Heman Hussein Yaseen
15 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە ئامانج لە سەردانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان، تاوتوێکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای چاکسازییە بۆ ئەوەی کۆدەنگی لەسەر هەبێت و لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.
ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارە سبەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانی بکات و ئامانج لەم سەردانەش بۆ ئەوەیە کە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان وەربگیرێت تایبەت بۆ پڕۆژەیاسای چاکسازی و دەستووری هەرێمی کوردستان".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی لەبارەی هەڵوێستی بەرەی تورکمانی لەسەر هەریەک لە پڕۆژەیاسای چاکسازی و دەستووری هەرێمی کوردستان گوتی: "دەستوور پڕۆژەیەکی گرنگە بەتایبەت بۆ دیاریکردنی شێوازی حوکمڕانی و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ و لەم چوارچێوەیەشدا مافی پێکهاتەکان، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەستوورێکی مۆدێرن هەبێت زامنی مافی پێکهاتەکان بکات بەتایبەت تورکمان و مەسیحییەکان".
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "دەستوور رەهەندی نیشتمانیی و یاسایی تیادایە و لە رابردووشدا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتن بە رێککەوتن و ٨٣ ماددەی لە لایەن کۆمیسیۆنی دەستوور پەسەندکرابوو، پێویستبوو دواتر راپرسی لەسەری بکرێت، بەڵام رێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هۆکارێک بوو کە پڕۆژەکە بمێنێتەوە، بۆیە ئێستاش بۆ پەسەندکردن، پێویستی بە کۆدەنگی لایەنەکانی ناو پەرلەمان هەیە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لەبارەی هەڵوێستی بەرەی تورکمانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای چاکسازی گوتی: "پڕۆژەیاسای چاکسازی لایەنی مەعنەویی، ئیداری و نیشتمانیی تیادایە و لەم قۆناغەدا گرنگە کە سەرکەوتن بۆ پەرلەمان و حکوومەت هەبێت، چونکە ئەم پڕۆژەیاسایە گۆڕانکاری لە کۆمەڵێک شت دەکات، ئەو پڕۆژەیەی کە ئێستا لە حکوومەتە رەنگە هەندێک لە بڕگەکان گۆڕانکاری تیادا بکرێت، بەڵام بە گشتی وەک خۆیەتی و خزمەت بە هەرێمی کوردستان دەکات بە تایبەت لە سێکتەری دارایی، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم پڕۆژەیاسایە بەرلە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسەند بکرێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری لایەنە سیاسییەکان و هەڵبژاردن".