Şeyma Uzundere
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی نەرویج، يوناس گار ستۆره ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان ئەنجام دراون و نەرویج میوانداریان دەکات، پێویستن.
بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، يوناس گار ستۆرە لە نیویۆرک بۆ رۆژنامەنووسان دواوە.
سەرۆکوەزیرانی نەرویج، يوناس گار ستۆره باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای خۆپیشاندانی گرووپەکانی مافی مرۆڤ، ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ ئەندامانی تاڵیبان لە رۆژانی ٢٣-٢٥ی کانوونی دووەم لە ئۆسلۆ ئەنجام دراون، پێویستن.
ستۆرە هەروەها باسی لەوە کرد کە میوانداریکردنی حکوومەتی تاڵیبان بۆ حکوومەتەکەی هەڵمەتێکی سەخت بووە، ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەکان بە واتای شەرعیەتدان نییە بە حکوومەتی تاڵیباندا.
سەرۆکوەزیرانی نەرویج، يوناس گار ستۆره کۆبوونەوەکانی بە ''یەکەم هانگاو'' بۆ بەرگرتن لە روودانی قەیرانی مرۆیی لە ئەفغانستان و ''ژینگەیەک'' بۆ گەیاندنی چاوەڕوانییە نێودەوڵەتییەکان و پەیامەکان بە تاڵیبان ناوزەند کرد و کۆبوونەوەکانی بە دڵسۆزانە و جیددی لە قەڵەمدا.
يوناس گار ستۆره سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە ئەفغانستان، باسی لەوە کرد کە یەک ملیۆن منداڵ رووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە و نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستیان بە هاوکاری هەیە.
لەو کۆبوونەوانەی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامدراون تاوتوێی هاوکارییە مرۆییەکان کراوە بۆ ئەو وڵاتە، لەگەڵ خوێندنی کچانی ئەفغانستان و گشتگیربوونی حکوومەتی تاڵیبان.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی نەرویج-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە نوێنەرانی تاڵیبان لە ٢٣-٢٥ی کانوونی دووەمدا بانگهێشتی ئۆسلۆ کراون.
شاندی تاڵیبان باسی لەوە کردبوو کە لە نەرویج بەردەوام دەبێت لەسەر دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتە، نوێنەرانی هەندێک وڵاتی دیکە و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی.