سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆڵی رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانی رۆژئاوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، كۆنفراسی ئەنجوومەنی باڵای پەنابەرانی رۆژئاوا لە سلێمانی ئەنجامدراو نوێنەری ئاوارەكان بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردران.
سەرۆكی ئەنجومەنەكە خالید عەبدوڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆنفراسی ئەمڕۆدا ژمارەی لیژنەكانمان زیاتر كرد، بە جۆرێك لە هەموو ناوچەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كە ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە و ژمارەیان 10 ناوچەیە نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجوومەن دیاریی كرد و لە ناوشاری سلێمانیشدا 17 نوێنەری گەڕەكەكانی شارەكە دەستنیشان كران و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بۆ نزیكەی 100 ئەندام زیاد كرا".
سەرۆكی ئەنجوومەنەكە ئاماژەی كرد بەوەی ئەركی ئەو نوێنەرانە گەیاندنی داوا و پێداویستی پەنابەرانە لە ناوچەكانی خۆیان بە ئەنجوومەن، تاوەكو بگەیەنرێتە لایەنە بەرپرس و پەیوەندییدارەكان و كاری پێویستیان بۆ بكرێت.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 29 هەزار ئاوارەی كوردی رۆژئاوا هەیە، شەش هەزاریان لە كەمپی باریكە نیشتەجێكراون، 23 هەزاری دیكەش لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری نیشتەجێن.
خالید عەبدوڵا لەبارەی ژمارەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە كۆبانی گوتی: "لە دوای ئازادكردنەوەی شارەكە و تەنها لە ماوەی ئەم دوو مانگەی كۆتایدا 300 ماڵبات لە سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە كۆبانێ و پێشبینی گەڕانەوەی ژمارەیەكی زیاتری ئاوارەكان دەكەین".
ئەنجوومەنی باڵای پەنابەرانی رۆژئاوا لە سلێمانی پێش دوو ساڵ و لە دوای ئاوارەبوونی كوردانی سووریا بۆ هەرێمی كوردستان دامەزراوە بەمەبەستی هاوكاری كردن و گەیاندنی پێداویستی و كێشەكانی پەنابەران.