دیاربەكر
پێنجەمین دادگەی سزای قورسی دیاربەكر داوای ئازادكردنی پەرلەمانتارانی بەدەپە گولسەر یڵدرم و ئیبراھیم ئایھان كە لە دۆسیەی كەجەكە بەندكراون رەتكردەوە و پارێزەرانیشیان تانەیان لە بڕیارەکە بۆ شەشەمین دادگەی سزای قورسی دیاربەكر نووسی، دادگەكە دوای ھەڵسەنگاندن، بە كۆی دەنگ ئەویشی رەت كردەوە.
دوای ئازادكردنی پەرلەمانتاری جەھەپە موستەفا باڵبای لەلایەن 13ەیەمین دادگەی سزای قورسی ئیستەنبوڵەوە، پارێزەرانی پەرلەمانتارانی بەدەپە داوای ئازادكردنیان كردبوو، بەڵام دادگە داواكەیانی رەت كردەوە. بەو هۆیەوە پارێزەرانی ئەو پەرلەمانتارە گیراوانە تانەیان لەو بڕیارە دا و داواكاریش چاوی بە بڕیارەكەدا خشاندەوە.
دادگەكە بڕیاری دا كە بڕیاری دادگەی دەستووری لە بارەی موستەفا باڵبای ھیچ پەیوەندی بەم دادگەیەوە نییە" و داوای ئازادكردنی ھەردوو پەرلەمانتارانی بەدەپە گولسەر یڵدڕم كە لە گرتووخانەی ماردینی پیتی M و ئیبراھیم ئایھان كە لە گرتوخانەی دیاربەكر پیتی Dو لە ساڵی 2010وە لە دۆسیەی كەجەكەدا بەند كراون، رەت كردەوە.
پێشتریش دادگە بڕیاری ئازادكردنی پەرلەمانتارانی بەدەپە سەلما ئیرماك، فەیسەڵ سارییڵدز و كەمال ئاكتاشی رەت كردبووەوە کە لەسەر دۆسیەی كەجەكە دەستگیركراون. دواتر پارێزاران تانەیان لەو بڕیارەی دادگە دا بەڵام ئەویش رەت كرایەوە.