ھەولێر
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری شەھید و ئەنفالکراونی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا کە لەسەر بانگھێشتکردنی وەزیری کار لە وڵاتی سوئیدەوە تیمێکی پزیشکی خۆبەخش بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر پشکنینی بێ بەرامبەر بۆ بەرکەتووانی چەکی کیمیاوی ھاتوونەتە ھەرێم و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا سەنتەرێکی تایبەت بەو نەخۆشانە بکرێتەوە.
وەک لە کۆنگرەکە باس کرا دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لە سەدا ١٥ ی ناوچە و سەدا ١٠ی بەرکەوتووانی کێمیاوی کراوە بڕیارە لە سەرەتا لە ھەڵەبجە ئەو سەنتەرە بکرێتەوە و دواتر لە ناوچەکانی دیکەش پەرەی پێ دەدەن.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان محەمەد ھاودیانی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوان بە ھاوکاری وەزارەتی تەندروستی ھەڵساون بە ھێنانی چەند پسپۆڕێک بۆ پەککەوتووانی چەکی کیمیاوی لە وڵاتی سويد ئەوان لە سەر داوای من بانگھێشت کراون و ئەوان بێجگە لە بواری جەستەیی لە بواری دەروونی و دۆزینەوەی کار بۆ ئەو نەخۆشانە کار دەکەن".
محەممەد ھاودیانی گوتی: "بابەتی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی پەیوەندی بە وەزارەتی شەھیدان ھەیە و وەزارەتی کاریش لە بواری دەروونی و دۆزینەوەی کار و تێکەڵاوی ئەوان لە کۆمەڵگە کار دەکات".
وەزیری شەھیدان و کاروباری ئەنفالکران مەحموود حاجی ساڵح گوتی: "ھێنانەوەی ئەو پسپۆڕانە و دانانی سەنتەری بەرکەتووانی چەکی کیمیاوی کارێکی بەرزە و ئێمە ئەمە بە بەرھەمێکی باش دادەنێن بۆ وڵاتی خۆمان. ھیواخوازین کەل و پەلی تایبەت بۆیان دابین بکرێنەوە".
لە ساڵی ١٩٨٨ رژێمی سەدام حوسێن بەشێوەیەکی دڕندانە پارێزگای ھەڵەبجەی کیمیاباران کردەوە و ھەروەھا ئەم رژێمە چەندین تاوانی دیکەی لە ناوچەکانی دیکەی کوردیدا کردووە کە هەتا ئێستاش خەڵک پێوە دەنالێنێت، بێجگە لەو کەسانەی کە ئەنفال بوون، ئێستا زیاتر لە شەش سەد کەس بە توندی بەرکەتوو ماوەن و زیاتر لە چوار ھەزار و پێنج سەد کەسیش پێویستیان بە چارەسەریی ھەیە.