Betül Yürük,Muhammet Ali Kemal
22 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، سەبارەت بە قەیرانی سووریا، رایگەیاند "هیچ کەسێک نایەوێت باری سەر شانمان بەشبکات لەگەڵمان. تا کەی دەڵێن 'ئافەرین تورکیا، ئافەرین ئوردن، ئافەرین لوبنان، ئێوە کارێکی زۆر باش ئەنجامدەدەن. ئێمە ئیرەییتان پێدەبەین'. کوا بەشکردنی لێپرسراوێتییەکان؟''.
مەولود چاوشئۆغلو لەمیانی کۆبوونەوەکانی لەپەراوێزی ٧٢ەمین دانیشتنەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا کە قەیرانی سووریا تاوتوێکرا، گوتەیەکی پیشکەشکرد.
چاوشئۆغڵو باسی لەوەکرد کە بێ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانی سووریا، ناکرێت ئاسایش و سەقامگیریی لە سووریا دەستەبەربکرێت و بەپێویستیشی زانی ئەو ئاگربەستەی لەو وڵاتە هەیە، بەهێز بکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەکرد کە پێویستە لە سووریا تەنها بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نا ''بەڵکو ئاگاداری بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە بین، ئەو رێکخراوە عەرەبە سونییەکان و کوردەکانی ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن''.
مەولود چاوشئۆغڵو ئاشکرایکرد تورکیا میوانداریی لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی کورد کردووە و ''لەسەدا ٩٠ی ئەو هاووڵاتییانە بە زۆر لە زێدی خۆیان دەرکراون''.
چاوشئۆغڵو باسی دووبارە بنیاتنانەوەی سووریای کرد و ئاماژەی بەوەکرد یەکێتیی ئەورووپا گرنگیی بەو بابەتە دەدات و تواناشی هەیە بەڵام ئەو بەڵێنانەی کە دراون، جێبەجێنەکراون.
ئەو تیشکی خستەسەر ئەوەش کە بەڵێنی هاوکاریی بە وڵاتانی دراوسێی سووریا دراوە و رەخنەی لە یەکێتیی ئەورووپا گرت کە بەڵێنەکانی لەو باریەوە نەبردووەتەسەر.
مەولود چاوشئۆغلو جەختی لەوەکردەوە کە تورکیا ٣٠ ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرە سوورییەکان خەرجکردووە بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها ٥٢٠ ملیۆن دۆلاری داوەتە تورکیا لەوبارەیەوە کە ئەوە هیچ شتێک نییە، گوتیشی: ''هیچ کەسێک نایەوێت باری سەر شانمان بەشبکات لەگەڵمان. تا کەی دەڵێن 'ئافەرین تورکیا، ئافەرین ئوردون، ئافەرین لوبنان، ئێوە کارێکی زۆر باش ئەنجامدەدەن. ئێمە ئیرەییتان پێدەبەین'. کوا بەشکردنی لێپرسراوێتییەکان؟ یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی ئەوەیدا کە بە بڕی ٣ ملیار دۆلار هاوکاریی پەنابەرە سوورییەکانی تورکیا بکات چونکە ئەوە دەزانن کە خەرجی هەر پەنابەرێک لە تورکیا یان لە سووریا بەراورد بە خەرجییەکەی لە یەکێتیی ئەورووپا، ١٠ هێندە کەمترە، بەڵام تا ئێستا تەنها ٨٢٠ ملیۆن یورۆتان ناردووە. ئەوەی کە دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئەمە دۆخێکی نائاساییە و ناکرێت رێککارە ئاساییەکانی بۆ پەیڕەو بکرێت. بۆ ئەوەی سەقامگیریی لە سووریا دەستەبەربێت، دەبێت هەنگاوی کردارەکی زیاتر بنێین''.