ھەولێر
وەزیری شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، مەحموود حاجی ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پرسی بە جینۆسایدناساندنی ئێزدییەکان، گوتی "لێژنەیەکی تایبەت پێکھێنراوە، چەندین دۆکیومێنتی تایبەت بە تاوانەکانی داعش لە وەزرارەتی ناوخۆ و کاروباری شەھیدان ئامادەکراوە، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە لە شاڵاوی گوشتن رزگاریان بووە و چەندین دۆکیومێنتیش کەچەکدارانی داعش خۆیان بڵاویان کردوەتەوە، ھەموویان بەڵگەن بۆ ئەوەی ئێمە ئەو کردەوانەی داعش بە جینۆساید بناسێنین".
وەزیری شەھیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی "ھەموو ئەو بەڵگانە بە دادگای نێودەوڵەتی دراون، بەڵام گرفتی یاسایمان ھەیە کە عێراق ئەندامی دادگای تاوانەکان نییە".
حاجی ساڵح باسی لەوەشکرد دادگای نێودەوڵەتی لێکوڵینەوە لەو دۆسیانە دەکەن، ئەو وڵاتە ئەندامی دادگای تاوانەکان بێت. ئێمە بەردەوام دەبین بە جینۆساید ناساندنی ئەم دۆسیە رێگاچارەی دیکە دەگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەوان رازی بن هەتا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئیزدییەکان بکەن".
سەبارەت بەقەرەبووکردنەوەی قوربانیانی شەڕی داعش مەحموود حاجی ساڵح دەڵێت: "شەھیدان ھەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەوان شەھیدی سەنگەر و شەھیدی ئەم خاکەن، لە لایەن وەزارەتی شەھیدان و وەزارتی ناوخۆ دۆسیەکانیان رێکخراون و مووچە و ھەموو ماف و ئیمتیازاتیان پێ دەدرێت".
سێی ئابی پارساڵ چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش، دوای ئەوەی شاری مووسڵیان کۆنترۆڵ کرد توانیان ناوچەکانی ئێزدیییش کۆنترۆڵ بکەن.
ھاووڵاتیانی ئێزدیش لە سنووری قەزای شنگال دەوروبەری ماڵ و حاڵیان بەجێھێشت ژمارەیەکی زۆریش لە ژنان و منداڵان و کەسانی تر کەوتنە ژێردەستی چەکدارانی داعش ھەر لەوکاتەدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەو کردەوانەی داعشی بە جینۆساید ناساند.