ھەولێر
دوایین پارێزگا لە عێراق دروست کرا و بوو بە خاوەنی ١٨ پارێزگا، شاری تکریت بوو لە ناوەڕاستی دەیەی حەفتاکان لە سەدەی رابردوو و ناوەکەی گۆڕا بۆ پارێزگای سەڵاحەدین. ئەو کاتە ژمارەی دانیشتوانی عێراق زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس بوو. ئێستا ژمارەی دانیشتوان نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە و ژمارەی پارێزگاکان هەر وەکو خۆیانن.
بە گوێرەی ئامارە پشڕاست نەکراوەکانی حکومەتی عێراق، ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە خۆی دەدا لە ٣٦ ملیۆن کەس. کە لەچوارچێوەی ١٨ پارێزگادا نیشتەجێ بوون. تێکڕا ھەر پارێزگایەک دوو ملیۆن دانیشتوی لێدەژی.
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی عێراق د.تۆرھان موفتی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو ئاشکرای کرد، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رێگری لە پرۆژەیەکی حکومەت بۆ زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨ەوە بۆ ٣٠ پارێزگا کردووە.
پەسەندکردنی یاسای پارێزگاکانی عێراق ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمان، یاسای پارێزگاکانی ژمارە ١٥٩ی ساڵی ١٩٦٩ی سەردەمی بەعسی پوچەڵ کردەوە کە بڕگەیەکی بۆ زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکانی تێدابوو. لە یاساکەی ساڵی ٢٠٠٨ ئەو شتە نییە.
ساڵی ٢٠١١ وەزارەتی کاروباری پارێزگاکان پرۆژە یاسایەکی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای پارێزگاکان داڕشتووە کە یەکێ لە بڕگەکانی زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکانی عێراق بووە. پاش پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان کرا، دواجار لەوێ ئەو بڕگەیە لەنێو بڕگە رەتکراوەکان بوو.
لەبارەی ھۆکاری رەتکردنەوەی ئەو بڕگە و چەندین بڕگەی دیکەی پرۆژە یاساکە، موفتیگوتی:" ھۆکارەکەی نازانیین، بەڵام ھەموو وەزیرەکان و ئەنجومەنی شورای دەوڵەت و زۆرێک لە یاساناسان لەگەڵیدا بوون. ھەستمان بەوەکرد زیاترکردنی ژمارەی پارێزگاکانی عێراق لەبەر ھۆکاری ئیداریی و دانیشتوان پێویستە و چەندین کێشەی سیاسی و جوگرافی و ئیداریی چارەسەر دەکا."
تکریت، شوێنی لەدایکبوونی سەدام حوسێنی سەرۆکی لە سێدارە دراوی عێراقە کە دوایین پارێزگایە لەعێراق دروستکرابێ ساڵی ١٩٧٦. دەوڵەتی عێراق لە دامەزراندنی دا ساڵی١٩٢١، بە سێ ملیۆن کەسەوە لە سێ ویلایەتی عوسمانی پێکدەھات، ئەوانیش بەغدا و موسڵ و بەسرا بوون. دواتر ساڵی ١٩٥٨ عێراق ١٤ پارێزگای ھەبووە و دانیشتووانەکەشی ٨ ملیۆن کەس بوون، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو عێراق لە ١٨ پارێزگا پێک دەھات کە دانیشتوانەکەی ١٢ ملیۆن کەس بوون.
یەکینەی ئیداریی لەعێراق بەو شێوەیە دابەش کراون: گوند، ناحیە، قەزا، پارێزگا کە گەورەترین یەکینەی ئیدارییە.
پێشتر پارێزگاکانی عێراق بەپێی یاسای پێشووی پارێزگاکان لە ساڵی ١٩٦٩ زیادکراون، بڕگەیەکی تێدابوو رێگەی زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکانی داوە. ھەر لەو یاسایەدا ناوی یەکینە ئیدارییەکان لە ویلایەتەوە بۆ پارێزگا گۆڕا، بەڵام پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٨دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق ئەو یاسایەی پوچەڵ کردەوە.
وەزیری کاروباری پارێزگاکانی عێراق ئەوەش ئاشکرا دەکا کە ئەگەر ئەو بڕگەیەی ئەوان سەری بگرتایە و لە ئەنجومەنی نوێنەران رەزامەندیی لەسەر ھەبایە، ئێستا چەندین شاری گەورە لەعێراق دەبوون بە پارێزگا لەنێویاندا تەلەعفەر، دووزخورماتوو، چەمچەماڵ، لەگەڵ چەند پارێزگایەکی دیکە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
ئێستا بەھۆی گەورەبوون و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانەوە، ھەروەھا بەشێکیان بەھۆی ناکۆکیی پارێزگاکانەوە لەسەریان چەندین شاری گەورەی عێراق پاڵێوراون بۆ بوون بە پارێزگا لەوانە: زوبێر و قوڕنە لە بەسرا، دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر لە پارێزگای موسڵ، دووزخورماتوو لە سەڵاحەدین، دەبێ ببنە پارێزگا.
