Hemin Hüseyin
18 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2016
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە سێ قۆڵەوە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەری باشیکیش ئاماژە بەوەدەکات لەو کاتەدا کە پێشمەرگەکان خەریکی نوێژی بەیانی بوون، چەکدارێکی داعش خۆی گەیاندووەتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، بەرلەوەی لەلایەن پێشمەرگەوە تەقەی لێبکرێت، خۆی تەقاندووەتەوە و لەئەنجامی ئەو کردەوەیەشدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
بەرپرسی میحوەری باشیک حەمید ئەفەندی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە میحوەری باشیک چەند جموجووڵێک هەبوو بەڵام زوو لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بەرپەرچدرانەوە و چەکدارانی داعش نەیانتوانی لە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە نزیکببنەوە".
هەرچەندە لە میحوەری باشیک هێزەکانی پێشمەرگە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە بەڵام لەئەنجامی هێرشێکی خۆکوژییدا لە میحوەری خازر، دوو پێشمەرگە شەهیدبوون. لەو بارەیەشەوە بەرپرسی میحوەری باشیک حەمید ئەفەندی گوتی: "کاتژمێر 4ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەو کاتەدا کە پێشمەرگەکان خەریکی نوێژی بەیانی بوون، چەکدارێکی داعش خۆی گەیاندووەتە نزیک سەنگەری هێزی پێشمەرگە و خۆی تەقاندووەتەوە، لەئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون".
ئەمڕۆ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ھەرسێ میحوەری باشیک، خازر و گوێر ھێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەھۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.
باشیک 12 کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە و دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شارەکە، لە ئێستادا ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر چیای باشیکن کە دەڕوانێت بەسەر دەشتی نەینەوادا.