وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆسلۆ گوتی: "چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە نەرویج ئەنجام دەدەم و لەبارەی دابینکردنی غازی پێویست بۆ وڵاتانی ئەورویا کە بەھۆی کێشەی ئۆکرانیاوە تووشی قەیران بووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا گفتوگۆ دەکەین."
یڵدز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی نەوت و غازی سروشتی ھەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "حاڵی حازر ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بەردەوامە و دوو رۆژە رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت روانەی تورکیا دەکرێ. نەوت نەوتی عێراقە جا جیاوازی نییە ھی باشوور، باکوور، رۆژھەڵات یا رۆژئاوای عێراق بێ، ھەناردنی ئەو نەوتە بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی عێراق و ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی ئەو وڵاتە رۆلێکی گرنگی ھەیە، ھەمیشە گوتوومانە و دووبارەی دەکەمەوە کە ئەو نەوتە نەوتی عێراقە و مانگی ئایار دەست بە رەوانەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیھان دەکرێ."
یڵدز بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئاواتە خوازم ھەڵبژاردنی ٣٠ی نیسان بۆ عێراق بێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئاشتی و ئارامی، تورکیا ھیچ کات لە بەرامبەر پڕۆژەکانی کەرتی وزە لە عێراق بێ ھەڵوێست نابێ و رووداو و پێشھاتەکانی ئەم دواییەش بەشێکن لەو راستییە. ھەرێمی کوردستان مانگی مایس دەست بە فرۆشتنی نەوت دەکا و تورکیا مشتەری ئەو نەوتە نییە، چونکە کۆمپانیای توپڕاش لەو بوارەدا رێککەوتنی ئیمزا کردووە، دەکرێ لەو بوارەدا گفتوگۆ لەگەڵ کەرتی تایبەت بکرێ. بەڵام حاڵی حازر ھیچ بەرنامەیەکی دەوڵەتی تورکیا بۆ کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان نییە، وەکو ھەمیشە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پێشنیارەکانی خۆیان ئاراستە دەکەن و ئەگەر قبوڵ بکرێن ئەوا بازرگانی نێوانیان دەست پێدەکا."
یڵدز لە بارەی نرخی نەوتی ھەرێمی کوردستان جەختیکردەوە نەوت لە سەرانسەری جیھان نرخێکی دیاریکراوی ھەیە، لە زۆربەی ناوچەکاندا ئەو نرخە یەکسانە، کۆمپانیای توپڕاش کۆمپانیایەکی زۆر گرنگی کڕین و فرۆشتنی نەوتە لە تورکیا، بۆیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە کوردستان گفتوگۆ دەکا و نرخی خوازراو پێشکەش دەکا، تورکیا تائێستا لەبارەی نرخی نەوتەوە ھیچ پێشنیارێکی ئاراستە نەکردووە، کۆمپانیای سۆمۆی عێراق، سەرقاڵی ھەناردنی حەوت ملیۆن تەنە، رێژەکە زۆر بەرز بووەتەوە و ئەمڕۆ گەورەترین دابینکەری نەوت بەغدایە، لە چوار ملیۆن تەنەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ عێراق لەو بوارەدا تا رادەیەکی بەرچاو توانیویەتی جێگای ئێران بگرێتەوە."
یڵدز ئاماژەی بەوەدا رێژەی ئەو نەوتەی لە بەندەری جەیھان لە نێو خەزانەکاندایە، زیاترە لە ١.٥ ملیۆن بەرمیلە، دەتوانرێ ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە تانکەرەکانی بەندەری جەیھاندا ھەڵبگیردرێ، بۆیە ئەگەر نەوت دەربھێنرێ و ھەناردە بکرێ ئەوا ئێمەیش روانەی بازاڕەکانی جیھانی دەکەین.