Ekip
11 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2023
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بکەری تەقینەوەکەی ھەینی ڕابردووی ئاشکرا کرد.
ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاویکردەوە کە ئێوارەی ھەینی یەکی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە شەقامی ٦٠ مەتری شاری ھەولێر، لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی، تەقینەوەیەک ڕوویدا و جگە لە زیانی ماددی، ھیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوەی ورد دەرکەوت کە تەقینەوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە و لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردی دانراو بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی PETN بووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە ئەنجامدەری کارە تیرۆریستییەکە کەسێکە بەناوی (ز.ج.خ) کە ئەندامی تەڤگەری ئازادی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی و بە مەبەستی ئەو کردەوەیە ھاتووەتە شاری ھەولێر و دواتر گەڕاوەتەوە ناحیەی تەکیە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی فەرمانی دادگا ناوبراو بە ماددەی دووەم لە بڕگەی سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانی دادوەر ئاراستەی لایەنی پەیوەندار لە پارێزگای سلێمانی کراوە بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تۆمەتبار بە دەزگا ئەمنییەکانی شاری ھەولێر تا ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
لەگەڵ ڕاگەیاندراوەکەدا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە دانپێدانانی شوفێری ئەو تاکسیەیە کە لە ناحیەی تەکیە تۆمەتباری گواستووەتەوە بۆ شاری ھەولێر.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا شوفێری تاکسییەکە وەک تۆمەتبار باسی ئەو ڕۆژە دەکات و دەڵێت: "ڕۆژی ھەینی گەنجێک لە ناحیەی تەکیە دەستی لێ ڕاگرتم و گوتی بمبە بۆ ھەولێر و بگەڕێنەوە، مامەڵەمان کرد و بە بڕی ٨٥ ھەزار دینار ڕێککەوتن، گەنجەکەم نەدەناسی".
شوفێرەکە گوتیشی: "کە گەیشتینە ھەولێر لەلای بانکی زانکۆ داوای کرد ئۆتۆمبێلەکە ڕابگرم و دابەزی و دوای ماوەیەک ھاتەوە و گەڕاینەوە بۆ تەکیە و لەسەر دوو سایدی ناو تەکیە دابەزی".