سياسەت

پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر ژێرخانی گشتی هەرێمی کوردستان

- سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان، مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی ئه‌م دواییه‌ى سه‌ر ژێرخانى گشتى و دامه‌زراوه‌كانى نه‌وت و گاز لە هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێدا نیگه‌رانى خۆى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا ده‌ربڕى.

Abdullah Abdulmanaf Shukur  | 27.06.2022 - نوێکردنەوە : 27.06.2022
پەیامی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر ژێرخانی گشتی هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان، مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی ئه‌م دواییه‌ى سه‌ر ژێرخانى گشتى و دامه‌زراوه‌كانى نه‌وت و گاز لە هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ و تێدا نیگه‌رانى خۆى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌دا ده‌ربڕى.

به‌پێى ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ له‌ ماڵپه‌رى فه‌رمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی ئه‌م دواییه‌ى سه‌ر ژێرخانى گشتى و دامه‌زراوه‌كانى نه‌وت و گاز لە هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى بڵاوكردووەتەوە.

لەبارەی ئەو هێرشانەوە، مەسرور بارزانی رایگه‌یاند "ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی راى گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە".

مه‌سرور بارزانى له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ به‌پرسانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و دۆسته‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كردووه‌ و تێدا جه‌ختى له‌سه‌ر پێكهێنانى هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردووه‌ بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت.

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان راسپاردووه‌ به‌مه‌به‌ستى گرتنه‌به‌رى هه‌موو رێكارێكى پێویست بۆ پاراستنى ژێرخانى گشتى و دامه‌زراوه‌كانى نه‌وت و گاز.

مه‌سرور بارزانى هه‌رله‌مباره‌یه‌وه‌ راشیگه‌یاندووه‌" لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە رۆژانی داهاتووشدا رێکاری زیاتر دەگرینەبەر".

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌یدا مه‌سرور بارزانى داواى له‌ خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ ئیراده‌یان به‌هێزبێت و راشیگه‌یاند "ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین".

دەقی پەیامەکەی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، مەسرور بارزانی:

وەک هاونیشتمانییانی سەرتاسەری کوردستان، زۆر نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا. ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی رای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گرووپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان مووشەکباران دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.

من لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەکانمان لە دەرەوەی وڵات قسەم کردووە. لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت كە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق. من بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵم روون کردەوە کە هێرشەکان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەکەن و داوام لێکردووە رێکاری جددی و کرداری بگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە.

هه‌روه‌ها بەڕێزان وه‌زیرانی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆم ڕاسپاردووە هه‌موو رێكارێكی پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە رۆژانی داهاتووشدا رێکاری زیاتر دەگرینەبەر.

شەوی رابردووش لەگەڵ بەڕێز برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا قسەم کرد. هاوڕێ ئەمریکییەکانمان و هەموو وەبەرهێنەرێک، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین. له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، داوا له‌ دۆست و هاوبه‌شه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان ده‌كه‌م و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیش پێویستە لە پەیوەندی و هه‌وڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به‌غدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە، رێگە له‌ هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێزانینەوە لە رۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەکات. زۆر بە راشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی.

داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın