ھەولێر
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەر مامۆستایەکی ئاینی لەسەری ساغ بێتەوە گەنجان هان دەدا بۆ ئەوەی بچنە سوریا بۆ شەڕکردن، تەسلیمی وەزارەتی ناوخۆی دەکا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی ھەرێم، مەریوان نەقشبەندی، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر پرسی ئەو گەنجانەی لەھەرێمی کوردستانەوە بەناوی جیھادەوە دەچنە سوریا، بەڵام هێشتا ساغ نەبۆتەوە ھیچ مامۆستایەکی ئاینی رۆڵی هەبووبێ لە ناردن یان ھاندانی گەنجان بۆ سوریا."
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی جەختی کردەوە، دەبێ مامۆستایانی ئاینی پابەندی رێسا و یاساکانی وەزارەت بن و ھەر مامۆستایەک ساغ ببێتەوە گەنج دەنێرێ یان ھانیان دەدا بۆ چوون بۆ سوریا، راستەوخۆ تەسلیمی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێ بۆ لێپرسینەوە.
نەقشبەندی زانیاریی لە بارەی ئەو گەنجانەوە خستەڕوو کە گەڕاونەتەوە. گوتی: "ئەو گەنجانەی لە سوریا دەگەڕێنەوە زیاترن لەوانەی دەچن، ئەگەرچی ھێشتا زیاتر لە ١٠٠ گەنجی کورد بە ناوی جیھادەوە لە سوریا شەڕدەکەن، بەڵام نزیکەی ٣٠ گەنجی دیکە گەڕانەوتەوە. ئەوانە بەھۆی کەمیی تەمەنییانەوە کە لەنێوان ١٦ بۆ ٢٥ ساڵیدایە، داوایانکردووە کاتێ دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم وەکو تیرۆریست لە قەڵەم نەدرێن. ئەوانەی بەناوی جیھادەوە چوون بۆ سوریا، لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و گەرمیانەوە رۆیشتوون و ھیچ گەنجێک لە پارێزگای دھۆکەوە نەرۆیشتووە."