بەغدا
جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرپرسی مەلەفی نەوت و گاز حوسێن شەهرستانی خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر سەردانی بەرپرسانی توركیا بۆ عێراق دەربڕی و گوتی: "ئێمە وەكو عێراق سوورین لەسەر باشبوونی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ توركیا و وڵاتانی دراوسێ، رژێمی پێشوو قەیران و شەڕی لەگەڵ دراوسێكانمان دروستكرد، ئێمەش ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین ئەو هەڵانە راستبكەینەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی دوژمنایەتی و چاو لێك سووركردنەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكەینە پەیوەندی تۆكەمی ئابووری، كلتووری، شارستانی و كۆمەڵایەتی لەنێوان هەردوو وڵات."
شەهرستانی لەو دیدارە تایبەتیەكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵو (AA) جەختی لەوە كردەوە كە عێراق وەكو دراوسێیەكی گەورە سەیری توركیا دەكات كە پەیوەندی مێژوویی نێوانیان ھەیە، نەك بۆ چەند سەدەیەك، بەڵكو بەهەزاران ساڵ درێژ دەبێتەوە، پەیوەندی نێوانیشیان لەسەر بنەمای پەیوەندی لە بوارەكانی، ئابووری، رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و هەروەها پتەوكردنی پەیوەندی نێوان ەردوو گەلە. ئەركی هەردوو حكوومەتە ئەگەر لەلایەنێك ساردیەك هەبێ لە هۆكارەكەی بكۆڵنەوە و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
ئەو بەرپرسە عێراقیە رایگەیاند كە توركیا پێویستی بە سەرچاوەی وزەیە، چونكە لە رووی ئابوورییەوە گەورە دەبێت و بۆ ئەمەش پێویستی بە بڕی زیاتری نەوت و گاز دەبێ، بۆ ئەمەش سەیری وڵاتانی دراوسێی وەكو ئێران، عێراق و رووسیا دەكا تا پێداویستیەكانی بۆ دابین بكەن و ئەمەش شتێكی ئاسایی یە و عێراقیش لە حاڵی حاز وڵاتێكی سەرەكی بواری بەرهەمهێنانی نەوتە و لە دواڕۆژیش دەبێتە وڵاتێك كە گازی سروشتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكا. كەواتە بەرژەوەندی هەردوولا بەیەكەوە بەستراوە و ئێمە هوڵ دەدەین هەناردەی نەوت و غازی ئێستا و دواڕۆژ بۆ توركیا زیاتر بكەین.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا شەهرستانی ئاماژە بە هەوڵی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا كرد و گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی توركیا و كۆمپانیا توركیەكان بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و لەوێش بۆ بازاڕەكانی جیهان هەیە بەبێ ئاگاداربوون و رەزامەندی حكوومەتی بەغدا، ئەمەش نابێ چونكە یاسا و دەستوور دەڵێ نەوت و غاز لە عێراق بۆ هەمووانە، هیچ لایەك ناتوانێ بەتەنیا نەوت بەرخەم بهێنێ و رەوانەی دەرەوەی وڵاتی بكات."
بەرپرسی مەلەفی نەوت و گازی عێراق هەروەها گوتی: "لەگەڵ بەرپرسانی توركیا بەتایبەتی لەگەڵ تەنەر یڵدز وەزیری وزەی توركیا دووپاتمان كردەوە كە عێراق لاری نییە لە رەوانەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان بە رێگای توركیا، بەڵام ئەمە دەبێ بە ئاگاداری و رەزامەندی حكوومەتی ناوەندی بێ. كاتێك پرسیاریان لێكردین دەربارەی مەرجەكانی حكوومەتی عێراقی بۆ رەزامەندی دەربڕین؟ بە ساددەیی پێمان گووتن، سێ مەرجمان هەیە كە ناكرێ لەسەری دەستبەرداری بین. یەكەمیان: دەبێ بڕی نەوتی هەناردە دیاربێ، ناكرێ شتێك بفرۆشین كە بڕەكەی دیارنەبێ، چونكە كاتێك هەرێمی كوردستان داوای لێكردین بۆڕی هێڵی گواستنەوەی نەوت لەلای ئەوان بە بۆڕی هێڵی سەرەكی هەناردەكردنی نەوتی عێراق بۆ توركیا ببەسترێتەوە، یەكسەر پەسەندمان كرد، داوامان لێكردن بۆ دیاریكردنی بڕی هەناردەكرنی نەوت بۆڕیەكە بە وێستگەی دیاریكردنی هەناردەكردن ببەستنەوە ، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوە، بۆڕیەكانیان لە پشت وێستگەی دیاریكردنی بڕەكە بەستەوە، ئەمەش هەوڵێكە بۆ لەخشتەبردنی حكوومەتی عێراق. مەرجی دووەممان، فرۆشتنی نەوتە بە نرخی بازاڕەكانی جیهان، چونكە هیچ كەسێك لە عێراق مافی نیە بە ئارەزووی خۆی نرخی نەوت دیاری بكا. مەرجی سێیەمینیش، پەیوەستە بە داهاتەكان كە لە فرۆشتنی نەوت بەدەستدێت، كە دەبێ لە سندوقی گەشەپێدانی عێراق كە لە نیویۆركە هەڵبگیرێ، چونكە دەبێ عێراق لەو سندوقە قەرزەكانی كوەیت بداتەوە، كە لە ئەنجامی داگیركردنی ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەكانی سەدام حوسێن پێیگەیشتووە."
