هەولێر
رۆژی سێشەممە بریاربوو سەعات 11 هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێ، بەڵام هەڵبژاردنەكە چل و پێنج خولەك دواكەوت.
دواتر لە لایەن سەرۆكی كاتی محەمەد سادق دانیشتنەکە بەرێوەچوو.
سەرەتای دانیشتنەكە بە هیوای چاكبوونەوە بۆ مام جەلال دەستیپێكرد دواتر سەرۆكی كاتی پەرلەمانی كوردستان، داوای لە فراكسیۆنەكان كرد سەرۆك و جێگر و سكرتێر دیاری بكەن بۆ ئەوەی بە شێوەی نهێنی بخرێتە دەنگدانەوە.
هەریەكە لە لیستی گۆڕان یوسف محەمەد بۆ سەرۆك و پارتی دیموكراتی كوردستان جەعفەر ئیبراهیم بۆ جێگر و كۆمەڵی ئیسلامی فەخرەدین قادر و لیستی ئازادی ئەبو كاروان بۆ سکرتێری پەرلەمان کاندیدکرد.
فراكسیۆنی سەوز نارەزایی بەرامبەر دانیشتنەكە دەربری ئەو دانیشتنەی بە یاساشکێنی وەسفکرد.
سالار مەحمود لە فراكسیۆنی سەوز گوتی: "بەریز سەرۆكی كاتی پەرلەمان دانیشتی ئێستای پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی لە نێوان دەنگدانی تایبەت و گشتیدایە، ئەمە کارێکی ناڕەوایە و دەچێتە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بۆ چەند لایەنێك."
لەناو هۆڵی پەرلەمان دەمەقالە لە نێوان پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەكیتی دروستبوو. هەر یەكەیان پێیانوابوو مزایەدەی سیاسی دەكەن لەناو پەرلەمان.
بەزۆرینەی دەنگ سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان دیاریكران. كە بە تەمەنترین پەرلەمانتار و دوو لە بچووكترین پەرلەمانتاری كوردستان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكەیان كرد.
یوسف محەمەد سادق -فراكسیۆنی گۆڕان بۆ سەرۆك بە 84 بەڵی و 7 دەنگی بەتاڵ.
جەعفەر ئیبراهیم - فراكسیۆنی پ.د.ك 79 بەڵی و ١١ی بەتاڵ.
فەخرەدین قادر ٧٠ دەنگ بووە سکرتێری پەرلەمان.