Dilşad Seyfeddin Ahmet
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2016
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان، هۆشیار عەبدوڵڵا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی سەربازی و سیاسی ئێستای عێراق و هەنگاوەكانی رزگاركردنەوەی شاری فەللوجە، دەركەوتنی بەرپرسانی دیاری سەربازی ئێرانی بەتایبەت قاسم سولەیمانی و هەڵوێستی لیژنەكەیان، هەروەها هەنگاوەكان بۆ پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەكات.
هۆشیار عەبدوڵڵا سەرەتا لە بارەی هەنگاوەكانی ئازادكردنەوەی فەللوجە دوا و گوتی: "ئازادكردنی فەللوجە و یەكلاكردنەوەی بەرەی ئەنبار بەشێوەیەكی گشتی یەكێكە لە كارە لە پێشینە سەربازییەكانی حكوومەتی ئێستای عێراق، پێشتر دوو بۆچون هەبوو لەسەر ئەوەی ئایا لە مووسڵەوە كردەوە سەربازییەكان دەستپێبكرێتەوە یان ئەوەی بەرەی ئەنبار یەكلایی بكرێتەوە و دواتر دەستبكرێت بەشەڕی رزگاركردنەوەی مووسڵ، لەئەنجامدا ئەوە دەستی پێكرد كە بەرەی ئەنبار بەتایبەتی فەللوجە و ئەو ناوچانە هەمووی یەكلا بكرێتەوە ئەوكات دەست بكرێت بە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، لە ئێستادا زۆربەی یەكە سەربازییەكان بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی تەركیز لەسەر ئازادكردنەوەی فەللوجە دەكەن و بەشی زۆری بەرەو یەكلابوونەوە دەڕوات".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەم پڕۆسە سەربازییە چەند رەهەندێكی هەیە، رەهەندێكی ئەوەیە هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی لەڕووی ئاسمانییەوە بەگەرمی بەشدارن، لەلایەكی ترەو یەكە و بەشەكانی حكوومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی بەشدارن، بەراورد بەو هێرش و یەكلابوونەوەیەی حكوومەتی عێراق بۆی یەكلا بۆتەوە هەنگاوەكان هێواشە، پاساوی حكوومەت و وەزارەتی بەرگری عێراق ئەوەیە دەیانەوێت بەكەمترین قوربانی شارەكە ئازاد بكرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بەپێچەوانەی پاساوەكەی حكوومەتی عێراقی باس لەوە دەكات کە "ئەوەی وای كردووە گرفتی گەورە بۆ ئازادكرنەوەی شارەكە دروست ببێت ئەو پێشێلكارییە بەرامبەر بەشێك لە ئاوارەكانی شارەكە لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی ترەوە دەكرێت و لە گرتە ڤیدیۆییەكاندا بڵاوكراونەتەوە".
هۆشیار عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت: "یەكلایی كردنەوەی ئەو بەرەیە و ئازادكردنەوەی فەللوجە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە كاریگەری گەورەی لەسەر عێراق دەبێت و كاریگەری دەبێت لەسەر سەرەتای كۆتایی هێنان بە داعش لە عێراقدا".
سەبارەت بە ئامادەیی و هێز و توانای سوپای عێراق لە شەڕی رزگاركردنەوەی ناوچەكانی عێراقدا، عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەر سوپای عێراق لە ئاستی پێویستدا بوایە، پێویستی بە بەشداری كردنی حەشدی شەعبی نەبوو لە شەڕەكاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی سوپای عێراق بەهیچ شێوەیەك ئامادە نییە و توانای بەڕێوەبردنی ئەو شەڕەی نییە، لەبەرامبەر ئەوەدا حەشدی شەعبی بەشداری كردووە".
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لە بارەی ئامادەیی و دەركەوتنی بەرپرسانی سەربازی ئێرانی بەتایبەتی فەرماندەی هێزەكانی قودس، قاسم سولەیمانی لە ناوچەكانی عێراقدا، بە نیگەرانییەوە ئاماژەی كرد بەوەی لە دوای داعشەوە ئامادەیی هێزگەلی دەرەكی لەناوخۆی عێراقدا روونە.
ئەو گوتی: "بەداخەوە پێشێلکاری هەیە لەسەر سەروەری عێراق لەسەر ئاستی جیاوازدا، سەرنج و تێبینی زۆر هەیە لەسەر ئامادەیی ئەو (قاسم سولەیمانی) كە ئایا ئامادەیی لەسەر خاكی عێراق یان بەرەكان چییە، یەك لەو پاساوانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی پێداوە ئەوەیە سولەیمانی وەك راوێژكارێك رۆڵ دەبینێت، بەڵام هەڵوێستی ئێمە و لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەوەیە پێویستە رێز لە سەروەری خاكی عێراق بگیرێت و هەموو جۆرە دەستێوەردانێك لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بۆ كاروباری ناوخۆی عێراق بەلای ئێمەوە رەتكراوەیە".
هۆشیار عەبدوڵڵا لە بارەی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ قسەی كرد و گوتی: "ئامادەكارییەكان هەیە و لەچەند گوندێكەوە دەستكراوە بە رزگاركردنەوەی بەشێك لە دەشتی نەینەوا و ئەو چوارچێوەیەی بەرەو سەنتەری شارەكە دەڕوات، بەڵام پڕۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە دوو ئاستەوەیە (سەربازی و سیاسی) ئاستی سەربازی ئەوەیە هەوڵ دەدرێت بەشێوازێك بڕوات بەڕێوە كە كەمترین زیانی مەدەنی بكەوێتەوە لەكاتێكدا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە شارەكەدا ماونەتەوە و داعشیش لەناو شارەكە ئامادەكاری خۆی كردووە، بۆیە پێویستی بە تەكتیك و پلانێك هەیە كە بەكەمترین قوربانیدان ئەم شارە ئازاد بكرێت.
لەڕووی سیاسیشەوە لە دوای ئازادكردنەوەی، ئیدارەدانی شارەكە بەتایبەتی دۆسیەی ئەمنی بە كێ دەدرێت و كێ شارەكە دەپارێزێت، هەروەها ناكۆكییەكی سیاسی قووڵ هەیە بەتایبەتی لەسەر بەشداری كردنی حەشدی شەعبی".
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان باس لەوە دەكات کە دۆخی سیاسی عێراق و پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا تا دوای جەژنی رەمەزان بەم شێوەیەی ئێستای دەمێنێتەوە و ئاسایی بوونەوەی دۆخە سیاسییەكە زەحمەتە، ئەو گوتی: "لەئێستادا پەرلەمان لە پشووی وەرزی یاساداناندایە و بەشێكی زۆری كێشە سیاسییەكان هەڵواسراون و هێلدراونەتەوە بەهۆی ئەوەی تەركیز لەسەر فەللوجەیە، چاوەڕوان دەكەم لە دوای جەژنی رەمەزان پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی سەرلەنوێ دەست بە جموجوڵ بكاتەوە، بەڵام لە ئێستادا پڕۆسەی سیاسی لەبەردەم تەحەدی گەورەدایە بەتایبەتی ئاسایی بوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەیی زیاتر لە 105 پەرلەمانتار كە دژایەتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكوومەت دەكەن، بۆیە بە ئاسانی دۆخەكە ئاسایی نابێتەوە".