لە درێژەی قسەكانیدا سەربارەت بە رای لایەنی توركیا دەربارەی ئەو مەرجانە شەهرستانی گوتی:"دەنگدانەوەیەكی باشی لەلایەنی توركی هەبوو، پێیانگووتین ئەوە مافێكی رەوایە، هەوڵدەدەین بۆ بەرپرسانی هەرێم روونبكەینەوە، داوایان لێدەكەین بەو رێسایانە پابەندبن، لەمبارەیەشەوە بەرپرسانی هەرێم بە بەرپرسە توركەكانیان گوتووە كە ئەوان سەردانی بەغدا دەكەن بۆ ئەو مەسەلەیە و هێشتا ئێمە چاوەڕوانیان دەكەین."
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی لەهەرێمی كوردستان هەیە كە دەڵێ بەرپرسانی عێراق رێگایان نەداوە فڕۆكە تایبەتیەكان كە بەرپرسانی تورك بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازنەوە لە فرۆكەخانەكانی عێراق بنیشن، شەهرستانی گوتی: "من وەڵامی ئەو بانگەشانە نادەمەوە كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێن، چونكە سەرچاوە و ئامانجی زۆربەیان دیارنیوە. بەڵام من وەڵامی حكوومەتی عێراقی رووندەكەمەوە نەوەكو وەڵامی لێدوانی كەسێكی دیكە بدەمەوە، لەمبارەیەوە هەڵوێستی عێراق دیارە، هەر كەسێك دەخوازێ بە فەرمی بێتە عێراق دەبێت پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بكا، بۆ هیچ بەرپرسێك لە جیهان نییە سەردانی یەك پارێزگای عێراق بكا بەبێ پرسی بەغدا. هەمان شت دەربارەی سەردانی دوایی وەزیری وزەی توركیا بۆ عێراق، پێمان گون ئێمە سەرەتا لە بەغدا بەخێرهاتنتان دەكەین دواتر لە پارێزگاكانی دیكە، ئەوەش تایبەت نەبووە بە وەزیری وزەی توركیا، بەڵكو هەموو بەرپرسانی نا عێراقی دەگرێتەوە، ئەگەر بە مەرامێكی گەشتیاریش دێ هیچی تێدانیە لە باڵیۆزەكانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڤیزەی ئاسایی وەردەگرن و چۆن دەخوازن بەم شێوەیە لە عێراق دەسوڕێنەوە."
لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا شەهرستانی روونیكردەوە كە لایەنی توركیا خوازیارە هانی كاری كۆمپانیا توركیەكان لە عێراق بدات كە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای بیناسازی و وزەی كارەبا و نەوت و غازیان هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: " پێمان راگەیاند كە عێراق ئێستا پلانێكی هەیە بۆ زیاتركردنی بەرهەم و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی هەناردەكردنی دەرەوە، بۆ ئەوەی پشت بە لایەنێك نەبەستین و لەكاتی داخستنی دەروازەیەك دەروازەی دیكەمان هەبێ بۆ رەوانەكردنی نەوت. پلانێكمان هەیە بۆ ئەوەی ژمارەیەك بۆڕی نەوت بەرەو توركیا و سوریا دروست بكەین دوای ئەوەی لەوێ بارودۆخی ئەم وڵاتە ئاسایی دەبێتەوە، بە رێگایانەوە نەوت بۆ دەریای سپی بگوازینەوە، سەرچاوە نەوتیەكانمان لە باشوور و ناوەڕاست و باكوور بەیەكەوە ببەستینەوە، لەوێش كە بۆڕیەكی سەرەكی هەیە لە نەوتی بەسرە بۆ شارۆچكەی حەدیسە دەچێ، لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، ئێمە پێویستمان بە راكێشانی بۆڕیەكی دیكە بە درێژایی ١٤٠ كیلۆمەتر هەیە بۆ ئەوەی لە بێجی بگاتە بەندەری جیهانی توركی، بەرپرسە توركەكان لەوبارەیەوە پێیان گووتین كە كۆمپانیای تایبەتیان هەیە دەتوانن ئەو كارە بكەن، ئێمەش خۆشحاڵی خۆمان بەوە دەربڕی."
دەربارەی لێدوانەكانی ئەم دوایەی نێچیروان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كە تیایدا نیگەرانی خۆی لە لێدوانەكانی شەهرستانی دەربارەی قسەكانی دەربڕی كە دەڵێ حكوومەتی هەرێم نەوت دەدزێ و هەناردەی ناكات، شەهرستانی گوتی: " بێگومان ئەو نەوتەی لە عێراق دەردەكەوێت، بەبێ ئەوەی بە وێستگەی دیاریكردنی بڕ تیبپەڕێت، نا ئسولیە و بە دزین هەژمار دەكرێ، نەوت و غاز موڵكی گەلی عێراقە."
لەهەمان كات شەهرستانی خۆشحاڵی خۆی بە نیازی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەبارەی دانیشتنیان لەسەر مێزی گفتوگۆ لەسەر مەرجەكانی بەغدا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەربڕی بۆئەوەی ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن.
دەربارەی پارەی كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەر شانی ئەو لایەنەی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكان واژوو كردووە، دەبێت ئەوان بەندەكانی ئەو گرێبەستە جێبەجێ بكەن، چونكە تا ئێستا ئەو گرێبەستانە نیشانی عێراق نەدراون و رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕیووە، نازانین ئەو گرێبەستانە سوود بە عێراق دەگەینن یان نا وەكو دەستوور باسی دەكات، بۆیە ئێمە ناتوانین ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵگرین.
شەهرستانی هەروەها گوتی: " وەزارەتی نەوتی عێراقی گرێبەستی گەورەتر و گرنگتری هەیە لە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوبراویش پابەندە بە گرێبەستەكان و پارەی كۆمپانیاكان دەدات، هەروەها هەرێمی كوردستان بەشی عێراقی لە پارەی داهاتی نەوت نەداوە، لەهەمان كات داوای بەشێك لە داهاتی نەوت لە عێراق دەكات. لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ نەوتی عێراق سەدا ١٧ بۆ هەرێم تەرخانكراوە، بەرامبەر بەوەی رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل بداتە عێراق لە نەوتی خۆیان، بەڵام تا ئەمڕۆ كە لە رۆژانی كۆتایی ساڵی ٢٠١٣ داین یەك بەرمیلە نەوتیشمان وەرنەگرتووە."
لە كۆتایی قسەكانیدا شەهرستانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بەرپرسانی تورك بۆ عێراق دەربڕی و هیوای خواست بە كردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان لەنێوان هەردوو وڵات بهاوێژرێ.
جێگای ئاماژە پێكردنەوە هەندێك بەرپرسانی تورك لەم دواییە سەردانی عێراقیان كرد، ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لەسەرەتای مانگی رابردوو سەردانی بەغدای كرد. لەدوای ئەویش جەمیل چیچەك هاتە عێراق، هەرە دوایش بەر لە دوو هەفتە تەنەر یڵدز وەزیر سامانە سروشتیەكانی توركیا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق چۆنیەتی ئاساییكردنەوە و پێشكەوتنی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دوای ساردبوونەوەیەك كە دوو ساڵی خایاند، تاو و توێكرد.
چاوەڕێ دەكرێ نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەم مانگەدا سەردانی توركیا بكا و دوای ئەوەیش سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا دەكا.
news_share_descriptionsubscription_contact