قەزاکانی سامەڕا و دوجێل، ھەروەھا قەزای ھەڵەبجەش وەکو رێزلێنانێک بۆ کارەساتی کیمیابارانکردنی. لەو شارانەن پاڵێوراون لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.
سەرۆکی لێژنەی ھەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق، محەمەد کیانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ تا ئێستا ھیچ پرۆژە یاسایەک بۆ زیادکردنی پارێزگاکانی عێراق نەھاتۆتە لێژنەکەی ئەوان.
کیانی لەو بارەیەوە گوتی:"تا ئێستا ھیچ یاسایەک لەعێراق نییە رێگە بەزیادکردنی ژمارەی پارێزگاکان بدا، زیادکردنی ژمارەی پارێزگاکان کێشە دروست دەکا بەھۆی دیارنەبوونی سنووری بەشێک لە پارێزگاکان و بوونی ناوچەی جێ ناکۆک لەعێراقدا."
کیانی لەبارەی بە پارێزگاکردنی قەزای ھەڵەبجە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مانگی حوزەیرانی ٢٠١٣ بڕیاری بە پارێزگاریکردنی دەرکرد گوتی: "حکومەتی ھەرێم ناتوانێ بڕیاری بەپارێزگاکردن دەربکا، ئەوە لە تایبەتمەندی حکومەتی ناوەندییە کە ئەویش دەبێ پاساوەکانی گونجاوبن."
د.تۆرھان موفتی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی عێراق، لە سەر ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی خۆی، جەختی لە پێویستیی زیادکردنی یەکینەی ئیداریی لەعێراق کردۆتەوە و شەش ھۆکار لەوانە رووبەری بەرفراوانی پارێزگایەک یان پارێزگاگەلێکی دیاریکراو، زۆری ژمارەی دانیشتوان بەچەشنێک تەقینەوەی دانیشتووانی ھەبێ، زەحمەتیی چاودێری ھونەریی پرۆژەکان، ناڕێکی و پەرتەوازەیی ئیداریی لە ھەندێ لەبەشەکانی پارێزگا، دروستکردنی رکابەریی لەنێوان پارێزگا نوێیەکان پاش ئەوەی پەراوێزخستن و دژایەتیکردن لە چوارچێوەی ھەمان پارێزگا ھەبوو، دابەشبوونی زیاتر ھاوسەنگی دانیشتوان.
دوای روخانی رژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣، کێشەی خاک لەعێراق سەریھەڵدا، موڵکدارێتی بەشێک لە خاکی پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا، سەڵاحەدین جێی ناکۆکیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندن، کێشەکانی نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و کەربەلا و سەڵاحەدین و کەرکوک و چەند پارێزگایەکیش لە باشووری عێراق بەو جۆرەن.
سەرکۆماری عێراق رۆژی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ پرۆژە یاسای سڕینەوەی گۆڕانکارییە نادپەروەرەکانی سنوورە ئیداریی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی دایە ئەنجومەنی نوێنەران.
دوای ساڵی٢٠٠٥ و چەسپاندنی فیدراڵییەت لەدەستووری ھەمیشەیی عێراق، داواکارییەکانی بە ھەرێمکردنی پارێزگاکان و دامەزراندنی ھەرێمی نوێ دیاردەیەکی دیکەیە لەسەر خاکی عێراق، خۆپیشاندانی سوننەکان لەشەش پارێزگا و خراپیی بارودۆخی ئەمنیی چەندین ناوچەش لەپاش ساڵی ٢٠١٠ەوە ئەوەی زەقتر کردەوە.
پێش نزیکەی ساڵێ سەرکردایەتیی گردبوونەوەی رێکخراوە سیاسییەکانی کلدانی سریانی ئاشووری لە عێراق کە ١٤ رێکخراو و لایەنی سیاسی بوون داوایەکیان پێشکەشی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق(کۆمار، وەزیران، پەرلەمان) کرد بۆ دامەزراندنی پارێزگایەک بۆ مەسیحییەکان لە پارێزگای نەینەوا، پاش بوونی ھەڕەشە و کوشتن و دەرکردنی مەسیحییەکانیان لەناوچەکانیان لەعێراق.
عێراق ئێستا سێ ھیندە لە ژمارەی دانیشتوانی لەچاو حەفتاکاندا زیادیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٣٨ ساڵ دەبێ ھیچ پارێزگایەکی نوێ لەو وڵاتە زیادی نەکردووە کە دانیشتووانەکەی خۆی لە ٣٦ ملیۆن کەس دەدا.