Hemn Baban
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەسەرۆکایەتی بەرھەم ساڵح کۆبوونەوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی ھەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە عەلی حوسێن سەردانی بارەگای ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییان لە شاری ھەولێر کرد و لە پێشوازیی شاندەکە ھەریەک لە سەرۆکی ھاوپەیمانی، بەرھەم ساڵح و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن محەمەد رەئوف و کەریم بەحری و چەندین بەرپرسی دیکە ھەبوون.
دوای کۆبوونەوەیەک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، نێچیرڤان بارزانی و بەرھەم ساڵح تیشکیان خستە سەر تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە و چەند پرسێکی دیکە.
بەرھەم ساڵح لەوبارەیەوە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن لەنێویشیاندا ئاژانسی ئانادۆڵو کە رووماڵی کۆبوونەوە و کۆنگرەکەی دەکرد رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی پرسە گرنگەکانی بەغدا و ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولمان کرد، لە چوارچێوەیەکی بەرپرسیارانەدا بەو ئەرکە نیشتمانییانەی لە پێشمانن جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد پێویستی بەیەک ھەڵوێستی و یەکڕیزییە لە بەغدا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پاراستنی مافە نەتەواویەتییەکانی گەلەکەی خۆمان".
لەبارەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت بەرھەم ساڵح بڕیاری بەشدارینەکردنی ھاوپەیمانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند "لەمبارەیەوە پێداگیری کرایەوە، ئێمە وەکو ھاوپەیمانی بەشێک نین لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ئەندامیشمان نییە لە پەرلەمانی کوردستان، تێبینییمان لەسەر کۆمەڵێک رێککار و تۆماری دەنگدەران ھەیە، بڕیار وایە بەشدار نەبین لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، بەڵام ھیوادارین ئەو پڕۆسەیە پڕۆسەیەکی سەرکەوتووبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان چیتر بەرگەی بێنە و بەردە و بەرگەی گرژی و ئاڵۆزی تر ناگرێت، ئەگەری گەورەمان لە پێشە، ئەو ئەگەرانەش وەکو پێشتر ھاوپەیمانی و چوار لایەنەکەش جەختیشیان لەسەر کردووەتەوە کە پێویستی بە دیالۆگێکی نیشتمانییە بۆ دەستنیشانکردنی کێشە سەرەکییەکانی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان، بەتایبەت چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک، ئەمە بەلایەنێک و دوولایەن ناکرێت، بەڵکو بەھەماھەنگی و ھاوکاری ھەموو ھێزە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕەپانە دەکرێت، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆیەتی بۆ ئەوەی ھەم لەگەڵ مەترسییەکاندا مامەڵە بکەین و ھەم ئەو دەرفەتە گەورانەی لە پێشماندایە بتوانین زۆرترین سوود بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێم لێ ببینین نەوەک بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی".
لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شاندی پارتی، نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا رایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەماندا باسی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقمان کرد، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە بۆ بەرژەوەندیی گەلەکەمان لە بەغدا کۆدەنگییەک دروست بکەین، بەڵام میکانیزم چۆنە دەبێت دواتر قسەی لەسەر بکەین".
ھەروەھا گوتی: "رێز و ئیحتراممان بۆ بڕیاری ھاوپەیمانی ھەیە، بەڵام لایەنی ھونەری ھەڵبژاردنەکان چووەتە پێش، ئەمەشمان لەگەڵ لایەنەکان باسکردووە و کۆمیسیۆنمان راسپاردووە کە ھەڵبژاردن بکرێت و ئومێد دەکەین کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆی و بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت".
گوتیشی لەو یەک دوو رۆژەی داھاتوو سەردانی گۆڕانیش دەکەن، سەبارەت بە قسەی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە باسی لەوەکردبوو نابێت پارتی سووربێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و یەکێتی ھەڵبژاردن لە زۆنی خۆیدا ناکات، نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت "پارتی بڕیاری ھەڵبژاردنی نەداوە، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حکوومەت دیاریکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لایەنێکی سەرەکیی حکوومەتە، پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش قسەکراوە و بڕیاری ھەڵبژاردن دراوە، ھەڵبژاردن لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەکرێت و با کاک فەرید نەھێڵێت سندوقی ھەڵبژاردن لە سلێمانی دابنرێت".
بەرھەم ساڵح لەبارەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئەو قسەیەی رەتکردەوە و گوتی: "ھیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە لە ھەندێک لایەنەوە باسکراوە، بەڵام ھیچ باسێکی فەرمی نییە، ئێمە سەرقاڵی رێکخستنەوەی ھاوپەیمانیین، مەبەستمانە بەشێک بین لە پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەر پۆست و پلەیەکیش ھەبێت بۆ بەرژەوندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت نەوەک بۆ پشک پشکێنە".
گوتیشی: "من نەخۆم پاڵاوتووە نەھاوپەیمانی کاندیدی کردووم".
نێچیرڤان بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتیشی: "جەخت دەکەمەوە حزبەکان بە شێوەیەکی فەرمی داوایان لە حکوومەت نەکردووە کە ھەڵبژاردن دوابخرێت، رێککاری یاسایی ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان مەبەستییانە ھەڵبژاردن دوابخرێت دەبێت لەگەڵ حکوومەت قسە بکەن، ئەگەر لەناوخۆی حزبەکاندا چی قسەیەکیان کردووە ئەمە شتێکی ترە، کەس داوای لە حکوومەت نەکردووە، ئێمەش ئەم کاتەمان دانەناوە لە خۆمانەوە، بەڵکو بە مەشوەرەت و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی بووە، کۆمیسیۆنیش کە چوونەتە پەرلەمانەوە باسیان لەوەکردووە کە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی رێککارەکانیان تەواوکردووە، بۆیە ھیچ پاساوێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە، ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستانە، مەسەلەی شەرعییەت و دیموکراسییەت و شتی دیکەشە، بۆ بارودۆخی ئێستاىھەرێمی کوردستانیش باشترە".
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بە دوو ئیدارەیی بە ھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە وەکو لە پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکدا ھات بارزانی گوتیشی: "ئێمە لە زمانی دوو ئیدارەیی و ئەو شتانە تێناگەین، کەس نامەی بۆ ئێمە نەناردووە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن بکەن".