Hamit Hüseyin
02 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2015
بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عەمید ھەڵگورد حیکمەت لە چاوپێکەوتێنکدا لە گەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رەوشی ئێستای پێشمەرگەوە گوتی: "ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستی تەواوی میحوەرەکان بە سەر تێرۆریستان باڵادەستە و رۆژ بە رۆژ پێشڕەوییەکان زیاتر دەبێت و لە ئێستادا ئیرادەی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستێکی بەرزە و بە پێچەوانەشەوە ئیرادەی تیرۆریستان روو لە شکست و رووخانە و پێشمەرگە لە ھەموو میحوەرەکان پلانی پێشکەوتن جێبەجێ دەکات و توانیویەتی دەستکەوتی باش بەدەست بھێنێت".
لەبارەی یارمەتی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە گوتی: "ئێمە پشتگیری بۆچوونی بەرپرسانی ھەرێم دەکەین و پێویستە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ئەم راستییە بزانن کە ئێمە لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی داین و ھەموومان یەک دوژمنمان ھەیە و ھەروەھا ئەوە سەنگەری پێشمەرگەیە کە ھەموومانی کۆ کردووتەوە و پێویستە ئەوان بە ئەرکی خۆیان ھەستن و بەردەوام بن لە یارمەتیدان بە پێشمەرگەی کوردستان. ھەروەھا لە ئێستاداش ئەمە سەروەرییە کە پێشمەرگە لە کاتی نەبوونی یارمەتی ھاوپەیمانان هەر بەردەوام بووە و توانیویەتی سەرکەوتن تۆمار بکات".
لەبارەی دواکەوتنی ھێرشکردنەسەر شاری مووسڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێـت: "شەڕی پێشمەرگەی کوردستان و ھاوپەیمانان لەگەڵ ھێزێکی وەحشییە و ناکرێ بیر لە کات و ساتی دیاریکراو بکەین و زیاتر دەبێ بیر لە ئامانجەکان و ئەو پلانەی کە دادەنرێت، بکرێتەوە کە چۆن بەتەواوی جێبەجێ ببێت و ھەرچەندە لە ئێستادا ژوورێکی ئوپەراسیۆنەکان پێک ھاتووە و بیر لەوە دەکرێتەوە کە پلانی کۆنترۆڵکردنی مووسڵ سەد لە سەد جێبەجێ بکرێتەوە چونکە مووسڵ دووەمین گەورە پارێزگەی عێراقە و پێویستە زۆر بە وریاییەوە کار لە سەر ئازادی بکرێت و لەو شەڕەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری دەکات بەڵام هەتا ئێستا روون نییە کە بە چ جۆرێک و لە سەر چ بنەما و مەرجێک دەبێت و ئەوەش لە دەستی قیادەی کورد دەبێـت".
لەبارەی گیان لە دەست دانی ئەفسەرێکی پایەبەرزی ئەڵمانی لە ھەرێمی کوردستان کە گویا تیرۆر کراوە، ناوبراو گوتی: "بە ھەموو شێوەیەک تیرۆرکردنی ئەو ئەفسەرە رەتدەکەینەوە و ئەو بەشێوەیەکی ئاسایی مردووە و ھەروەھا ئەو شوێنەی کە ئەفسەرانی ھاوپەیمان تیا دەژین تەنیا ھێزەکانی ھاوپەیمانی تیایە و دیواری ئەمنی ئەو شوێنەش زۆر بەتوندی لەلایەن ئاسایش و ھاوپەیمانان دەپارێزرێت و ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستاندا نزیکەی ١٠ دەوڵەت راوێژکاری سەربازییان ھەیە و تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانە".
سەبارەت بە رازیبوونی یەپەگە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاوا، هەڵگورد حیکمەت گوتی: "ئەوەش لە دوای جێبەجێکردنی ئەو رێنمای و رێککەوتنانە بووە کە یەپەگە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و فەرماندەی فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجامی داون و ھەروەھا بەدڵنیاییەوە ئەمریکا رۆڵی ھەبووە ھەر وەک چۆن رۆڵێکی زۆر چالاکی لە ھەموو ھاوکێشەکانی ھەرێمی و نێودەوڵەتیدا ھەیە".
