکیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە بەرامبەر ئێزدی و ئێزدییەکان، دەیان گەنجی کچانی ئێزدی کە رفێندراون تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و رەتی دەکەینەوە کە شنگال ببێت بە قەندەلی دووەم بۆ پەکەکە.
دانیشتووانی قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا کوردی ئێزدین و لە رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤دا تیرۆریستانی داعش پەلاماریاندا و چەندین کۆمەڵکوژییان تیایدا ئەنجامدا و لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە لە تیرۆریستانی داعش پاک کرایەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