لە درێژی ئەو پرسەدا عەمید ھەڵگورد درێژەی دایە و گوتی: "ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە چەند ھەزارێک پێکدێت ئەو ھێزە پێشتر لەلایەن ھەرێمی کوردستان راھێنانی پێ کراوە و هەزینەی ئەو ھێزەش لە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و ھەروەھا ئەو ھێزە پێش ساڵێک ئامادەی تەوای ھەبوو بۆ گەڕانەوەی بەڵام بەھۆی ناتەبایی ھێزەکانی سیاسی رۆژئاوا رێککەوتن دروست نەدەبوو و لە ئێستادا گەڕانەوەیان ھاوکارییەکی باش دەبێت لە جیاتی ئەوەی کە ئێمە ھێز بۆ کۆبانێ یان ھەر شوێنەکی دیکەی رۆژئاوا رەوانە بکەین ئەو ھێزە بنکە و نوێنەرایەتی پێشمەرگەی کوردستانە لە رۆژئاوا و ھەروەھا لە ئێستادا ئامانج زیاتر پشتگیری لایەنی سیاسی و هەروەها پشتگیری ھێزەکانی یەپەگەش دەکات".
حیکمەت لەبارەی چەکی کیمیای کە بەرانبەر پێشمەرگە بەکار ھاتووە، دەڵێت: "ھەرچەندە راگەیەنراوی فەرمیمان لەم بارەوە نەبووە بەڵام داعش چەکی کیمیایی بەرانبەر بە پێشمەرگەی کوردستان بەکار ھێناوە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بۆ ئەو پرسە بەردەوامە و ھەروەھا وەک وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستانیش ئێستا گرفتمان ھەیە بۆ خۆپاراستن لە بەرانبەر ئەو چەکە و داوا لە ھاوپەیمانان دەکەین لەم بوارەوە یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدەن".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو پێشمەرگانەی هەتا ئێستا لە دەست داعشن کە ئایا ھیچ ھەوڵی ئازادکردنیان دراوە؟ وەڵامی دایەوە: "بەشێوەی فەرمی هەتا ئێستا ھەوڵ نەبووە بەڵکو لە رێی سەرۆک عەشایری ناوچەکان و لە رێی ھەوڵی خەڵکی ناسراو و خێزانی ئەو دیلانە ھەوڵ ھەبووە بەڵام هەتا ئێستا بەفەرمی ھیچ ئەنجامی نەبووە".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا، لەبارەی پرسی ئازادی شنگال و رۆڵی یەپەگە لەو ناوچەیە گوتی: "ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگە ئەو سەنگەرانەی کە لە سنووری ھەرێمی کوردستان دژی تیرۆریستانن ھەمووی سەنگەری پێشمەرگەن ئەو حزب و و لایانەی کە لە باکوور، رۆژھەڵات یا رۆژئاوا لە ھەندێ سەنگەر شەڕ دەکەن ئەمە تەنیا ھاوکارییەکە بۆ ھێزی پێشمەرگە وھەروەھا ھەر لە خانەقین هەتا شنگال سەنگەری پێشمەرگەی کوردستانە و ھەروەھا بێجگە لە براکانمان لە پارچەکانی دیکە پێشمەرگە یارمەتی لە چەند وڵاتیش وەرگرتووە و ئەمە کارێکی ئاساییە و لە ھەموو میحوەرەکانی شەڕیش ھیچ ھێزێک لە جیاتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی سەرەکی نەبینیوە. ھەروەھا ئێمە چون بەھانای کۆبانێ چووین و ئازادمان کرد و نەمانگوت ئێمە بووین ئەوانیش ھەروا. لە ئێستاداش ئێمە دەتوانین شنگال ئازاد بکەین و پلانیش ھەیە و تەنیا چاوەڕێی قیادەی کورد دەکەین".